رووداو دیجیتاڵ
دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە 30ـی ئەیلوول، چەکدارانی داعش هەوڵ دەدەن سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق وەربگرن. ئەندامێکی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "داعش ترسی لە فڕۆکە عێراقییەکان نییە". گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش بە رووداوی راگەیاند، دۆخەکە گۆڕاوە و ئێستا سیستمێکی بەرگریی بەهێز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوویان هەیە و هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی عێراق نییە.
مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "جموجووڵی چەکدارانی داعش لە سنووری داقووق و حەویجە زیادی کردووە و تەنانەت مەفرەزەشیان هەیە". بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، ئەو چەکدارانە کە بەشێکی زۆریان خەڵکی ناوچەکانی شەرگات و حەویجەن، کشانەوەی هێزە بیانییەکان بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی بە ئازادی بسووڕێنەوە.
"ترسی داعش لە فڕۆکە بێدەنگەکان"
مازن غەریب گوتی: "چەکدارانی داعش تەنیا ترسیان لە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و فەرەنسا هەبوو، چونکە ئەو فڕۆکانە زۆر بەرز دەبنەوە و بێدەنگن، بەڵام فڕۆکە عێراقییەکان چونکە نزم دەفڕن و دەنگیان هەیە، چەکدارەکان بە ئاسانی هەستیان پێدەکەن و خۆیان حەشار دەدەن."
مازن غەریب دەڵێ: "کێشەی سەرەکیی پارێزگای کەرکووک بوونی بۆشایی ئەمنییە لەنێوان سوپا و پێشمەرگە. لە ناوچەکانی سەرگەڕان، داقووق و خورماتوو، بۆشاییەک بە درێژایی 170 کیلۆمەتر و پانی 8 تاوەکو 10 کیلۆمەتر هەیە، بەهۆی بوونی قامیشەڵان و دۆڵ، چەکدارەکان و تەنانەت تاوانبارانی هەڵاتووش کە تاوانی گەورەیان ئەنجامداوە ئەو شوێنانە بۆ خۆحەشاردان بەکاردەهێنن."
رووبەڕووبوونەوە لە حەویجە
سەعدوون ئەحمەد، قایمقامی حەویجە، رۆژی شەممە، 10ـی تشرینی یەکەمی2026، بە رووداوی راگەیاند: "پێش سێ رۆژ لە گوندی بورغیلیەی قەزاکە رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و داعش روویدا، بەڵام ئێستا دۆخەکە جێگیرە"؛ گوتیشی: "ناوچەکە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و نزیکی لە رووباری، کەمێک سەختە، بەڵام سوپا و پۆلیسی فیدراڵی و حەشد کۆنترۆڵیان کردووە."
رۆژی دووشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی2026 لە سنووری حەویجە لە گوندی بورغیلیە چەند چەکدارێکی نەناسراو پەلاماری خاڵێکی پشکنینی فەوجی سێی لیوای 9ـی پۆلیسی فیدراڵی دا، لە ئەنجامدا سەربازێک کوژرا و سێی دیکەیش بریندارن.
هێرشەکە بە نیشانەشکێن کرا، پۆلیسێک بە ناوی بەکر ماجد محەممەد بریندار بوو و دوای ئەوەی گەیێندرایە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
هاوئاهەنگیی هەرێمی کوردستان و عێراق
هاوکات لیوا عەبدولستار زێباری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە بەردەوامی پشکنین بۆ ئەو ناوچانە دەکرێ کە بۆشایی ئەمنییان هەیە. ئێستا هێڵی بۆشایی ئەمنیی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، نەخشەکە گۆڕاوە، رووبەرەکە بچووک بووەتەوە، چونکە هێزەکان زیاتر چوونەتە پێش؛ هەربۆیە هیچ مەترسیییەک لە ئارادا نییە".
لیوا عەبدولستار زێباری گوتی: "هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق، ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە بەردەوامی لەسەر هێڵن و لە ئامادەیی تەواودان. دوێنێ هەینی9ـی تشرینی یەکەم، دوایین کێوماڵی ناوچەکە کرا و هیچ شتێک نەبوو کە جێگەی مەترسی بێت".
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق گوتی: "هاوئاهەنگییەکی باش لەگەڵ لایەنی عێراقی هەیە. خاڵی هاوبەشمان هەیە و هەواڵگرییەکی زۆر بەهێز هەیە".
هەروەها لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "ئەوەی لە ساڵی 2014 روویدا ئەستەمە دووبارە ببێتەوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا سیستمێکی بەرگریی بەهێز و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوویان هەیە و هیچ مەترسییەک لەسەر ئاسایشی نیشتمانی نییە.
گوتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگریی عێراق گوتیشی: "لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە لە ئامادەیی تەواوداین. پەیوەندییمان زۆر باشە؛ هاوئاهەنگییەکی تەواومان هەیە".

