رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 69ـەمین دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، دەنگدانی لەسەر جێگر و ئەندامانی لیژنە هەمیشەییەکان تەواو کرد، هاوکات حەوت گوندی سنووری قەزای رەبیعەی وەک گوندی "وێرانە" ناساند بەهۆی ئەو زیانانەی لە شەڕی داعشدا پێیانگەیشتبوو.
دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی د. ئەحمەد حاسود، سەرۆکی ئەنجوومەن و بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامان بەڕێوەچوو. تێیدا پێکهاتەی لیژنەکان پەسندکران دوای ئەوەی لە دانیشتنەکانی پێشوودا تەنیا سەرۆکی لیژنەکان هەڵبژێردرابوون.
پشکی کورد لە لیژنەکانی ئەنجوومەنی نەینەوا
پارتی دیموکراتی کوردستان: سەرۆکایەتیی سێ لیژنەی یەکلابووەتەوە کە بریتین لە لیژنەکانی پەیوەندییەکان و هاوئاهەنگیی دامەزراوەیی (ئەحمەد کیکی)، رێگەوبان و پردەکان (جەمال خدر) و رێکخستنی شارنشینی و بەکارهێنانی زەوی (ئێریڤان مەهدی).
د. ئەحمەد دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی بە رووداوی راگەیاند، هێشتا سێ لیژنە (وەبەرهێنان، وەرزش و لاوان، کارەبا) سەرۆکەکانیان یەکلانەکراونەتەوە و بەپێی رێککەوتنەکان، سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان بۆ پارتی دەبێت و خۆی بەربژێرە بۆ ئەو پۆستە، بەوەش پشکی پارتی دەبێتە چوار سەرۆک لیژنە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: سەرۆکایەتیی دوو لیژنەی پێدراوە کە بریتین لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری (محەممەد جاسم کاکەیی) و لیژنەی رۆشنبیری، گەشتوگوزار و شوێنەوار (ویسام سالم سەلیم).
محەممەد جاسم کاکەیی بە رووداوی راگەیاند، جگە لە سەرۆکایەتیی لیژنەی ئاسایش، وەک جێگری سەرۆکی لیژنەی رێگەوبان و ئەندامی هەردوو لیژنەی یاسایی و دارایی دیاریکراوە.
پێکهاتەی سەرەکیی چەند لیژنەیەکی گرنگ بە دەنگدانی ئەنجوومەن:
لیژنەی ئاسایش و بەرگری: محەممەد کاکەیی (یەکێتی) سەرۆک، موهەنەد جبووری جێگر، ئەندامان: لەیال بەیاتی، سەعدوون شەممەری، عیدان شێخ کالۆ.
لیژنەی یاسایی: د. سەعدوون شەممەری سەرۆک، موعاز حەجی عەباس جێگر، ئەندامان: ئەحمەد دووبەردانی (پارتی)، محەممەد کاکەیی (یەکێتی)، نادیە جبووری.
لیژنەی دارایی و ئابووری: محەممەد عارف سەرۆک، ئەحمەد کیکی (پارتی) جێگر، محەممەد کاکەیی (یەکێتی) ئەندام.
لیژنەی رێگەوبان و پردەکان: جەمال خدر (پارتی) سەرۆک، محەممەد کاکەیی (یەکێتی) جێگر، حەسان عەباسی ئەندام.
لیژنەی پەیوەندییەکان: ئەحمەد کیکی (پارتی) سەرۆک، محەممەد هورەیس جێگر، ئەندامان: موهەنەد جبووری، ویسام سالم (یەکێتی)، عەبدوڵڵا نوجەیفی.
لیژنەی دەستپاکی و شەفافییەت: عەبدوڵڵا نوجەیفی سەرۆک، مەروان تائی جێگر، ئەندامان: ئەحمەد کیکی (پارتی)، محەممەد هورەیس، سەعدوون شەممەری.
ناساندنی حەوت گوند وەک ناوچەی "وێرانە"
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دا حەوت گوندی سنووری قەزای رەبیعە وەک گوندی "وێرانە" بناسێنێت، کە بریتین لە گوندەکانی: (مەحموودییە، سعوودیە، قاهیرە، جەدرییە، سەفییە، شێخان و کێرلاوەند).
بڕیارەکە لەسەر داوای د. سەعدوون شەممەری، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەسند کرا، ئەوەش بە مەبەستی قەرەبووکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەیان دوای ئەو وێرانکارییە گەورەیەی لە کاتی داگیرکاریی داعشدا بەر ژێرخان و ماڵی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کەوتبوو.
.webp&w=3840&q=75)