رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ، رێگە نادەن هیچ بازرگانێک گۆڕینی بەهای دینار بۆ بەرژەوەندیی تایبەت بەکاربێنێت و کاڵاکان گران بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "هەر کەسێک یاری بە نرخ بکات یان کاڵا قۆڕخ بکات، رووبەڕووی یاسای دەکەینەوە."
محەممەد حەنوون، راوێژکاری وەزارەتی بازرگانیی عێراق، رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پاراستنی توانای کڕینی هاووڵاتییان و ئاسایشی خۆراک لە کارە لەپێشینەکانمانن؛" ئاماژەی بەوەشکرد: "وەزارەت توانای چاودێریکردنی بازاڕی هەیە و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوئاهەنگی دەکەین بۆ رێگریکردن لە هەر بەرزبوونەوەیەکی بێ پاساوی نرخ."
راوێژکارەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێت: "نابێت دابەزاندنی بەهای دینار ببێتە پاساو بۆ زیانگەیاندن بە بەکاربەران". محەممەد حەنوون گوتی: "وەزارەت وردبینی دەکات بۆ ئەوەی جیاوازی بکات لەنێوان ئەو زیادبوونەی کە بەهۆی تێچووی هاوردەکردن و گواستنەوەوە دروست دەبێت، لەگەڵ ئەو زیادبوونە دەستکردەی کە بازرگانان بۆ قازانجی نایاسایی دەیسەپێنن".
راوێژکارەکەی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی: "بەردەوام دەبین لە دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و ئارد بە شێوەیەکی رێکخراو، تاوەکو هاوسەنگیی بازاڕ بپارێزرێ؛ هەروەها کاری تیمی چاودێرییەکان چڕتر دەکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە قۆرخکاریی کاڵاکان بگرین".
وەزارەتی بازرگانیی عێراق دەڵێ: "سەرکەوتنی هەر هەنگاوێکی ئابووری تەنیا بە ئامانجە داراییەکان ناپێورێت بەڵکو دەبێت هاوسەنگی لەنێوان پێداویستییەکانی دەوڵەت و بژێویی خەڵکدا دروست بکات.
-X3.jpg&w=3840&q=75)
