رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنى عێراق رایگەیاند، کەتیبەکانى حیزبوڵڵا بە قۆناخبەندى لە جورف سەخر دەکشێنەوە. لەبارەى گەڕانەوەى ئاوارەکانیش دەڵێ، "لەسەر کات وەستاوە."
ئەو گوتانەى سەعد مەعن، لە سەروبەندى رێکارە ئەمنییەکان بوو بۆ چوونى هێزە عێراقییەکان بۆ ناو ناحیەى جورف نەسر ( جورف سەخر) لە پارێزگاى بابل کە بەیانیی ئەمڕۆ هەینى 20ى تشرینى دووەم دەستیپێکرد.
سەعد مەعن، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەڤانیدا لەبارەى کشانەوەى کەتیبەکانى حیزبوڵڵا لە جورف نەسر گوتى: "کشانەوەکە بە قۆناخبەندی دەبێت، ئەمڕۆ بینیتان یەکێک لە فەوجەکانی لیوای 45 دەستی کردووە بە کشانەوە و پۆلیسی فیدراڵی چوونە جێیان، وادەیەکى دیاریکراو هەیە و پرۆسەی دووبارە دابەشکردنەوە و بڵاوبوونەوە دەبێت، ئەمڕۆ لیوای 45 لە یەکێک لە فەوجەکانییەوە دەستیپێکردووە و سبەی بەردەوام دەبێت."
کەتیبەکانى حیزبوڵڵا، سێ لیواى (45 و 46 و 47)ی هەیە کە زۆربەیان لە جورف نەسر لە بابل و قەزاى قائیم لە ئەنبار جێگیر کرابوون.
سەرۆکى شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق رایگەیاند، پرۆسەى جێگۆڕکێ و بڵاوکردنەوەى هێزە ئەمنییەکان لە جورف نەسر بەبێ کێشە تێپەڕی، بارەگای کۆنترۆڵ کرایەوە و لە کاژێر شەشی بەیانییەوە دەستبەکار بوو، هەروەها لیوای 38ی سوپای عێراق و لیوای 17ی سوپای فیدراڵی و لیواکانی 72 و 79ی حەشدی شەعبی و فەوجی ئامادە و فەوجێکی پۆلیسی وزە دەستبەکار بوون.
12 ساڵ بوو کەتیبەکانى حیزبوڵڵا لە جورف نەسر باڵا دەست بوون، لە دواى 2014 زیاتر لە پێنج هەزار خێزانى سوننەى ناحیەکە ئاوارە بوون.
لەبارەى گەڕانەوەى ئاوارەکان، سەعد مەعن گوتى: "بەدڵنیاییەوە تەنیا لەسەر کات وەستاوە تاوەکو دۆخەکە رێکدەخرێتەوە، بە هاوکاریى حکومەتى خۆجێیی هەموو رێکارەکان لەرێگەى بارەگاى کۆنتڕۆڵەوە دەگیرێنە بەر."




