رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ رووداو قەبارەی ئێستای یەدەگی دراوی وڵات ئاشکرا دەکات و دەڵێت، 78.5 ملیار دۆلارە و هێشتا لە "ئاستێکی بەرز و دڵنیاکەرەوەدایە" لەکاتێکدا بەراورد بە مانگی رابردوو دوو ملیار دۆلار دابەزیوە. ئاماژە بەوەش دەکات، هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ دابینکردنی دۆلار بەردەوامە و هیچ کێشەیەک لە بەڕێوەچوونی حەواڵەدا نییە.
رۆژی یەکشەممە، 22ی تشرینی دووەمی 2026، مەحموود داغر، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق لەبارەی بڕیارەکانی دوێنێی ئەنجوومەنی سەقامگیریی دارایی، ئاماژەی بەوە کرد کە مەبەستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی (1520 دینار)، دۆلاری کاش نەبووە، چونکە دۆلاری کاش بۆ گەشتیاران هەر لە بنەڕەتدا بە نرخی فەرمی دەفرۆشرێت، بەڵکو مەبەست لێی ئەوە بووە کە بانکەکان نابێت هیچ عمولە و باجێکی زیادە بخەنە سەر شانی بازرگانان و خاوەن پرۆژەکان لە کاتی بەکارهێنانی حەواڵە.
سەبارەت بە دۆخی دارایی و قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق، مەحموود داغر گوتی: "ئێستا قەبارەی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق 78.5 ملیار دۆلارە، ئەم بڕەش هێشتا لە ئاستێکی گونجاو و بەرزدایە."
لەبارەی هۆکاری دابەزینی قەبارەی یەدەگەکەشی بەراورد بە مانگی رابردوو کە 80 ملیار دۆلار بوو، بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی روونیکردەوە کە دابەزینەکە بەهۆی "دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی عێراق بووە بە دۆلار بۆ هاوردەکردن."
سەبارەت بەوەی ئایا بانکی ناوەندی توانای دابینکردنی تەواوی داخوازیی بازاڕی هەیە لە رووی دۆلاری کاش و حەواڵە، مەحموود داغر ئاماژەی بەوە کرد: "بانکی ناوەندیی عێراق تەواوی داواکارییەکانی گەشتیاران دابین دەکات و هەرگیز لە دابینکردنی پێویستیی بازرگانانیش پاشەکشە ناکات. هەر داواکارییەکی شەرعی کە لە رێگەی بانکەکانەوە لەلایەن بازرگانانەوە پێشکێش بکرێت، دابین دەکرێت. هەروەها هەموو داواکاریی گەشتیارانیش بێ دواکەوتن جێبەجێ دەکرێت."
سەبارەت بە رۆڵی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی شۆردنەوەی پارە لە بەدواداچوون بۆ پارەی تۆڕەکانی قاچاخی نەوت لە بابل و نەجەف، گوتەبێژی بانکەکە روونیکردەوە کە ئەو نووسینگەیە ئەرکەکەی بەدواداچوونی ئەو بەڵگە و راپۆرتانەیە کە بە گومانی پێشێلکردنی رێساکانی پابەندبوون دەگەنە دەستی.
مەحموود داغر دەڵێ: "نووسینگەکە بەشێک نییە لە دەسەڵاتی دادوەری یان دەسەڵاتی هەواڵگری؛ بەڵکو کاتێک راپۆرتی گومانلێکراو لەلایەن بانکەکان یان لایەنە دادوەرییەکانەوە ئاراستە دەکرێت، لێکۆڵینەوە دەکات و بۆچوونی فەرمیی خۆی دەخاتەڕوو."
لەبارەی پرسی فرۆشتنی دۆلار بە نرخی فەرمی لە هەرێمی کوردستان، بەرپرسەکەی بانکی ناوەندی رایگەیاند کە بابەتەکە هێشتا پێویستی بە بەدواداچوونی زیاتر هەیە.
لەبارەی بە ئاستی هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی فیدراڵیی ئەمریکا و وەزارەتی گەنجینە بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی و داواکاری هەژمارە دەرەکییەکان و بازرگانیی دەرەکی، مەحموود داغر گوتی: "هاوئاهەنگییەکان بەردەوامن، ئەم پارانە دارایی و سامانی عێراقن نەک لایەنی دیکە، بەڵام دانانی پارەکە لە رێگەی بانکی فیدراڵیی ئەمریکاوە ئەنجام دەدرێت و ئەمریکا هیچ بڕە پارەیەکی تایبەت بە بازرگانان رەت نەکردووەتەوە و پرۆسەکە بەبێ کێشە بەڕێوەدەچێت."



