رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیێنێت، ئەمڕۆ فەرمان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناحیەی جورف سەخر دەرچووە و سبەی هەینی کاژێر شەشی بەیانی جێبەجێ دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "ئەمڕۆ فەرمان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخی جورف سەخر دەرچوو و کاژێر شەشی بەیانیی هەینی فەرمانەکە جێبەجێ دەکرێت." گوتیشی: "فەرمانەکە دەرچووە و پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە؛ هیوادارین بەریەککەوتن لە جورف سەخر روونەدات."
سەبارەت بە رۆڵی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان لە جێبەجێکردنی بڕیارەکەدا، سەعد مەعن روونیکردەوە کە هەموو هێزەکان بەشێکن لە سیستەمی بەرگریی عێراق و گوتی: "پێویستمان بە خزمەتی حەشدی شەعبی و هەموو یەکە سەربازییەکان هەیە؛ حەشدی شەعبی و یەکە سەربازییەکان هەریەکە لە شوێنێکدا ئەرکدار دەکرێن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق تیشکی خستە سەر پەیوەندی و هاوئاهەنگییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: "هاوئاهەنگی لەگەڵ هەولێر و سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان هەیە، هەر جووڵەیەکیش بۆ هەرێمی کوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە دەبێت."
لە کۆتاییشدا سەعد مەعن دڵنیایی دا لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە و جەختی کردەوە: "فەرمانەکە جێبەجێ دەکرێت و هیچ گرفتێک روونادات."


