رووداو دیجیتاڵ
دەستەی حەشدی شەعبی گۆڕانکاری لە سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی نێوەڕاست کرد، بە جۆرێک فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەکەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە، دەستپێکردنی بڵاوبوونەوەی لیوای 72ـی لە ناوچەی جورف سەخر (جورف نەسر) و کردنەوەی رێگەی زیارەتکارانی بەرەو کەربەلا راگەیاند. پردی فازلییەش بە رووی زیارەتکاران کرایەوە .
محەممەد مەنسووری، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل، ئەمڕۆ دووشەممە ( 23ی تشرینی دووەمی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دۆخی جورف سەخر ئاساییە بووەتەوە و هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی بکەن، بەتایبەتی خەڵكی ناوچەکە.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای بابل ئاماژەی بەوەکرد، پردی فازلییە کراوەتەوە، ئەوەش کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لە کورتکردنەوەی رێگەی هاتن و چوون خەڵکی بەغدا، بابل و کەربەلا، هەروەها بۆ رێگەی زیارەتکارانیش ئاسانکاری زۆر باشە.
پردی فازڵییە یەکێکە لە پردە ستراتیژییە گرنگەکانی سنووری ناحیەی جورف سەخر. پردەکە دەکەوێتە سەر رووباری فورات و رێگەی سەرەکی نێوان بەغدا، بابل و پارێزگای کەربەلا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. بەهۆی ئەوەی دەکەوێتە سەر رێگەی خێرا و شەقامی بازنەیی، کورتترین رێگەیە بۆ ئەو زیارەتکارانەی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەوە بەرەو کەربەلا دەچن.
بەگوێرەی فەرمانێکی کارگێڕیی نووسینگەی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، کە واژۆی فالح فەیازی لەسەرە و رۆژی یەکشەممە 22ـی تشرینی دووەمی 2026 دەرچووە و وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتوە، بڕیار دراوە بە لادانی عەلی حوسێن وەهاب عەبد لە ئەرکی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی نێوەڕاست. لە هەمان فەرماندا، محەممەد موجتەبا سامی داود وەک فەرماندەی نوێی ئۆپەراسیۆنەکانی فوراتی نێوەڕاست سەرەڕای ئەرکەکانی خۆی راسپێردراوە و بڕیارەکەش لە رۆژی دەرچوونییەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییە کارگێڕی و سەربازییەدا، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی یەکشەممە لیوای 72ـی حەشدی شەعبی دەستی بە جێبەجێکردنی ئەرکی بڵاوبوونەوە لە ناوچەی جورف سەخر کردووە. هەنگاوەکە بەپێی ئەو پلانە داڕێژراوە بووە کە لەلایەن فەرماندەیی بارەگای کۆنترۆڵکەرەوە دانراوە و کارئاسانیی پێویستیش بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکە بە شێوەیەکی رێکوپێک کراوە.
رۆژی هەینی هێزە ئەمنییەکانی عێراق چوونە نێو ناوچەی جورف سەخر، لە باکووری پارێزگاری بابل کە پێشتر لە ژێر کۆنترۆڵی کەتیبەکانی حیزبڵا بوو.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی دەستەی حەشدی شەعبیدا هاتووە، هاوتەریب لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هێزەکانی لیوای 72، لە پردی فازڵییە رێگە بەڕووی ئەو زیارەتکارانەدا کراوەتەوە کە لە رێگەی شەقامی بازنەییەوە بەرەو شاری کەربەلا دەچن یان لێی دەگەڕێنەوە، ئەمەش بە ئامانجی ئاسانکاری بۆ هاتوچۆ و رێکخستنی جووڵەی زیارەتکاران.
2014 کاتێک چەکدارانی داعش دەستیان بەسەر ناوچەی جورف سەخر و دەوروبەریدا گرت، پردی فازڵییە بووە گۆڕەپانی پێکدادانی سەخت، چونکە داعش دەیویست لەم رێگەیەوە بەرەو کەربەلا و حیللە پێشڕەوی بکات. لە کاتی شەڕەکاندا بەشێکی پردەکە تەقێنرایەوە و زیانی زۆری بەرکەوت بۆ رێگریکردن لە جووڵەی هێزەکان.
دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2014 هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی ناوچەکەیان کۆنترۆڵکردەوە، تەواوی ناوچەی جورف سەخر (بە پردی فازڵییەشەوە) کرایە ناوچەی سەربازیی داخراو لە ژێر کۆنترۆڵی گرووپەکانی حەشدی شەعبیدا. بۆ زیاتر لە 10 ساڵ، رێگە بە دانیشتووانە رەسەنەکەی نەدرا بگەڕێنەوە و پردی فازڵییەش بە رووی هاتوچۆی ئاسایی هاووڵاتییاندا داخرا، تەنیا لە هەندێک بۆنەی تایبەتی وەک زیارەتی چلەدا بە شێوەیەکی کاتی و بە رێوشوێنی ئەمنیی زۆر توند دەکرایەوە.



