رووداو دیجیتاڵ
وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق دەڵێ، ئامادەن دەست بە هەڵکۆڵین و پشکنینی شوێنەوارەکان بکەن لە ناوچەی جورف نەسر. زانکۆیەکی ئەمریکی داواکاریی فەرمیی بۆ کارکردن لەو ناوچەیە پێشکێش کردووە.
عەلی دەخیلی، وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق، شەوی پێنچشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی2026، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند: "بەردەوامین لە هاوئاهەنگی لەگەڵ زانکۆ و تیمە بیانییەکان بۆ دۆزینەوەی شوێنەوارەکان لە عێراق". راشیگەیاند: "زانکۆی پێنسیلڤانیای ئەمریکی داوایەکی پێشکێش کردووە بۆ ئەنجامدانی پشکنین و هەڵکۆڵینی شوێنەواری لە جورف نەسر."
زانکۆی پێنسیلڤانیا یەکێکە لە ناوەندە زانستییە بەناوبانگەکانی جیهان کە پێشینەیەکی دوورودرێژی لە پشکنینی شوێنەوارەکانی میزۆپۆتامیا هەیە.
وەزیری گەشتوگوزاری عێراق باسی لەوەش کرد، وەزارەتەکەیان هیچ رێگرییەکی نییە بۆ بەشداریی تیمە بیانییەکان لەو ناوچەیەدا، هەر کاتێک بارودۆخی ئەمنی بە تەواوی جێگیر بوو. گوتیشی: "ئێستا چەندین تیمی بیانی لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کار دەکەن، لەوانە تیمێک کە لە شاری شوێنەواریی (ئوور) خەریکی پشکنینن."
ناوچەی جورف نەسر لە پارێزگای بابل، زیاتر لە 10 ساڵە بە ناوچەیەکی داخراوی سەربازی هەژمار دەکرێت و لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپە چەکدارەکاندایە، ئەم ناوچەیە خاوەنی مێژوویەکی دێرینە و چەندین گرد و شوێنی شوێنەواریی تێدایە کە تاوەکو ئێستا پشکنینیان بۆ نەکراوە.



