رووداو دیجیتاڵ
گۆڕینى بەهاى فەرمى دۆلار بەرامبەر بە دینار، خشتەى کارى کۆبوونەوەى پەرلەمانى عێراقى گۆڕى بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کاریگەرییەکانى ئەو بڕیارە، واژۆ بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکە کۆکرایەوە و بڕیاردرا وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى بانگهێشتى پەرلەمان بکرێن.
چوارشەممە 7ى تشرینى یەکەمى 2026، دواى دەستپێکردنى دانیشتنى پەرلەمانى عێراق، بە زۆرینەى دەنگ خشتەى کۆبوونەوەکە گۆڕدرا بۆ گفتوگۆکردن لەبارەى بڕیارى گۆڕینى بەهاى فەرمى دۆلار بەرامبەر بە دینار بۆ 150 هەزار دینار.
ئەو بڕیارەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 6ى تشرینى یەکەم بازاڕى ئاڵوگۆڕى دۆلارى لە عێراق و هەرێمى کوردستان شڵەژاند، بەهاى 100 دۆلار بۆ زیاتر لە 170 هەزار دینار بەرز بووەوە.
دۆلار دانیشتنى گۆڕى
ئەحمەد شەممەرى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بۆ گۆڕینى خشتەى دانیشتنەکە، زیاتر لە 60 واژۆى کۆکردەوە و پەرلەمان بڕیاری دا تاوتوێی بڕیارە نوێیەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی دەستکاریکردنی بەهای دۆلار بکات.
پۆڵا سیروان دێرەشەیی، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند: زۆرینەى پەرلەمانتارانى کورد پشتگیرى دانیشتنى تایبەتیان کرد بۆ تاوتوێکردنى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار.
دوو بەرپرس بانگهێشت دەکرێن
پەرلەمانتاران سۆزان دەڕاجى، لە هاوپەیمانى تەسمیم، ئەحمەد ساعیدى، لە هاوپەیمانى هێزەکانى دەوڵەتى نیشتمانى کە هەردووکیان شیعەن، واژۆیان بۆ بانگهێشتکردنى فالح سارى، وەزیرى دارایی و نزار ناسر، پارێزگارى بانکى ناوەندى کۆکردەوە، سەرۆکى پەرلەمانىش رەزامەندى دەربڕى، کە ئەو میواندارییە رۆژى پێنجشەممە 8ى تشرینى یەکەم بکرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە رووداوى گوت: "میوانداریکردنى وەزیرى دارایی و پارێزگارى بانکى ناوەندى بۆ ئەوەیە بزانرێت ئەو دۆخە چى لێدێت و پاساویان بۆ ئەو بڕیارە چییە".
واژۆ بۆ هەڵوەشاندنەوە
محەممەد هادى شەممەرى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، کە یەکێکە لە پەرلەمانتارە شیعەکان، واژۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکەى ئەنجوومەنى وەزیران کۆکردەوە بۆ گەڕاندنەوەى بەهاى دینار بەرامبەر بە دۆلار بۆ نرخی پێشووی، کە 1300 دینار بوو.
لە نووسراوەکەدا داوا کراوە پەلە نەکرێت لە جێبەجێکردنى بڕیارەکە بەهۆى کاریگەریى لەسەر بازاڕى نێوخۆیی و نرخى کاڵا، بەڵام عودەى عەواد، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەستەمە بتوانین بڕیارەکە رابگرین".
بە گوێرەی نووسراوێک کە رۆژی 6-10-2026 دەرچووە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا نرخی فەرمیی فرۆشتنی دۆلار دەستکاری بکات، کە لە ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
نرخە نوێیەکان بەمشێوەیە دیاریکراون:
کڕینی دۆلار لە وەزارەتى دارایی لەلایەن بانکی ناوەندی: 1,500 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,300 بوو).
فرۆشتن بۆ هاوردەکردن: 1,510 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,310 بوو).
فرۆشتن بە هاووڵاتییان: 1,520 دینار بۆ هەر دۆلارێک (پێشتر 1,320 دینار بوو).


.jpg&w=3840&q=75)