رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە نووسراوێکی بەپەلە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکات، بودجەی فریاکەوتن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری پارێزگای هەولێر تەرخان بکرێت و شاندێکی وەزارییش بۆ خەمڵاندنی زیانەکان رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی کە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ئاراستەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە، داوا کراوە قوربانییان و زیانلێکەوتووانی ئەو شەپۆلە لافاوە قەرەبوو بکرێنەوە، کە بەهۆی بارانی بەخوڕەوە پارێزگای هەولێری گرتەوە و زیانی گەورەی گیانی و مادیی بە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی گەیاند.
لە نووسراوەکەدا فراکسیۆنی پارتی داوایکردووە، شاندێکی وەزاریی تایبەتمەند لە بەغداوە رەوانەی هەولێر بکرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوەندی نیشتمانیی بەڕێوەبردنی قەیران و کارەساتەکان لە وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ هەماهەنگی بکات.
ئامانج لە ناردنی ئەو شاندە وەک لە داواکارییەکەی فراکسیۆنی پارتیدا هاتووە، "ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی گشتگیرە بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان و گرتنەبەری رێکاری پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مافی زیانلێکەوتووان و قەرەبووکردنەوەیان."
بەشێکی دیکەی داواکارییەکەی فراکسیۆنی پارتی تایبەتە بە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی خێرا؛ لەو چوارچێوەیەدا جەختی لەسەر پێویستیی تەرخانکردنی هاوکارییەکی دارایی بەپەلە لە "بودجەی فریاکەوتن" کردووەتەوە، بەمەبەستی دابینکردنی پشتیوانیی خێرا بۆ لێقەوماوان و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانیان لەو کارەساتە مرۆییەدا.
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوەیان لە چوارچێوەی پەرۆشییانە بۆ بەدواداچوونی دۆخی هاونیشتمانییان و کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان و دابینکردنی پشتیوانیی پێویست لە کاتی روودانی دۆخی نائاساییدا.
نووسراوەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق:


