رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 27ی تشرینی یەکەمی 2026، بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران 25ەمین کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی کرد و کۆمەڵێک بڕیار و رێنمایی لە کەرتی پەروەردە، باج، نەوت، ژینگە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان پەسند کرد.
خولی سێیەمی تاقیکردنەوە
بۆ رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەو قوتابیانەی دەرنەچوون، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بۆ قۆناخە کۆتاییەکان.
بڕیارەکە دەرنەچووانی خولی دووەم لە قۆناخەکانی شەشی سەرەتایی، سێی ناوەندی و پۆلی دوازدەی ئامادەیی (شەشەمی ئامادەیی) دەگرێتەوە، بە قوتابیانی دەرەکی و خوێندنی ئێوارانیشەوە.
بەپێی بڕیارەکە، وەزارەتی پەروەردە بۆ هەر وانەیەک بڕی 25 هەزار دینار لە خوێندکار وەردەگرێ، داهاتەکەش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان دەبێت بۆ دابینکردنی خەرجی و پێداویستییەکانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان.
ئەمشەو 27ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازی وەزیری پەروەردە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکانی خولی سێیەم بۆ ساڵی خوێندنی 2025–2026.
چیمەن حوسێن سوورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان پێشتر داوای بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی کردبوو، ئەوەش بە رەچاکردنی دۆخی ئەمنی عێراق و گوزەرانی خێزانی قوتابیان، بەڵام ئەوە پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، وەزیری پەروەردەی عێراق ئەو پرسەی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئەمشەو داواکارییەکە پەسندکرا.
سەبارەت بە وادەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی، هێشتا هیچ وادەیەک دیارینەکراوە، دواتر وەزارەتی پەروەردە وادە و رێنماییەکانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بڵاودەکاتەوە.
لێخۆشبوون لە باجی زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان
ئەنجوومەنەکە بڕیاری ژمارە (336ی ساڵی 2026)ی هەموار کردەوە، بە جۆرێک وەزارەتی دارایی 100%ی سوود و پێبژاردنی دواکەوتنی کەڵەکەبووی سەر زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە ئەهلییەکان دەبەخشێت ئەگەر لە 6 مانگ لە دەرچوونی ئەم بڕیارەدا باجەکە بدەن، هەروەها 50%ی پێبژاردنەکە دەبەخشرێ، ئەگەر لە ماوەی 6 مانگی دواتردا پارەکە بدەن.
ئاسانکاری بۆ هاوردەکردنی رۆنی بزوێنەر و بەرهەمە نەوتییەکان
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیاری ژمارە (555ی ساڵی 2025) و هەموارکردنی رێنماییەکانی ژمارە (1ی ساڵی 2013)ی وەزارەتی نەوت دا بە مەبەستی ئاسانکاریکردن لە جێبەجێکردنی یاسای هاوردە و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان. بەپێی بڕیارەکە، هاوردەکردنی سەرجەم جۆرەکانی رۆنی بزوێنەر و گریس تەنیا لە رێگەی وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی نەوتەوە دەبێت و پێویستی بە دەرکردنی مۆڵەتی هاوردەکردن نابێت.
هەروەها بڕیاردرا بە زیادکردنی چالاکیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بۆ هاوکاریکردنی کۆمپانیای گشتیی پڕکردنەوە و خزمەتگوزاریی گاز لە کاتی قەیران و بۆنە ئایینییەکاندا، بە ئامانجی زیادکردنی خاڵەکانی دابەشکردن.
لابردنی سەرپێچیی ژینگەیی لە بەغدا
بڕیاری لابردنی کۆگەیەکی پەستانی پاشماوە و زێدەڕۆیی سەر پارچە زەوییەکی سەر بە وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی کەرخی بەغدا پەسند کرد، بەهۆی نەبوونی مۆڵەت و رەزامەندیی ژینگەیی پێویست.
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
پڕۆژەیاسای پەیوەستبوونی عێراقی بە پەیماننامەی دۆستایەتی و هاوکاریی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا (ئاسیان / TAC) پەسند کرد و بە مەبەستی تەواوکردنی رێکارە دەستوورییەکان رەوانەی پەرلەمانی کرد.


