رووداو دیجیتاڵ
دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەینەوا، لەسەر فەرشی سووری 150 مەتری و بە بەشداریی ئەستێرە و سینەماکارانی عەرەب و عێراق لەنێو زانکۆی موسڵ دەستیپێکرد. لە فێستیڤاڵەکەدا سێ فیلمی کوردی بەشدارن.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 08-10-2026، لە شاری موسڵ دووەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی نەینەوا دەستیپێکرد و تاوەکو 10ـی مانگ بەردەوام دەبێت. لە کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، زیاتر لە 500 گەنج، ژن و پیاو ئامادەبوون و ئەکتەرە ناسراوەکانی سووریا و میسر پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
جینی ئیسبر، ئەکتەری سووری، لەبارەی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکەدا گوتی: "زۆر جوانە کە ئەو فێستیڤاڵە سینەماییە لە شارێکی ئاوا جوان کۆیکردینەتەوە، شارێک کە پڕ شارستانییەتە و پڕ مێژووە، بۆیە زۆر باش و جوانە کە داهێنان لەنێو شارستانییەتدا بکەین."
هەروەها مایی حەسەن، ئەکتەری میسری، رایگەیاند: "وڵاتێکی ئارام و زۆر جوانە، سوپاس بۆ خودا هاتم و دڵخۆشم، پێچەوانەی ئەوەم لێرە بینی کە پێشبینیم دەکرد."
فایز قەزەق، ئەکتەری سووری، ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە کە کتێب، میوزیک و تێگەیشتنمان داهێنا لەسەر ئاستی جیهان لە مێژوودا، لەم خاکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سووریا، لە عێراق، ئەمەی دەکرێت شتێکی زۆر باشە بۆ نەوەی تازە، دڵخۆشم و پیرۆزبایی لە گەنجانی عێراقی دەکەم."
بۆ ئەم خولەی فێستیڤاڵەکە 400 فیلم لە 65 وڵاتەوە پێشکێش کراون و لەنێویاندا 28 فیلم هەڵبژێردراون بۆ ئەوەی نمایش بکرێن و رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتەکان بکەن.
محەممەد مەهدی، سەرۆکی لیژنەی هەڵسەنگاندن و هەڵبژاردنی فیلمەکانی فێستیڤاڵەکە گوتی: "لە چوارچێوەی ئەو فیلمانەی هەڵبژێردراون، سێ فیلم هی شاری موسڵن و سێ فیلمیش لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارن کە تایبەتمەندیی زۆر باشیان تێدایە."
ئەمساڵ سەرۆکی فێستیڤاڵی فیلمی کازان لە رووسیا ئەندامێکی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی سینەمایی نەینەوایە. ئیحسان دەعدووش، ئەندامی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵەکە دەڵێت: "فیلمەکان لەسەر سێ بەش دابەشکراون، فیلمی درێژ، کورت و ئەنیمەیشن. هەوڵدەدەین دادپەروەربین لە هەڵبژاردنی فیلمەکان."
فێستیڤاڵەکە لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پاڵپشتی دەکرێت و جگە لە نمایشکردنی فیلم، چەندین نمایشی جلوبەرگ و چالاکیی هونەری لەخۆدەگرێت.
