رووداو دیجیتاڵ
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی کوژرانی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتری عێراق لە بەیرووت لە چوارچێوەیەکی یاساییدا دەبێت و باڵیۆزخانەی عێراق لە لوبنان و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی بە وردی بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان دەکەن. هاوکات هۆشداریش دەداتە ئەو کەسانەی دۆسیەکە بۆ هاندانی تایفی و گوتاری رقوکینە بەکاردەهێنن.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، تاوانی کوشتنی ئەحمەد عەلوانی، پەرلەمانتاری پێشووتر لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان "تاوانێکی قێزەون و سەرکۆنەکراوە" و مامەڵەکردن لەگەڵیدا بە تەواوی لە چوارچێوە یاساییەکەیدا دەبێت، دوور لە هەر هەوڵێک بۆ پێدانی رەهەندی دیکە بە رووداوەکە پێش تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و ئاشکرابوونی وردەکارییەکانی.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە بەیرووت لە رێگەی باڵیۆز و تیمە تایبەتمەندەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی لوبنانەوە، بە گرنگییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ کەیسەکە دەکات و لە هاوئاهەنگیی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق کە هیچ هەوڵێکی درێخی نەکردووە بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکە و گەیشتن بە راستییەکان.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی وێڕای داواکردن بۆ رێزگرتن لە رەوتی لێکۆڵینەوەکان و چاوەڕوانکردنی ئەنجامە فەرمییەکان، نیگەرانیی تووندی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر هەوڵی قۆستنەوەی ئەو تاوانە بۆ وروژاندنی دەمارگیریی تایفی و بڵاوکردنەوەی گوتاری هاندان و رقوکینە کە زیان بە شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئاشتیی ناوخۆیی دەگەیێنێت و جەخت دەکاتەوە کە "بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت ئەو تاوانە بکرێتە کەرەستەیەک بۆ دروستکردنی دووبەرەکی و فیتنە لەنێوان رۆڵەکانی گەلی عێراقدا."
راگەیێندراوەکە ئاشکرای کردووە، لیژنەی تایبەتمەند بە بەرەنگاربوونەوەی گوتاری تایفی، ئیتنی و نەتەوەیی، چاودێریی سەرجەم ئەو ناوەڕۆک و گوتارە هاندەرانەی کردووە کە هاوکات لەگەڵ باسکردنی ئەم دۆسیەیە بڵاوکراونەتەوە و "رێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە تێوەگلانی لە بڵاوکردنەوە یان برەودان بە گوتارێک بسەلمێندرێت کە پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بکاتە ئامانج یان هانی رقوکینە بدات."
ئێوارەی سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، میدیای فەرمیی لوبنان دۆزینەوەی تەرمی ئەحمەد عەلوانی راگەیاند. دادوەر ئەحمەد رامی حاج، داواکاری گشتیی دادگای پێداچوونەوەی لوبنان خۆی چاودێری و بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی تایبەت بە گیانلەدەستدانی ئەحمەد عەلوانی دەکات، کە تەرمەکەی لەنێو شوقەیەکدا لە گەڕەکی (تەریق جەدیدە) لە بەیرووت دۆزرایەوە.
هاوکات بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنەکەی، داواکاری گشتیی پێداچوونەوەی لوبنان بەدواداچوون بۆ ئەو لێکۆڵینەوە سەرەتاییانەش دەکات کە لەلایەن هەمان هۆبەی زانیارییەوە لەگەڵ پێنج چەکداری دەستگیرکراوی "حیزبوڵڵا" دەکرێن، کە دەستبەسەر کران.
ئەحمەد عەلوانی کێیە؟
لە 27ـی نیسانی 1969 لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق لەدایکبووە، پێشتر پەرلەمانتار و سەرۆکی لیژنەی ئابووری بوو لە پەرلەمانی عێراق.
یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارەکانی خۆپێشاندانەکانی ناوچە سوننەنشینەکان لە ساڵی 2013، لە کۆتاییەکانی هەمان ساڵدا دوای گەمارۆدانی ماڵەکەی دەستگیرکرا. لە ساڵی 2014 سزای لەسێدارەدان و پێنج سزای زیندانیی تاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لە نیسانی 2025ـدا دوای نزیکەی 12 ساڵ مانەوە لە زیندان ئازاد کرا.

