رووداو دیجیتاڵ
دەستەی نیشتمانیی عێراق بۆ چاودێریی ئەتۆمی دەڵێ، لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەهۆی دووری، ئاراستەی با و بەربەستی سرووشتیی چیاکانی زاگرۆسەوە، مەترسیی دزەکردنی تیشکی زیانبەخش بۆ سەر عێراق زۆر کەم و سنووردار دەبێت.
ئەحمەد خزەیر کازم، گوتەبێژی دەستەی نیشتمانیی عێراق بۆ چاودێریی ئەتۆمی بە رووداوی راگەیاند، چەند فاکتەرێکی سرووشتی و جوگرافی هەن کە وادەکەن عێراق لە کاریگەریی تۆزی تیشکدەر لە ئەگەری بەئامانجگرتنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران پارێزراو بێت.
گوتەبێژی دەستەکە ئاماژەی بەوە کرد، یەکەم هۆکاری سەرەکی بریتییە لە دووریی شوێنی بنکە ئەتۆمییەکان لە سنوورەکانی عێراق، وەک چیای قوڵنگ کە زیاتر لە 700 کیلۆمەتر لە سنووری رۆژهەڵاتی عێراقەوە دوورە، هەروەها وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهریش زیاتر لە 400 کیلۆمەتر دوورە، لە کاتێکدا 60 بۆ 100 کیلۆمەتر بەسە بۆئەوەی کاریگەریی گەردیلە تیشکدەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزێ.
سەبارەت بە کەشوهەواش، ئەحمەد خزەیر روونیکردەوە کە لە وەرزی پاییزدا ئاراستەی با لە عێراق زۆربەی کات باکووری - رۆژئاواییە، بەو پێیەش ئاراستەی باکە لە عێراقەوە بەرەو ئێرانە و هەر تەنۆلکەیەکی تیشکدەر لە خاکی عێراق دوور دەخاتەوە نەوەک بە پێچەوانەوە.
لەبارەی فاکتەری جوگرافیش گوتی: "زنجیرە چیای زاگرۆس کە بە درێژایی سنووری عێراق و ئێران درێژ بوونەتەوە، وەک بەربەستێکی سرووشتیی گەورە کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی خێرایی با و وا دەکەن زۆربەی تۆز و پاشماوە تیشکدەرەکان لە دیوی خاکی ئێران بکەونە خوارەوە."
گوتەبێژی دەستەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوە تیشکدەرەکان دڵنیایی دا لەوەی سەرەڕای هۆکارە دڵنیاییکەرەوەکان، عێراق هەموو ئامادەکارییەکی بۆ هەر دخۆی لەناکاو کردووە و لە ژووری ئۆپەراسیۆنە ناوەندییەکانی فریاگوزاریی تیشکی و ئەتۆمیدا، بە بەشداریی چەندین وەزارەت و تەواوی دامەزراوە ئەمنییەکان، سیناریۆ و پلانەکان تاوتوێ کراون.
ئەحمەد خزەیر باسی لەوەش کرد کە تۆڕێکی پێشکەوتووی چاودێریی تیشکدانەوە وەک سیستمی "هۆشداریی پێشوەختە" لە سەرجەم پارێزگاکانی سنووری رۆژهەڵاتی عێراق جێگیرکراوە، جگە لە هەبوونی تیم و سیستمی گەڕۆک، کە بەردەوام ئاستی تیشکدانەوە دەپێون و هەر گۆڕانکاری یان پیسبوونێکی نائاسایی لە کاتی خۆیدا ئاشکرا دەکەن.

