رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێ، عێراق پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەستپێکردووە بۆ پەرەپێدانی پێشنیازی (6+2)، کە هەریەکە لە شەش وڵاتەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، عێراق و ئێران لەخۆدەگرێ، ئەوەش بە ئامانجی بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە.
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە ( 27ی تشرینی یەکەمی 2026) لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمێکی یەکێتیی ئەورووپادا بە بۆنەی هاوبەشی و دۆستایەتی لەگەڵ عێراق لە بەغدا ئاماژەی بەوە کرد: "عێراق و ناوچەکە رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە بوونەتەوە و هێشتا سێبەری شەڕ بەسەر ناوچەکەدا باڵیکێشاوە، ئەمەش پێویستی بە کاری پێکەوەییە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هەرێمی و گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری."
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەکرد کە بەغدا پێش چەند رۆژێک بیرۆکەی کۆبوونەوەی بە شێوازی (6+2) خستووەتەڕوو کە وڵاتانی کەنداو، عێراق و ئێران کۆدەکاتەوە و گوتیشی: "پەیوەندیی بەردەواممان لەگەڵ زۆربەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە هەیە بۆ گەڵاڵەکردنی ئەم بیرۆکەیە."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە دا کە چەمکی ئاسایشی هەرێمی بە مانای کارکردن بە دابڕاوی لە ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا نییە، چونکە بەدیهێنانی ئارامی رەهەندی نێودەوڵەتی دەوێت؛ هەروەها باسی لەوە کرد کە ئاسایش و ئابووری پێکەوە گرێدراون و ناکرێت بەبێ ئاسایش ئابووری دروست بکرێت.
سەبارەت بە دیدگای ئابووری، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی کە عێراق چاوی لە سوودوەرگرتنە لە ئەزموونی ئەورووپا بۆ گەیشتن بە بازاڕێکی ئابووریی هاوبەش و بەدیهێنانی تەواوکاری لەنێوان عێراق، تورکیا، ئێران، سووریا و وڵاتانی کەنداو، بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی سامانی نەوت، گاز، سەرچاوەکانی ئاو و کشتوکاڵ کە دەتوانن تەواوکەری یەکدیین.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لە مێژووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا و رێککەوتنی هاوبەشی نێوانیان کرد، هاوکات ستایشی رۆڵی ئەورووپا و ناتۆی کرد لە پشتیوانیکردنی عێراق لە شەڕی دژی داعش و رۆڵی کۆمپانیا ئەورووپییەکان لە ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی ئابووریی عێراق.


