رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە رەزامەندی دەربڕی لەسەر تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بۆ قوتابییانی قۆناخە کۆتاییەکان.
ئەمشەو 27ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر پێشنیازی وەزیری پەروەردە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەی خولی سێیەم بۆ ساڵی خوێندنی 2025–2026.
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەم بڕیارە قوتابییانی قۆناخەکانی شەشی سەرەتایی، سێیەمی ناوەندی و پۆلی دوازدەی ئامادەیی (شەشەمی ئامادەیی) بە سەرجەم بەشەکانیەوە دەگرێتەوە.
چیمەن حوسێن سوورچی، ئەندامی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان داوای بەڕێوەچوونی خولی سێیەمی کردبوو، ئەوەش بە رەچاوکردنی دۆخی ئەمنی عێراق و گوزەرانی خێزانی قوتابیان، بەڵام پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بوو، وەزیری پەروەردەی عێراق ئەو پرسەی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کرد و ئەمشەو داواکارییەکە پەسندکرا.
سەبارەت بە وادەی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان، ئەندامەکەی لیژنەی پەروەردە گوتی، هێشتا هیچ وادەیەک دیارینەکراوە، دواتر وەزارەتی پەروەردە وادە و رێنماییەکانی بەڕێوەچوونی تاقیکردنەوەکان بڵاودەکاتەوە.


