رووداو دیجیتاڵ
حامد جەزائیری، کەسایەتیی ئایینی و فەرماندەی پێشوو لە حەشدی شەعبی لەگەڵ کارمەندێکی حەشدی شەعبی و هاووڵاتییەکی مەدەنی بە بڕێک مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکرا؛ حەشدی شەعبیش رایدەگەیێنێت، چوار ساڵە لە ریزەکانیان دەرکراوە و هیچ پەیوەندییەکی پێیانەوە نەماوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنیدا لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی رەیحانە لە بەری رەسافەی بەغدا، هێزێکی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر هەریەک لە حامد جەزائیری، پیاوی ئایینی و فەرماندەی پێشوو لە حەشدی شەعبی، کارمەندێکی حەشدی شەعبی و کەسێکی مەدەنییان دەستگیرکردووە.
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراقی، لەکاتی دەستگیرکردنەکەدا دەست بەسەر 21 کیسە مادەی هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، ئۆتۆمبێلێکی حکومیی سەر بە حەشدی شەعبی و چەکێکی جۆری کڵاشینکۆفدا گیراوە کە لەلای ئەو سێ تۆمەتبارە بوون.
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، موهەنەد نەجم عیقابی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی حەشدی شەعبی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە (حامد هادی ناسر) ناسراو بە حامد جەزائیری، ماوەی چوار ساڵە لە حەشدی شەعبی دەرکراوە، ئەویش دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش و دیسپلینەوە دەستگیرکرا و سەرجەم بارەگاکانی داخران."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەشدی شەعبی جەختی لەوەش کردووەتەوە کە حامد جەزائیری ئێستا دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە دەستەی حەشدی شەعبییەوە نییە.
حامد جەزائیری، پێشتر فەرماندەی لیوای 18ـی حەشدی شەعبی بوو. لە ئەیلوولی 2020ـدا فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە پۆستەکەی دووری خستەوە. پێشتریش لە کانوونی یەکەمی 2020 لەلایەن هێزێکی ئەمنیی حەشدی شەعبی بە تۆمەتی سەرپێچیکردنی رێنماییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی دەستگیرکرا.


