رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی گازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لەسەر داواکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە 9-11-2026،سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ رەزامەندیی دەربڕی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راسپارد، بۆ ئەوەی بڕی پێویستی گازی شل بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە."
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دڵنیایی دەداتە هاونیشتمانیان کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی لەم ماوەیەدا و تاوەکو گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی گازی کۆرمۆر بۆ دۆخی ئاسایی خۆی، هیچ کێشە و کەموکوڕییەک لە گازی ماڵاندا دروست نەبێت.
شەوی رابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەهۆیەوە بەرهەمهێنانی گاز لە پڕۆژەکە راگیرا کە سەرچاوەی سەرەکیی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستانە.
دوای هێرشەکە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند: "کاژێر 11:00ی شەو لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی کۆرمۆر هێرشی کرایە سەر، هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی کارەبا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هێرشە تیرۆریستییەکە کەمترین کاریگەریی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبێت لەسەر هاوبەشانی کارەبا و بە زووترین کات بارودۆخی کارەبا ئاسایی بێتەوە".
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە شارەدێی قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی و هاوبەشەکانییەوە بەڕێوەدەبردرێت. ئەم کێڵگەیە سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی گازی سرووشتییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، کە زۆربەی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکەن.



