رووداو دیجیتاڵ
تەرمی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشوو و یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی عەرەبی سوننە لە عێراق، لە شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان دۆزرایەوە، ئەوەش دوای چوار رۆژ لە بێسەروشوێنبوونی.
سەعد غازی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، ئەمڕۆ سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوار رۆژ بوو ئەحمەد عەلوانی لە شاری بەیرووتی پایتەختی لوبنان بێسەروشوێن بوو."
ئەمڕۆ سێشەممە میدیای فەرمیی لوبنان دۆزینەوەی تەرمی ئەحمەد عەلوانی راگەیاند. دادوەر ئەحمەد رامی حاج، داواکاری گشتیی دادگای پێداچوونەوەی لوبنان خۆی چاودێری و بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تایبەت بە گیانلەدەستدانی ئەحمەد عەلوانی دەکات، کە تەرمەکەی لەنێو شوقەیەکدا لە گەڕەکی (تەریق جەدیدە) لە بەیرووت دۆزرایەوە.
دادوەر ئەحمەد حاج خۆی سەرپەرشتیی ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانە دەکات کە لەلایەن هۆبەی زانیاریی سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی لوبنانەوە بەڕێوەدەچن، بە مەبەستی ئاشکراکردنی تەواوی وردەکاریی رووداوەکە.
هاوکات بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، داواکاری گشتیی پێداچوونەوەی لوبنان بەدواداچوون بۆ ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانەش دەکات کە لەلایەن هەمان هۆبەی زانیارییەوە لەگەڵ پێنج چەکداری دەستگیرکراوی "حیزبوڵڵا" دەکرێن، کە دەستبەسەر کران.
ئەحمەد سلێمان عەلوانی، لە 27ـی نیسانی 1969 لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لەدایکبوو، پێشتر پەرلەمانتار و سەرۆکی لیژنەی ئابووری بوو لە پەرلەمانی عێراق.
ئەحمەد عەلوانی یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی خۆپێشاندانەکانی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی 2013، لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا دوای گەمارۆدانی ماڵەکەی دەستگیرکرا. لە ساڵی 2014 سزای لەسێدارەدان و پێنج سزای زیندانییتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لە نیسانی 2025ـدا دوای نزیکەی 12 ساڵ مانەوە لە زیندان ئازاد کرا.

