رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی عێراق بڕیاری دا بە کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکان لە شەقامەکاندا و رادەستکردنی ئاسایشی شارەکان بە پۆلیسی فریاکەوتن و هاتووچۆ. دەشڵێت: "لە دۆسیەی گەندەڵیدا هیچ کەسێک پارێزراو نابێت."
یاسر مالیکی، وەزیری ناوخۆی عێراق، لەکاتی سەردانێکیدا بۆ بنکەی پۆلیسی کەناڵ لە بەغدا، رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، رایگەیاند: "دەبێت تەواوی هێزە شەڕکەرەکان لە شەقامەکاندا بکشێندرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ فەوجە شەڕکەرەکان، تەنیا پۆلیسی فریاکەوتن و هاتووچۆ لەنێو شارەکاندا بمێننەوە."
فەوجە شەڕکەرەکان کاریان رووبەڕووبوونەوەی چەکداری و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانە، لەکاتێکدا رۆڵی پۆلیسی فریاکەوتن، هاتووچۆ و بنکەکانی پۆلیس تەنیا بریتییە لە پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری، رێکخستنی هاتووچۆ و وەرگرتنی سکاڵای هاووڵاتییان.
وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند: "پێویستە بنکەکانی پۆلیس ببنە شوێنی خزمەتگوزاری و هاوکاریکردنی خەڵک تاوەکو هاووڵاتییان متمانەیان بە دامەزراوە ئەمنییەکان هەبێت."
یاسر مالیکی هۆشدارییەکی تووندی دا لەبارەی گەندەڵی و گوتی: "هەر کەسێک وابیربکاتەوە کە وەزارەت چاوپۆشی لە گەندەڵی دەکات، لەنێو خەیاڵدایە. لێپرسینەوە کەسانی نزیک لە خۆمان دەگرێتەوە پێش ئەوەی بگاتە کەسانی دوور؛ هیچ کەسێک لە سزادان رزگاری نابێت."
وەزیری ناوخۆی عێراق گوتی: "گەندەڵی دامەزراوە ئەمنییەکانی ماندوو کردووە و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە جددی و بە کردار کۆتایی پێبهێنرێت."



