رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمڕۆ شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆژەی بودجە بچێتەوە بەغدا. بەگوێرەی ئەوەی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی نووسیوە، پێناچێت وەزیری دارایی لە شاندەکەدا بێت، هەرچەندە لە سەردانی رابردوودا ئەو سەرۆکی شاندەکە بوو.
شاندەکە لە د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هاوئاهەنگی و بەدواداچوون پێکدێت. هەروەها کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت لەگەڵ شاندەکە دەبێت و ئەگەر وەزیری دارایی نەچێت، ئەوا لە وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری بودجە و بەڕێوەبەری ژمێرکاری دەچنە پاڵ شاندەکە.
شاندی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرە کوردەکانی بەغدا کۆدەبێتەوە
شاندەکە ئەمڕۆ لەگەڵ وەزیرە کوردەکانی عێراق کۆدەبنەوە، رەنگە فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش ببینن، بەتایبەتی ئەندامانی لیژنەی دارایی و ئابووری.
بۆ ئەمڕۆ گرنگە کۆبوونەوەیەکی فراوان لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و پەرلەمانتارانی کورد رێکبخرێت.
شاندەکە رۆژی چوارشەممە، لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی و ئابووریی فیدراڵ کۆدەبنەوە و گفتوگۆی پشکی هەرێمی کوردستان دەکەن لە بودجەی 2027.
چوارشەممە رۆژێکی پڕ لە مشتومڕ و گەنگەشە دەبێت
چوارشەممە رۆژێکی پڕ لە مشتومڕ و گەنگەشە دەبێت، رۆژێکی کەمێک هەستیارە و رەنگە ماندووبوونێکی زۆری تێدابێت، چونکە ئەم کۆبوونەوەیە رەنگە دوایین کۆبوونەوەی گفتوگۆی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراق بێت لەبارەی بودجە، بەرلەوەی بچێتە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
بودجە لە ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری دەرچووە، بەڵام بە کۆمەڵێک تێبینییەوە. بەشێک لە تێبینییەکان هەرێمی کوردستان لەسەری هەن. تێبینییەکان لەلایەن د. خالید شوانی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە وەکالەت لە ئەنجوومەنەکە باسکراون. د. خالید تەنیا کوردە لەم کابینەیە کە ئەندامی ئەنجوومەنی وەزارییە، ئەوەش لەبەرئەوەی وەزیری کارە بە وەکالەت.
خالید شوانی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە، هەموو تێبینییەکانی هەرێمی کوردستانی گوتووە.
هێشتا پرۆژەی بودجە لای وەزیری دارایی عێراقە
ئەنجوومەنی وەزاری بە نووسراو پڕۆژەی بودجەیان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بەڵام هێشتا نەگەیشتووە. تاوەکو ئێستا پڕۆژەکە لەلای وەزیری دارایی عێراقە و لای خۆی گلی داوەتەوە، چاوەڕێی شاندی هەرێمی کوردستانە تاوەکو دوایین گفتوگۆی لەگەڵ بکەن، ئینجا بینێرێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پەسندکردن.
رەنگە بپرسن بۆچی وەزیری دارایی ئەم پڕۆژەیەی گلداوەتەوە و بۆچی چاوەڕێی هەرێمی کوردستانە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دوو سێ کۆبوونەوە لەمەوبەری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.
مەسروور بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ عەلی زەیدی قسەی کردووە
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە تەلەفۆن لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەی کردووە، گلەیی ئەوەی لێکردوون کاتێک بودجە ئامادە دەکەن، بەڵام هەرێمی کوردستان لە نێوەڕۆکەکەی ئاگادار نییە تاوەکو دەچێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر پەرلەمان.
مەسرور بارزانی بە عەلی زەیدی گوتووە، "کۆمەڵێک زانیاریی راست هەن، پێویستە ئێوە بیزانن بەرلەوەی بڕیار لە شایستەکانی هەرێمی کوردستان بدەن." لە وەڵامدا عەلی زەیدی گوتوویەتی، "تەواوە، فەرموون کەسێک بنێرن بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات وەکو نوێنەری هەرێمی کوردستان و چیتان هەیە بۆ وەزیرەکانی روون بکاتەوە".
ئامانج رەحیم لەسەر راسپاردەی مەسروور بارزانی بەشداری کۆبوونەوەی حکومەتی عێراقی کردووە.
ئامانج رەحیم بە داتا لە کۆبوونەوەی حکومەتی عێراق قسەی کردووە
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەڵبژاردووە بچێتە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و وەکو نێردەی هەرێمی کوردستان بەشداری بکات.
د. ئامانج لە کۆبوونەوەیەکدا بەشداریی کردووە و هەموو داتاکانی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق روونکردووەتەوە. لە ئەنجامدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە لە نووسینەوەی بودجەدا هەنگاو بە هەنگاو هەرێمی کوردستان ئاگادار بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هەموو وەزیرەکانی عێراق "بە سەرسامییەوە" گوێیان بۆ د. ئامانج گرتووە و هەندێکیان دوای تەواوبوونی داتاکانی، دەستخۆشییان لە وردیی داتاکان کردووە. هەروەها گوتوویانە، "یەکەمجارە ئەم راستییانە لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە دەزانین."
دەقە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی بودجەدا جێگیر نەکراون سبەی لەم کۆبوونەوەیەدا گەنگەشەی دەقە یاساییەکان دەکەن.
سبەی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان و وەزیری دارایی عێراق دەکرێت. هێشتا دەقە یاساییەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی بودجەدا جێگیر نەکراون. سبەی لەم کۆبوونەوەیەدا گەنگەشەی دەقە یاساییەکان دەکەن.
ئەم دەقە یاساییانە لە خشتەکانی بودجە گرنگترن. بودجە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت؛ بەشێکیان خشتەکان و ژمارەیە و بەشەکەی دیکەیان دەقە یاساییەکانە.
دەقە یاساییەکان بڕیار لەسەر خشتەکان دەدەن. ئەگەر ئەم دەقانە کێشەیان هەبێت، ژمارەکان هەرچەند بن، ئەوا زۆر بەهایان نابێت. بۆ نموونە، لە خشتەکاندا نووسرابێت 10 تریلیۆن دینار بۆ فڵان پڕۆژە خەرج دەکرێت، ئەگەر بە دەقی یاسایی کۆمەڵێک مەرجی بۆ دانرابێت، ئەوا خەرج ناکرێت.
سێ مادەی بودجە راستەوخۆ باسی هەرێمی کوردستان دەکەن
ئەوەی شاندی هەرێمی کوردستان سبەی گفتوگۆی لەسەر دەکات، پەیوەندیی بە سێ مادەوە هەیە کە لە بودجەی سێ ساڵییەکەدا مادەکانی 11 و 12 و 13 بوون. لەم بودجەیەشدا نێوەڕۆکی ئەم مادانە وەک خۆیان دانراونەتەوە.
مادەیەکیان پەیوەندیی بە داهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەیە؛ داهاتە نانەوتییەکان. مادەیەکی دیکەیان پەیوەندیی بە نەوتەوە هەیە؛ دەرهێنان و فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوت. بابەتێکی دیکە کە گەنگەشەی دەکەن، ئەو دوو وشەیەیە کە کێشەی گەورەن بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەش "ئینفاقی فیعلی"یە (خەرجیی راستەقینە).

