رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەی
ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان هەولێر و بەغدا رێگەی چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکانی وەک هەناردەکردنی نەوت، مووچە و داهاتە،
هاوکات ستایشی هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی
زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی کرد.
باراک لە پەیامێکدا لە
تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بە ئاماژەدان بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکوەزیرانی
هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا، نووسیویەتی: "گفتوگۆی
راستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر رێگەی چارەسەرکردنی پرسە سەختەکانە؛ لەوانەش
هەناردەکردنی نەوت، مووچە و داهاتەکان."
باراک کە هاوکات باڵیۆزی
ئەمریکایە لە تورکیا و نێردەی تایبەتیشە بۆ سووریا، جەختی لە پشتیوانیی وڵاتەکەی
کردەوە و گوتی: "سەرۆکوەزیران زەیدی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی
کوردستان ئەمڕۆ ئەو سەرکردایەتییەیان نیشاندا. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا
لەگەڵ هەردوولادایە لە کاتێکدا پێکەوە عێراقێکی خاوەن سەروەری و خۆشگوزەران بنیاتدەنێن."
ئەم لێدوانەی باڵیۆزی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی
هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر دۆسیەی
مووچەی مووچەخۆران، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی و شایستە داراییەکانی
پەیوەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت.


