رووداو دیجیتاڵ ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ئەو لیژنەیەی پەرلەمان کە بۆ بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت پێکهێنراوە، سەردانی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بکات، بە ئەوانەی هەرێمی کوردستانیشەوە. زیرەک زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بڕیارە ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی بە قاچاخبردنی نەوت، سەردانی سەرجەم ئەو دەروازە سنوورییانە بکات، کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانن. حکومەتی فیدراڵی عێراق چوار دەروازە و حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمى لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە. زیرەک زێباری گوتی: "سەردانی لیژنەکە، دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش دەگرێتەوە، سەردانی لیژنەکە بۆ بەدواداچوونە لەبارەی ئەگەر و چۆنێتی بەقاچاخبردنی نەوتی عێراق لە رێگەی ئێرانەوە." ئەو لیژنەیەی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی یەکەمەوە پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون بەقاچاخبردنی نەوت و بۆ ئەو مەبەستەش چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە. بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، لە دوای تەواوکردنی کارەکانیان، لیژنەکە راپۆرتێک دەداتە سەرۆکایەتیی عێراق لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوتەوە. لیژنەیەکی حکومەتی عێراق 13ی تشرینی دووەم سەردانی ناحیەی جورفەلسەخری کرد بۆ بەدواداچوونی بەقاچاخبردنی نەوت، ئەو ناحیەیە لە سنووری پارێزگای بابلە و لەژێر هەژموونی کەتیبەکانی حیزبوڵڵادایە، کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی وابەستە بە کۆماری ئیسلامیی ئێران.
عێراق17-11-2026حەیدەر عەبوودی: حکومەت پلانی بۆ پاککردنەوەی جورف نەسر لە هەر لایەن و هێزێک داناوە کە دەست بۆ نەوت دەبات