رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکانی عێراق ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی نوێ دەکات بۆ چارەسەرکردن و ریسایکلکردنی رۆنی بەکارهاتوو؛ بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازییە هایدرۆلیکییەکانیش دەڵێت، ئامانج لێی پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە هاوردەکردن.
ئەندازیار ئەحمەد جەمیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی پیشەسازییە هایدرۆلیکییەکان سەر بە وەزارەتی پیشەسازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکەمان لە هەوڵی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی تایبەتدایە بۆ ریسایکلکردن و پاڵاوتنی ئەو رۆنانەی کە پێشتر بەکارهاتوون، بە مەبەستی گۆڕینیان بۆ جۆرە جیاوازەکانی رۆنی شیاو بۆ بەکارهێنانەوە لە رێگەی بەکارهێنانی توانستە تەکنیکییەکانی نێوخۆی کۆمپانیاکەمان."
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کرد، بۆ داڕشتنی توێژینەوەی زانستی و دیاریکردنی وردەکارییەکان، لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزایان و پسپۆڕانی بوارەکە کۆبوونەتەوە تاوەکو لایەنە ئەندازیاری و ژینگەییەکانی پڕۆژەکە پەسند بکرێن.
ئەحمەد جەمیل دەڵێت: "لێکۆڵینەوەکان تەنیا بۆ چارەسەرکردنی رۆنە سووتاوەکان نییە، بەڵکو کار لەسەر ئەوەش دەکرێت کە تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنان و ئامێرەکانیش لەنێوخۆی وڵاتدا دروستبکرێن؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بەرەو خۆماڵیکردنی تەکنەلۆژیا و رێگری لە چوونەدەرەوەی دراوی بیانی بۆ کڕینی ئامێری دەرەکی."
سەبارەت بە لایەنی ژینگەیی و ئابووریی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای پیشەسازییە هایدرۆلیکییەکان روونیکردەوە کە فڕێدانی رۆنی سووتاو زیانی گەورە بە خاک و ئاوی ژێرزەوی دەگەیێنێت، لە کاتێکدا بەم پرۆسەیە پاشماوەکان دەکرێنە سەرچاوەیەکی نوێی داهات و تێچووی بەرهەمهێنانی رۆن لەنێوخۆدا دادەبەزێنن.
لەبارەی کاتی جێبەجێکردنیشی، ئەحمەد جەمیل باسی لەوە کرد کە هەنگاونان بەرەو قۆناخی دەستپێکردنی کارەکە بەندە بە تەواوبوونی لێکۆڵینەوە تەکنیکی و ئابوورییەکان و دیاریکردنی توانای کۆتایی بەرهەمهێنانی رۆژانە، بۆ ئەوەی بە فەرمی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

