رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کۆبووەوە و رایگەیاند، گەلی کوردستان هەرگیز هەڵوێست و دۆستایەتیی فەرەنسا لەبیر ناکات. باڵیۆزی فەرەنساش جەختی لە گرنگیی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتەکەی و یەکێتیی ئەورووپا کردەوە.
رۆژی سێشەممە، 17-11-2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەولێر پێشوازی لە ئەلێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی نوێی فەرەنسا لە عێراق کرد.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی فەرەنسا کردووە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە، هەروەها "هەموو پشتگیرییەکی هەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی ئەرکەکەی نیشان داوە."
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ستایشی رۆڵی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسای کردووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و رایگەیاندووە، "گەلی کوردستان هەرگیز هەڵوێست و دۆستایەتیی دڵسۆزانەی فەرەنسا لەبیر ناکات، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا."
لە بەرامبەردا، ئەلێکساندەر گارسیا خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەکاربوونی و خواستی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاریکاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و رایگەیاندووە، "سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ فەرەنسا و وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا، بایەخێکی گرنگی هەیە."
لە کۆبوونەوەکەدا کە ئیمانوێل مینیۆ، کۆنسووڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باس لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دوا پێشهاتەکانی ناوچەکە کراوە.

