رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، بەقاچاخبردنی نەوت "دزینی ئاشکرای سامانی گەلی عێراقە" و رێگە بە هیچ لایەنێک نادەن دەستکاری ئەو سامانە بکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کامێراکانی وەزارەتی ناوخۆ و راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگری بوونی دزی و بەقاچاخبردنی نەوتیان لە جورف سەخر پشتڕاست کردووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە ( 17ی تشرینی دووەمی 2026)، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە لە پارێزگای نەجەف بەڕێوەچوو، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە.
سەبارەت بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جروف سەخر (جورف نەسر) و ناوچەکانی دیکە، عەبوودی گوتی: "تێڕوانینی حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای ئەو راستییانە بنیات نراوە کە لیژنەی لێکۆڵینەوە دەستنیشانی کردوون؛ هەروەها کامێراکانی وەزارەتی ناوخۆ راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوەیان پشتڕاست و پاڵپشتی کردووە کە پشت بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوە فیدراڵییەکان دەبەستێت؛ بەقاچاخبردن و دزینی ئەم سەرچاوە سەرەکییە هەیە."
گوتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت پلانێکی تەواوی داناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیە و "پاککردنەوەی ئەو شوێنە لە هەر لایەن و دەستێک کە یاری بەم سامانە ستراتیژییەوە دەکات."
لەبارەی ئەگەری جووڵەپێکردنی هێزی سەربازیی فیدراڵی بۆ ناوچەکە، عەبوودی رایگەیاند: "حکومەت قسەی خۆی کردووە و ئێستا بەدواداچوون بۆ هەموو گومان و ئاماژەکانی ئەم تاوانە دەکات، چ لە ناوچەی جورف نەسر بێت یان لە ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی بەغدا و پارێزگاکانی دیکە. هێزە ئەمنییەکانمان ئامادەن بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو ناوچانەی گومانی لەم شێوەیەیان لەسەر تۆمار دەکرێ."
بە گوتەی حەیدەر عەبوودی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی و بەدواداچوون لە سەرجەم ناوچەکانی عێراق، هەروەها رەزامەندی داوە لەسەر "کڕینی سیستمی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بۆ دەزگای دژەتیرۆر، بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و پووچەڵکردنەوەی هەر هەوڵێکی دەستدرێژیکردنە سەر دامەزراوە گشتییەکان، چ پاڵاوگە نەوتییەکان بن یان دامەزراوە خزمەتگوزارییە گرنگەکان."
لە تەوەرێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لە دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک کرد و گوتی: "حکومەتی عێراق بەوپەڕی متمانەوە دەڵێت ئەم دۆسیەیە یەکلایی کراوەتەوە و مانگی حوزەیرانی 2027 وەک دوایین وادەی یەکلاییکەرەوە بۆ هێشتنەوەی چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەت دیاریکراوە و هەرکەسێک لەم پێوەرانە دوابکەوێ، رووبەڕووی یاسا دەبێتەوە."
سەبارەت بە پڕۆژەی دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی، عەبوودی ئاشکرای کرد کە هیچ دواکەوتنێک لە پڕۆژەکەدا نییە، پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەن کە رێکارەکانیان تەواو کردووە و "لە مانگی 12ـدا پلاتفۆرمی پێشکێشکردن بۆ هاووڵاتییان کارا دەکرێت."

