رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دەڵێ، ساڵی 2027 خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەم(5G ) لە وڵات دەستپێدەکات؛بڕیاریانداوە مۆڵەتەکە بۆ ماوەی 20 ساڵ بێت تاوەکو کۆمپانیاکان وەبەرهێنانی زیاتر بکەن.
بەلیغ ئەبو گلەل، سەرۆکی دەزگەی جێبەجێکردن لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق، رۆژی چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "لەو کاتەوەی دەستبەکاربووین، کار بۆ هێنانی تەکنەلۆژیای نەوەی پێنجەم(5G ) دەکەین، لە ساڵی 2027دا زیادکردنێکی ئاشکرا بۆ مۆڵەتەکان رادەگەیێنین و ماوەی مۆڵەتەکەش دەکەینە 20 ساڵ، تاوەکو کۆمپانیاکان بە دڵنیاییەوە سەرمایەی گەورە لە نێو عێراقدا خەرج بکەن و خزمەتگوزارییەکی باش بدەنە هاووڵاتییان."
بەلیغ ئەبو گلەل راشیگەیاند: "کۆمپانیاکانی (ئاسیاسێڵ و زەین)، توانایان هەیە و ئامادەن بۆ کاراکردنی ئەم خزمەتگوزارییە".
بەلیغ ئەبو گلەل پێشتریش لە لووتکەی گەیاندنی عێراق لە ئەستەنبوڵ رایگەیاندبوو، دەستەکەیان پشتگیری لە هاتنی کۆمپانیایەکی نوێی نیشتمانیی پەیوەندییەکان دەکات بۆ نێو بازاڕ و رێگری لە قۆرخکاریی خزمەتگوزارییەکانی نەوەی پێنجەم(5G ) دەکەن.
سەرۆکی دەزگەی جێبەجێکردن لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق باسی لەوەشکردبوو، بۆ یەکەمجار کۆمپانیای (ئەپڵ) وەک دابینکەرێکی متمانەپێکراوی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە عێراق پەسند کراوە، و کار لەگەڵ (گۆگڵ و سامسۆنگ)یش دەکەن بۆ هەمان مەبەست.
عێراق ماوەیەکی زۆرە ئامادەکاری بۆ کاراکردنی خزمەتگوزاریی نەوەی پێنجەم دەکات، کە خێراییەکی زۆری ئینتەرنێت بۆ بەکارهێنەران دابین دەکات.
پێشتر بڕیار بوو لە سەرەتای ساڵی 2026 ئەم خزمەتگوزارییە دەستپێبکات، بەڵام بەهۆی کشانەوەی هەندێک هاوبەش لە پڕۆژەی (مۆڵەتی چوارەم)، پڕۆسەکە بۆ ساڵی 2027 دواخرا.



