رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، پارچە زەوییەکی 400 دۆنمی دەوڵەت بە نرخێکی زۆر هەرزان فرۆشراوە و بەوەش زیاتر لە 18 ملیار دینار زیان بە سامانی گشتی گەیشتووە.
رۆژی یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی2026، دەستەی دەستپاکیی عێراق بڵاویکردەوە: "تیمێکی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی ئەنبار بەدواداچوونی بۆ مامەڵەی فرۆشتنی زەوییەکی تاپۆ کرد کە دەکەوێتە نزیک سەنتەری شاری رومادی. لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە ئەو زەوییە بەپێچەوانەی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکەکانی دەوڵەت (یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2013) فرۆشراوە."
بە گوێرەی دەستپاکیی عێراق، هەر دۆنمێکی ئەو زەوییە بە 7 ملیۆن و 250 هەزار دینار خەمڵێندراوە، لە کاتێکدا بەپێی رێنماییەکان دەبوو نرخەکەی 28 ملیۆن دینار بێت. بەڵام دوای ئەوەی تیمەکانی دەستپاکی سەردانی نووسینگەکانی خانوبەرەیان لە شاری روومادی کرد، بۆیان دەرکەوت کە نرخی راستەقینەی هەر دۆنمێک لەو ناوچەیە لەنێوان 50 بۆ 60 ملیۆن دیناردایە.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژە بەوە دەکات: "نرخی راستەقینەی ئەو 400 دۆنمە دەگاتە 20 ملیار دینار، بەڵام چونکە بە نرخێکی زۆر کەم فرۆشراوە، بڕی 18 ملیار و 433 ملیۆن و 200 هەزار دینار لە داهاتی دەوڵەت فەوتاوە."
دادوەری لێکۆڵینەوەی ئەنبار بڕیاری داوە بە بەردەوامبوون لە لێکۆڵینەوە تاوەکو هەموو ئەو کەسانەی لەم 'فێڵە"دا دەستیان هەبووە، رەوانەی دادگە بکرێن.

