کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

وێنە: شاکر مەحموود تەمیمی (ئەبوو توراب تەمیمی)، پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر

وێنە: شاکر مەحموود تەمیمی (ئەبوو توراب تەمیمی)، پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر

عێراق

پەرلەمانتارێکی بەدر: هیچ گرژییەک لە جورف نەسر نییە و دژی پارچەپارچەکردنی هەرێمی کوردستانین

نەهرۆ محەممەد

نەهرۆ محەممەد

19-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
نەهرۆ محەممەد
نەهرۆ محەممەد19-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

کاژێری سفر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جورف سەخر راگەیێندرا
عێراق19-11-2026

کاژێری سفر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جورف سەخر راگەیێندرا

زیاتر لە 48 ملیار دیناری مووچە پاشەکەوتکراوەکانی تەندروستیی نەینەوا خەرج نەکراون
عێراق19-11-2026

زیاتر لە 48 ملیار دیناری مووچە پاشەکەوتکراوەکانی تەندروستیی نەینەوا خەرج نەکراون

بەرپرسێکی نەینەوا: رۆژانە 5000 بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبرێتە سووریا
عێراق19-11-2026

بەرپرسێکی نەینەوا: رۆژانە 5000 بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبرێتە سووریا

رووداو دیجیتاڵ


شاکر مەحموود تەمیمی (ئەبوو توراب تەمیمی)، پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر و ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیێنێت، دۆخی ناحیەی جورف نەسر ئارامە و هیچ ئامادەکارییەک بۆ شەڕ و پێکدادان لەئارادا نییە. لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانیشەوە جەخت دەکاتەوە کە رێکخراوی بەدر یەکڕیزیی کوردی دەوێت و هەوڵی جیاکردنەوەی سلێمانی بە "بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی و ویستێکی دەرەکی" ناودەبات.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2026، ئەبو توراب تەمیمی لە کاتی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداودا تیشکی خستە سەر دۆخی ئەمنیی جورف نەسر (جورف سەخر)، دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوت و ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان.


سەبارەت بە سەردانەکەیان بۆ جورف نەسر، تەمیمی گوتی: "سەردانی ئێمە وەک گرووپێک لە پەرلەمانتاران خۆبەخشانە بوو نەک لیژنەی فەرمی؛ دۆخی ناوچەکە زۆر سەقامگیر و ئاسایی بوو، نە گرژی هەبوو نە کۆکردنەوەی هێز."


تەمیمی رەتیکردەوە کێشەی ناوچەکە بگاتە پێکدادان لەگەڵ کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و گوتی: "خوێنی عێراقییەکان لامان پیرۆزە و شتی وا روونادات؛ بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، رەنگە کێشەکە چارەسەر ببێت، هێزی دیکە بێن ناوچەکە بگرنە دەست و کەرتەکە رادەستی پێکهاتەیەکی دیکە بکرێت."


پەرلەمانتارەکەی بەدر ئەو زانیارییانەشی رەتکردەوە کە دەڵێن جورف نەسر بە تەواوی لە مین و بۆمب پاککراوەتەوە: "ئەو قسەیە چەواشەکاریی تێدایە، جورف نەسر ناوچەیەکی سەربازییە و هێشتا خانووی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێندراوی زۆری تێدایە، ناکرێت لیژنەیەک بە کاژێرێک و بەبێ تیمی ئەندازیاریی سەربازی بڕیار بدات."


"جیاکردنەوەی سلێمانی خزمەت بە عێراق ناکات"


سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و دەنگۆی جیاکردنەوەی پارێزگای سلێمانی، ئەبو توراب تەمیمی هەڵوێستی رێکخراوی بەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیی روونکردەوە و گوتی: "ئێمە پەیوەندییەکی ستراتیژیمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی هەیە و هەرگیز هەڵوێستە نیشتمانییەکانی مام جەلال و کاک مەسعود بارزانی لەبیر ناکەین."


تەمیمی بە تووندی دژی پارچەبوونی هەرێمی کوردستان وەستایەوە و گوتی: "ئەو دەنگانەی باس لە جیاکردنەوەی سلێمانی دەکەن لە هەرێم، نە خزمەت بە عێراق دەکەن نە بە عێراقییەکان


دەقی هەڤپەیڤینەکە:



رووداو: ئێوە وەک لیژنەیەک سەردانی جورف سەخرتان کردووە، دۆخی ناوچەکە چۆن بوو و ئامانجی سەردانەکەتان چی بوو؟


ئەبو توراب تەمیمی: خوا تەمەنتان درێژ بکات و زۆر بەخێربێن، سڵاو لە ئێوە و بینەرانی کەناڵە بەڕێزەکەتان. راستییەکەی ئەوە لیژنەیەکی فەرمی نەبوو، بەڵکو کۆمەڵێک پەرلەمانتار بووین و چوونەکەمان خۆبەخشانە بوو، بە مەبەستی بینینی راستییەکان و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە دۆخی ئێستای ناوچەکە و ئەو کێشەیەی لەوێ هەیە. دۆخەکە زۆر سەقامگیر و ئاسایی بوو؛ نە هیچ گرژییەک هەبوو، نە کۆکردنەوەی هێزی ئەمنی. تەنانەت لە نێو سەنتەری ناحیەکەش دۆخەکە زۆر ئاسایی بوو و ئەو یەکە سەربازییانەی ناوچەکەیان پاراستووە دۆخیان زۆر ئاسایی بوو. سەردانی ئەو ناوچانەمان کرد و گەڕاین بە نێویدا، هەمان ئەو رێڕەوەمان بینی کە پێشتر ئەو لیژنەیە پێیدا گەڕابوو کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە پێکهێنرابوو. ئامانجی ئێمەی پەرلەمانتاران کە سەردانی ناوچەکەمان کرد ئەوە بوو کە خوێنی عێراقییەکان لامان گرنگە. ناوچەی جورفولنەسر بە خوێن و قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکان و حەشد رزگار کراوە. ئەو کێشەیەی کە ئێستا هەیە و لە راگەیاندنەکاندا ورووژێنراوە، پێویست ناکات بگاتە شەڕ و پێکدادان، بەڵکو پێویستە کەسانی ژیر و دانا کێشەکە چارەسەر بکەن. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش رەنگە کێشەکە چارەسەر ببێت و هێزی دیکە بێن ناوچەکە بگرنە دەست و کەرتەکە رادەستی پێکهاتەی دیکە بکرێت. ئەوەی لە راگەیاندنەکان باس دەکرێت لە شەڕ و پێکدادان شتی وا روونادات و هەرگیز روونادات، چونکە خوێنی عێراقییەکان لامان پیرۆز و رێزلێگیراوە. پێویستە هەموو برا پەرلەمانتارەکان و ئەو کەسایەتییانەی تێبینییان هەیە، سەردانی ناوچەکە بکەن؛ ئەو برایانەی کەرتەکەیان بەدەستە پێشوازییان لێکردین و لە ناوچەکەدا گەڕاین، هەرچەندە ئەوە پسپۆڕیی ئێمە نییە وەک لیژنە، بەڵام وەک ئەرکێک چووین.


رووداو: بۆچی ئەم هەموو هەڵایە لە راگەیاندنەکاندا دروست بووە و دەگوترێت دۆخەکە بەرەو تەقینەوە دەچێت؟


ئەبو توراب تەمیمی: وەک پێم گوتییت، ئەوان پێشوازییان لێکردین و ئێمە بەبێ وادەی پێشوەختە چووین. لێرەوە و لە سەکۆی ئێوەوە بە هەموو ئەو شرۆڤەکارە سیاسییانە دەڵێم کە لە کەناڵە ئاسمانییەکاندا مشتومڕ دەنێنەوە: با بچن لە ناوچەکەدا بگەڕێن و بیبینن. هیچ گرژییەک و ئامادەکارییەکی شەڕ نییە وەک ئەوەی باسی دەکەن و دەڵێن ناوچەکە بەرەو شەڕ دەڕوات. هەروەها داوا لە هەموو پەرلەمانتاران دەکەم بچن بە چاوی خۆیان بیبینن. نابێت تەنیا پشت بە راگەیاندنی ئاراستەکراو ببەستین لە عێراق کە بەهۆیەوە زۆر لە رۆڵە و گەنجەکانمان لەدەستدا لە پێناو راگەیاندنی تایفەگەری و راگەیاندنی کرێگرتەی ناوخۆیی و دەرەکی. دەرگای جورف نەسر لەلایەن ئەو برایانەی لەوێن کراوەیە بۆ هەر کەسێک بیەوێت بچێت بە چاوی خۆی بیبینێت، بە ئازادی پرسیار بکات و بچێتە هەر شوێنێکی نێو ناحیەکە کە دەیەوێت. ئێمە لە سۆنگەی ئەرکی شەرعی، ئەخلاقی و نیشتمانییەوە سەردانی ناوچەکەمان کرد، نەک وەک لیژنەیەکی راسپێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە. ئەوانە برای ئێمەن و پێکەوە لە یەک سەنگەردا شەڕمان کردووە.


رووداو: باس لە بوونی قاچاخچێتی نەوت دەکرێت لەو ناوچەیە، ئەگەر شتێکی وا هەبێت کێ بەرپرسیارە؟


ئەبو توراب تەمیمی: ئەگەر کەمتەرخەمییەک هەبێت، ئەوا سەرۆکوەزیران لە رێگەی ئەو دۆسیانەی لایەتی دەینێرێتە دادگا و کەمتەرخەم سزا دەدرێت. بەڵام ئەگەر پرۆسەی قاچاخچێتی هەبێت، لایەنی دیکەش بەرپرسیارن، لەوانە کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکان. بۆچی بۆرییە نەوتییەکانی ئێمە لە ژێر زەویدا بێ پارێزەر بەجێهێڵدراون و بە ناوچەی بیابانی و کشتوکاڵیدا تێدەپەڕن بەبێ ئەوەی لەلایەن کۆمپانیا جیهانییەکانەوە بپارێزرێن؟ هەمووان دەزانن قاچاخچێتی لە وشکانی، دەریا و ژێر زەویشەوە لە رێگەی بۆرییەکانەوە دەکرێت. بۆچی سیستمێکی هەستەوەر (سێنسەر) نییە کە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی یان کونکردنی بۆرییەک ئاشکرا بکات؟ پێویستە سەرۆکوەزیران سەرەتا لێپرسینەوە لە وەزارەتی نەوت، وەزیرەکانی پێشوو و ئێستا، بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکان و بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بکات، چونکە ئەو نەوتەی قاچاخچێتی پێوە دەکرێت دواتر دەخرێتە نێو تانکەرەوە؛ چۆن ئەو تانکەرانە بە نێو پارێزگاکاندا هاتووچۆ دەکەن بەبێ نووسراو و مۆڵەتی کۆمپانیای دابەشکردن؟ نەوتی عێراق هی عێراقییەکانە و رێگە بە بەقاچاخبردنی نادەین. تۆڕی قاچاخچێتی تەنیا لەو ناوچەیە نییە، بەڵکو لە هەموو ناوچەکانی عێراقدا هەیە؛ تەنانەت لە کوردستان، کەرکووک، مووسڵ، بەسرە و پارێزگا سنوورییەکانیش هەیە. من وەزیری نەوتیش بە بەرپرسیار دەزانم، چونکە پێشتر بریکار و بەڕێوەبەری گشتی بووە، پێویست بوو پلانی هەبێت بۆ پاراستنی بۆرییە نەوتییەکان. ناکرێت ئێمە بێدەنگ بین لە کاتێکدا نەوتی عێراق بە قاچاخ دەبرێت و عێراقییەکانیش نە قوتابخانەیان هەیە و نە نەخۆشخانە. ئەو نەوتە قاچاخە چۆن دەردەچێت و بەسەر زەویدا دەڕوات و کێ دەیجوڵێنێت؟ ئەی ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە کوێن؟ داوا لە سەرۆکوەزیران دەکەم رێکاری یەکلاکەرەوە و تووند بگرێتەبەر بەرامبەر هەر کەسێک کە دەستدرێژی دەکاتە سەر سامانی عێراق.


رووداو: ئەوەی لە سەردانەکەتاندا بینیتان و هەستتان پێکرد، ئایا لیژنەکەی پێش ئێوە نەیتوانی بچێتە نێو ناوچەکە؟


ئەبو توراب تەمیمی: بەڵێ، ئەوەی بینیمان و هەستمان پێکرد ئەوەیە کە ناوچەکە بەپێی زانیارییەکانمان نەک هەر ئێستا، بەڵکو لە کاتی رزگارکردنیشەوە بۆمب و خانووی بۆمبڕێژکراوی تێدابوو. ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە ئەو مین و بۆمبانە هەڵبگرنەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت بگەیتە هەموو شوێنێکی ناوچەکە. ناکرێت لیژنەیەک بچێتە ناوچەیەکی سەربازیی رزگارکراو کە پێشتر مۆڵگەی تیرۆر و داعش و کۆمەڵکوژی بووە — کە بە ناوی کۆنی پێی دەگوترا "جورف سەخر" و زۆربەی دانیشتووانەکەی دەرگایان بۆ داعش کردبووەوە و بووە پردێک بۆ تیرۆریستان لە نێوان پارێزگاکانی ناوەڕاست و رۆژئاوا — بە تەنیا لە ماوەی یەک دوو کاژێردا بڕیار بدات و راپۆرت بنووسێت. پێویستە لیژنەکە لەوێ بمێنێتەوە و هێزی ئەمنی و تیمی پسپۆڕی لەگەڵ بێت بۆ ئەوەی راپۆرتێکی ورد و تێروتەسەل بدات، نەک بە 10 خولەک یان کاژێرێک بچێت و بەڕێوەبەری کۆمپانیای هێڵی بۆرییەکان بڵێت قاچاخچێتی نییە و ئەوی دیکە بڵێت هەیە! من پێشتریش گوتوومە ئەو لیژنەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی سادە چووە.


رووداو: واتە ئێستا لەو ناوچەیە هیچ بۆمب و خانوویەکی بۆمبڕێژکراو نەماوە؟


ئەبو توراب تەمیمی: بێگومان ناوچەیەکی سەربازییە و زۆربەی خانووەکانی بۆمبڕێژکراو بوون. ئەگەر نەتانتوانی بگەنە شوێنێک، بۆچی شارەزایانی ئەندازیاریی سەربازیتان لەگەڵ خۆتان نەبرد بۆ ئەوەی بۆمبەکان پووچەڵ بکەنەوە؟ هێزە ئەمنییەکانی ئەوێ پێتان دەڵێن ئێرە ناوچەیەکی مەترسیدارە، چونکە ئەگەر ئێوە بچن و بتەقێتەوە کێ بەرپرسیارێتییەکەی هەڵدەگرێت؟ ئێمە خۆمان کە ناوچەکانمان رزگار دەکرد، هەرگیز نەدەچووینە نێو هیچ خانوویەکەوە تاوەکو تیمی ئەندازیاری نەچووبایە و پشکنینی نەکردایە، چونکە دەرگایەک دەکەیتەوە دەتەقێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ناوچەیە پێشتریش دانیشتووانی کەم بووە و بۆ تیرۆر بەکاردەهێنرا.


رووداو: بەڵام باس لەوە دەکرێت کە ناوچەکە بە تەواوی پاککراوەتەوە و هیچ مین و بۆمبێکی لێ نەماوە؟


ئەبو توراب تەمیمی: نەخێر ئەوە راست نییە. با وەڵامت بدەمەوە، من لە پرسیارەکەت تێگەیشتم؛ ئەوە راست نییە و زۆربەی ناوچەکان هێشتا بۆمبڕێژکراون. بەڵگەت دەدەمێ: لە پارێزگای بەسرە هێشتا پاشماوەی مینەکانی شەڕی عێراق و ئێران ماون؛ لە بیارە و تەوێڵەش هێشتا مینەکانی شەڕی عێراق و ئێران ماون! ئەو قسەیە چەواشەکاریی تێدایە؛ ناوچەکە خانووی بۆمبڕێژکراو و بۆمبی چێندراوی زۆری تێدا ماوە. ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخەی کە خاکی عێراق بە تەواوی لە پاشماوەی جەنگەکانی پێشوو و شەڕی داعش پاککرابێتەوە، هەر کەسێکیش وا بڵێت چەواشەکاری دەکات.



رووداو: رۆڵی هادی عامری لە هێورکردنەوەی ئەم دۆخە و کێشەکانی دیکەی عێراق چۆن دەبینن؟


ئەبو توراب تەمیمی: بێگومان لە هەموو ئەو قەیرانانەی لەم ماوەیەدا روویاندا — چ سیاسی، ئەمنی یان سەربازی بووبن — رۆڵی گەورە و سەرەکی و گرنگ هی حاجی هادی عامری بووە لە کۆنترۆڵکردنی زۆربەی قەیرانەکان. لە کاتێکدا لە راگەیاندنەکاندا لێدوانی ئاگرین دەبینین کە تەنیا گرژییەکان زیاد دەکەن، حاجی عامری ئەزموونێکی دوورودرێژی هەیە لە خەباتی جیهادی، سەربازی و سیاسیدا و لای هەموو لایەنەکان (مقاوەمە، دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان و سەرکردە سیاسییەکان) قبووڵکراوە، چونکە پێکەوە خەباتی کردووە و لە ئۆپۆزسیۆنیشدا پێکەوە بووە. خاوەنی ژیری و داناییە و زۆر لە قەیرانەکانی چارەسەر کردووە. لەم قەیرانەی جورف نەسریشدا رۆڵی سەرەکی هی حاجی عامری بوو؛ ناڵێم ئەوانی دیکە رۆڵیان نەبووە، بەڵام پشکی شێر بەر حاجی عامری دەکەوێت. هەموو ئەو بابەتانەشی دەیانخاتە روو بابەتی بەرجەستەن و خزمەت بە عێراق و عێراقییەکان دەکەن.


رووداو: ئایا ئەم گرژییانە مانای ئەوەیە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بوونەتە دوژمنی دەوڵەت و حکومەت؟


ئەبو توراب تەمیمی: سەیرکە، حیزبوڵڵا دووژمنی ئێمە نییە. بە رێگەپێدانی تۆ، بابەتەکە روونە: حیزبوڵڵای عێراق نە دووژمنی پرۆسەی سیاسییە و نە دووژمنی سیستمەکە. حیزبێکە شەڕی کردووە و بەرگری کردووە و رێباز و رەفتاری روونە. ئەگەر هەڵەش هەبێت، لای هەمووان هەڵە هەیە؛ هیچ کەسێک لە 2003ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ کاری کردبێت بێ هەڵە و تێبینی نییە. من باسی هەمووان دەکەم نەک تەنیا حیزبوڵڵا. نابێت کەس وا بیربکاتەوە کە کەتیبەکانی حیزبوڵڵا دوژمنن و عێراق دوژمنی ئەوانە یان سیستەم و حکومەت دوژمنیانن. ئەمڕۆ هەر وەزیرێک لەسەر کورسییەکەی دانیشتووە، بە فەزڵی خوێنی سەرجەم عێراقییەکان و کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و نوجەبا و هەموو گرووپەکان و حەشد و هێزە ئەمنییەکانە بەبێ جیاوازی. نامانەوێت لە راگەیاندنەکاندا وای پیشان بدرێت کە ناکۆکییەک هەیە و دەگاتە خوێنڕشتن. ناکۆکی لە پێناو پاراستنی کەرامەتی هەمووان و عێراقییەکان هەیە بۆ ئەوەی هەر کەسێک بەقەد قەبارە و قوربانیدانەکانی خۆی پێگەی هەبێت. هیچ خوێنڕشتن و پێکدادانێک روونادات؛ برایانی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا پابەندن و حکومەتیش دیدگای خۆی هەیە و ئێمە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە پشتگیری دیدگای حکومەت دەکەین. هیوادارین هەموو کێشەکان بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن، چونکە عێراق بەرگەی قەیرانی دیکە ناگرێت. حیزبوڵڵا لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدایە کە خزمەت بە خوێن و قوربانیدانەکانیان دەکات و دەسەڵات دەداتە حکومەت بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی سەربازی و ئەمنی لە هەموو شوێن و کەرتەکاندا، بابەتەکەش گەورە ناکرێت بەرەو پێکدادان و خوێنڕشتن.


رووداو: پرسیارێک سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستان و ناکۆکیی نێوان لایەنە کوردییەکان و دەنگۆی جیاکردنەوەی سلێمانی...


ئەبو توراب تەمیمی:. من پێش 2003 لە نێو ناکۆکییەکاندا ژیاوم؛ لە دوای 2003ـەوە سەرکردایەتیی ژیرانەی کاک مەسعود و مام جەلال هەموو قەیرانەکانیان لەخۆگرت و کاریان بۆ دۆزی کورد کرد کە بەشێکە لە عێراقی یەکگرتوو. ئێمە هەرگیز هەڵوێستە عێراقی و نیشتمانییەکانی مام جەلال و کاک مەسعود و بارزانییەکان لەبیر ناکەین، خوێن و قوربانیدانەکانیان لە دژی رژێمی لەناوچوو لەبیر ناکەین کە دەرگاکانیان بۆ هەموو عێراقییەکان کراوە بوو. ئەو ناکۆکییەی ئەمڕۆ هەیە و باس لەوە دەکرێت سلێمانی ببێتە پارێزگایەک لە دەرەوەی هەرێم، من دەڵێم ئەمە نە خزمەت بە عێراق دەکات نە بە عێراقییەکان؛ هەر کەسێکیش کار لەسەر ئەم دۆسیەیە بکات بۆ لاوازکردنی هەمووانە. یەکڕیزیی عێراقییەکان و برایانی کوردمان بە یەکگرتوویی و بەهێزییەکەیانەوە بۆ ئێمە گرنگە. هەر کەسێک هەوڵی پارچەپارچەکردنی عێراق بدات لاواز دەبێت، هەر کەسێکیش هەوڵی پارچەپارچەکردنی هەرێمی کوردستان بدات تەنیا لە پێناو بەرژەوەندیی کەسی، حزبی و ناوچەیی دایە. دەستوور دیموکراسی و مافی پارێزگاکانی دەستەبەر کردووە، بەڵام بەپێی دیدگایەک کە خزمەت بە گەلی عێراق بکات. کوردەکان عێراقین لەگەڵ رێزگرتنمان لە نەتەوە و ناسنامەکەیان. ئەو دەستکەوت و ئاوەدانییەی لە کوردستان هەیە، بەتایبەت بە چاودێریی مام جەلال و کاک مەسعود، دەستکەوتێکی گەورەیە. من پێشتریش گوتوومە کوردستان بەو 17٪ـەی نەوتی بەسرە بنیات نرا، چونکە سەرکردایەتییەکی ژیر هەبوو پلانی دادەنا و کاری دەکرد و بەرهەمەکەی ئەوەیە کە ئەمڕۆ دەیبینین و شانازیی پێوە دەکەین. راستە ناوچەکانی ئێمە بێبەشن بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنەوە، بەڵام ئیدارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بەشێکن لە عێراق، نموونەیەکی باشی دیموکراسییان پێشکەش بە عێراق کرد لە سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە. هیوادارین ئەمە بەردەوام بێت و هەر ناکۆکییەکیش زیان بە عێراق و عێراقییەکان دەگەیەنێت. ئەو دەنگانەی بەرز دەبنەوە بۆ دروستکردنی ناکۆکیی کوردی و بەتایبەت لە نێوان هەردوو حزبەکەدا، بەرژەوەندیی کەسین و ئیرادەی دەرەکی لە پشتەوەیە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی. ئامۆژگاریم بۆ هەردوو حیزبە کوردییەکە ئەوەیە هەڵوێستیان یەکبخەن لە پێناو عێراق و خزمەتکردنی نەتەوەکەیان کە قوربانیی زۆری داوە. هیوادارین پەیوەندییەکانیان لە حکومەتی هەرێمدا لەسەر بنەمای یەکپارچەیی عێراق بێت و سامانەکەشی بۆ هەمووان بێت لە چوارچێوەی حکومەتی ناوەندیی عێراقدا.


رووداو: ئایا ئەم هەڵوێستەی ئێوە تەنیا بۆچوونی خۆتانە یان بۆچوونی رێکخراوی بەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگییە؟


ئەبو توراب تەمیمی: من باسی ئەو حیزبە دەکەم کە خۆم تێیدام. با بۆتی روون بکەمەوە؛ لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا هەر لایەنێک دەکرێت بۆچوونی خۆی هەبێت و دواتر بۆچوونی کۆتایی دەردەچێت. بەڵام من باسی بۆچوونی حیزبەکەی خۆم (رێکخراوی بەدر) دەکەم. ئێمە لە رێکخراوی بەدر پەیوەندییەکی ستراتیژیمان لەگەڵ هەردوو حیزبە کوردییەکە هەیە. یەکڕیزی و یەکگرتوویی هەردوو حیزبەکەمان لا گرنگە. ئەمە بۆچوونی سەرکردایەتیی ئێمەیە کە لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگیشدا دەخرێتە روو و بۆچوونی ئەمینداری گشتیشمانە. پەیوەندیمان لەگەڵیاندا باشە و رێزلێگیراوە، هەوڵ بۆ یەکگرتووییان دەدەین و هەرگیز هەوڵ بۆ کێشە و ناکۆکی و پارچەپارچەبوونیان نادەین، چونکە تێکچوونی ئەوان دەبێتە هۆی ناکۆکیی ناوخۆیی و ئەوەش نە لە بەرژەوەندیی ئەواندایە و نە لە بەرژەوەندیی ئێمە. ئێمە وەک حیزب پەیوەندیمان باشە و یەکڕیزی و بەهێزیی ئەوانمان لا گرنگە؛ ئەمە بۆچوونی ئێمەیە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لە نێو حیزبەکەشماندا.



بابەتی پەیوەندیدار

کاژێری سفر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جورف سەخر راگەیێندرا
عێراق19-11-2026

کاژێری سفر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جورف سەخر راگەیێندرا

زیاتر لە 48 ملیار دیناری مووچە پاشەکەوتکراوەکانی تەندروستیی نەینەوا خەرج نەکراون
عێراق19-11-2026

زیاتر لە 48 ملیار دیناری مووچە پاشەکەوتکراوەکانی تەندروستیی نەینەوا خەرج نەکراون

بەرپرسێکی نەینەوا: رۆژانە 5000 بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبرێتە سووریا
عێراق19-11-2026

بەرپرسێکی نەینەوا: رۆژانە 5000 بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبرێتە سووریا

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە