رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی باڵای پەرلەمانیی عێراق کە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت پێکهێنراوە، زانیاریی ورد لەبارەی سێ رێڕەوی سەرەکیی بەقاچاخبردنی نەوت لە عێراق ئاشکرا دەکات، کە یەکێکیان لە ناوچەی جورفولسەخرە و بەهۆیەوە رۆژانە نزیکەی 15 هەزار بەرمیل نەوتی لێدەبرێت. هاوکات، ئەندامێکی لیژنەکە دەڵێت، تیمێکی حکومی کە بۆ لێکۆڵینەوە چووەتە ناوچەکە، رووبەڕووی رێگریی هێزە ئەمنییەکان بووەتەوە و رێگەیان پێنەدراوە سەردانی هەموو خاڵە گوماناوییەکان بکەن.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی لیژنەی بەدواداچوون، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات رایگەیاند، راپۆرتە هەواڵگرییەکە سێ خاڵی سەرەکیی لەخۆگرتووە کە تایبەتن بە رێڕەوەکانی بەقاچاخبردنی نەوت: "خاڵی یەکەم ناوچەی جەرف ئەلنەسرە. خاڵی دووەم رێڕەوی کەرکووک - سلێمانی - ئێرانە. خاڵی سێیەمیش ناوچەی فیشخابوور و رێگەی تورکیایە."
لیژنەکە لە چوارچێوەی کارەکانیدا، یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکانی نەوت، پاڵاوگەکان و کۆمپانیای سۆمۆ کردووە. لە کۆبوونەوەکەدا کە پێنج کاژێری خایاندووە، بەرپرسانی وەزارەتی نەوت دانیان بەوەدا ناوە کە کۆنترۆڵیان بەسەر بەشێک لە هێڵی ستراتیژیی گواستنەوەی نەوتدا نییە.
هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت: "زۆر بە روونی و ئاشکرا گوتیان کە کۆنترۆڵیان بەسەر نزیکەی 5.1 کیلۆمەتر لەو بۆڕییە ستراتیژییەدا نییە کە نەوتی بەسرە دەگوازێتەوە و بە ناوچەی جورفولنەسر تێدەپەڕێت. گوتیان هیچ هێزێکی پۆلیسی نەوت ناتوانێت بگاتە ئەو ناوچەیە و پارێزگاریی لێ بکات."
سەبارەت بەو بڕە نەوتەی کە رۆژانە لەو ناوچەیە بە قاچاخ دەبرێت و بە 15 هەزار بەرمیل مەزەندە دەکرێت، هەرێم کەمال ئاغا دەڵێت، بەرپرسانی وەزارەتی نەوت هەوڵیانداوە پاساوی بۆ بهێننەوە و بە "رێژەی بەهەدەرچوونی سرووشتی" ناویان بردووە کە بەهۆی گۆڕانی پلەکانی گەرما و سەرماوە روودەدات، بەڵام لیژنەکە بەو روونکردنەوانە بڕوای نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی لێکۆڵینەوەکاندا، تیمێکی پسپۆڕی حکومی بە فەرمانی سەرۆکوەزیران سەردانی ناوچەی جورفولسەخریان کردووە بۆ پشکنینی شەش خاڵی دیاریکراو لە رێگەی GPS، کە گومانی کونکردنی بۆڕی و دزینی نەوتیان لێدەکرا. بەڵام تیمی لێکۆڵینەوە رووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە. هەرێم کەمال ئاغا گوتی: "دوای گەیشتنیان، هێزەکانی پاراستنیان لێسەندراوەتەوە و نزیکەی 300 بۆ 400 کەس گەمارۆیان داون." تیمەکە تەنیا توانیویەتی چوار لەو شەش خاڵە بپشکنێت و رێگریی لێکراوە سەردانی دوو خاڵی دیکە بکات".
بەپێی راپۆرتی تیمەکە کە بە وێنەوە پێشکێشی لیژنەی پەرلەمانی و سەرۆکوەزیران کراوە، لەو شوێنانەی پشکنینیان بۆ کراوە، شوێنەواری دەستکاریکردن و هەڵدانەوەی خۆڵی نوێ و پاشماوەی نەوتی رەش دۆزراوەتەوە، کە گومانەکان لەبارەی بەقاچاخبردنی نەوت پشتڕاست دەکەنەوە.
لیژنە پەرلەمانییەکە بەردەوامە لە کارەکانی و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی پارێزگای کەرکووکیش کۆببێتەوە بۆ روونکردنەوەی زیاتر لەبارەی رێڕەوەکانی دیکەی بەقاچاخبردنی نەوت. یەکێک لە تەوەرەکانی لێکۆڵینەوە، ئەو بڕە نەوتەیە کە لە کەرکووکەوە بۆ پاڵاوگەکانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، وەک پاڵاوگەی بازیان کە گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراق هەیە و رۆژانە نزیکەی 38 هەزار بەرمیل نەوتی پێدەگات. لیژنەکە دەیەوێت ئەو بڕە نەوتەی بە فەرمی دەنێردرێت، لەوەی کە بە قاچاخ دەبرێت، جیا بکاتەوە.
هەرێم کەمال ئاغا، ئاماژەی بەوەشکرد کە چارەسەری کێشەی بەقاچاخبردنی نەوت و کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکان، پەیوەستە بە چارەسەری کێشە سیاسییە گەورەکانەوە، بەتایبەتی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران.
بەپێی قسەکانی هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بابەتی کۆرمۆر یەکێک بووە لە تەوەرەکانی کاری لیژنە پەرلەمانییەکە، شانبەشانی بەقاچاخبردنی نەوت.
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی گوتی: "ئەو گرووپ و لیوایەی کە هێرشیان کردووەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هەمان ئەو لایەنەن کە لە رابردوودا زیاتر لە جارێک کێڵگەکەیان کردووەتە ئامانج."
هەرێم کەمال ئاغا، ئاماژەی بە هەڵوێستی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد لەبارەی رووداوەکانی ناوچەی جورفولسەخر و کێشەی بەقاچاخبردنی نەوت، گوتی، بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی جەختیان لەوە کردووەتەوە کە "لەگەڵ ئەوەدان رێگری لە قاچاخی نەوت بگیرێت لە هەر بستێکی عێراقدا، بەڵام بەبێ ئەوەی شەڕ و خوێنڕشتن رووبدات."
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەشکرد کە "وڵاتانی دیکەش لەسەر خەتن" بۆ ئەوەی رێگری لە دروستبوونی شەڕ و پێکدادان بکەن لەو ناوچەیە، چونکە دۆخەکە زۆر هەستیارە.
