رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی محەممەد سەمعان، پارێزگاری کەرکووک، بڕیاریدا دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت لەپێناو وەرگرتنی پۆستێکی وەزاری لە حکومەتی فیدراڵی، ململانێ لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک لەنێوان باڵە جیاوازەکانی تورکمان دا دروست بووە. بەرەی تورکمانی ئەو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت، بەڵام دیاریکردنی بەربژێرەکەیان ناڕەزایەتیی تورکمانە شیعەکانی لێکەوتووەتەوە.
محەممەد سەمعان ئاغا، پارێزگاری کەرکووک، لە حکومەتەکەی عەلی زەیدی پۆستی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری دەرەوە وەردەگرێت. هەرچەندە بڕیار بوو رێبوار تەها بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوەببات، بەڵام بەرەی تورکمانی رێگەیان بەوە نەداوە.
بەرەی تورکمانی دەڵێت، بۆ سێ مانگی داهاتوو پۆستی پارێزگار پشکی ئەوانە و سێ بەربژێریان دیاری کردووە و بە مافێکی نەتەوەیی خۆیانی دەزانن.
سەوسەن جەدووع، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی رایگەیاند، "ماوەکەی ئێمە مانگەکانی 10، 11 و 12ـە و رەنگە تاوەکو مانگی سێی ساڵی داهاتووش بەردەوام بێت. دوای دەنگدان لەسەر وەزیرەکان، یەکسەر دەنگ لەسەر ئەم مافەی تورکمان دەدەین و چەند بەربژێرێکمان هەیە".
بەپێی زانیارییەکان، ئەگەرێکی زۆر هەیە قەحتان وەنداوی، بەرپرسی لقی کەرکووکی بەرەی تورکمانی، بکرێتە پارێزگار، ئەمەش ناڕەزایەتیی لایەنی تورکمانی شیعەی لێکەوتووەتەوە.
ئەمیر ئاوچی، سەرۆکی پارتی تورکمانی میلـلی دەڵێت، "ئەمە مافێکی نەتەوەییە و دەبێت پارێزگار تورکمان بێت. ئێمەش بەربژێرمان هەیە و برایانی کورد و عەرەبیش رازین. هیوادارین تورکمان ئەم ماوەیەی خۆی تەواو بکات و دواتر پۆستەکە رادەستی عەرەب بکاتەوە".
بەپێی رێککەوتنی هۆتێل رەشید، تاوەکو 1ی کانوونی دووەمی 2027، پۆستی پارێزگاری کەرکووک لای تورکمان دەبێت. دوای ئەو رێککەوتە، پۆستەکە دەدرێتە عەرەب و جێگری یەکەمی پارێزگار بۆ تورکمان و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاش بۆ کورد دەبێت.
