کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

کێڵگەی نەوتی کەرکووک. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو

کێڵگەی نەوتی کەرکووک. وێنە؛ بڵند تاهیر - رووداو

عێراق

لەنێوان دەستوور و بڕیارە نوێیەکەی زەیدی: چارەنووسی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی ماددەی 140

مەحموود بابان

مەحموود بابان

25-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
مەحموود بابان
مەحموود بابان25-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بۆ رووداو: ساڵی 2027 نەوەی پێنجەم(5G) کارا دەکرێ
عێراق25-11-2026

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بۆ رووداو: ساڵی 2027 نەوەی پێنجەم(5G) کارا دەکرێ

نووسینگەی زەیدی: سەرەتای 2027 دەست بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکرێت
عێراق25-11-2026

نووسینگەی زەیدی: سەرەتای 2027 دەست بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکرێت

خەمیس خەنجەر: پشتیوانی لە بانگەوازی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ دەکەین
عێراق25-11-2026

خەمیس خەنجەر: پشتیوانی لە بانگەوازی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ دەکەین


رۆژی 24ی تشرینی دووەمی 2026، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتیی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، چەند بڕیارێکی گرنگی سەرۆکوەزیرانی عێراقی پەیوەست بە نەوت و گاز راگەیاند. سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکان کاردانەوەیان هەبوو و بڕیارەکانیان رەتکردەوە. لێرەدا بە پشتبەستن بە نەخشەی ژمارەیی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی 7 پارێزگای عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و ئەو کێڵگانەی دەکەونە ناوچەکانی ماددەی 140، هەڵوەستە لەسەر بنەمای دەستووری، کاریگەریی بڕیارەکان و داهاتووی 72 کێڵگەی نەوت و گاز دەکەین.


بڕیارەکانی عەلی زەیدی لە چوار بەشدا هاتوون: بڕیار و رێکارە کارگێڕی و سزاییەکان، راسپاردەی کارگێڕی و تەکنیکی، رێکاری ئەمنی و سەربازی و کۆنترۆڵی سنوور، و رێکاری تەکنیکی و چاودێری. بەڵام ئەوەی زیاتر دەیکاتە بڕیارێکی نەوتی، نەک تەنیا بڕیارێکی دژە قاچاخچێتی، بڕگەی دووەم/2/ج یە، کە وەزارەتی نەوت ئاراستە دەکات "هەموو ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە ناو سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی دیالە، کەرکووک، سەڵاحەدین و نەینەوا، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان" بەڕێوە ببات. ئەم بڕگەیە لەگەڵ سێ بڕگەی دیکە تەواو دەبێت: مۆڵەتی هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵەوە دەبێت، دەستەی دەروازە سنوورییەکان کۆنترۆڵی هەموو دەروازەکانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، و پۆلیسی وزە هەموو کێڵگەکان دەپارێزێت و بە کامێرا چاودێرییان دەکات، لەوانەش ئەوانەی لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستاندان.


داتاکانی ئەم راپۆرتە لەسەر بنەمای نەخشەی «Northern Iraq Operator Activity»، تشرینی دووەمی 2024، کە 72 کێڵگە و بلۆکی نەوت و گاز دەگرنەوە. بەمشیوەیەش 29 کێڵگە (40%) دەکەونە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی ناوچەکانی ماددەی 140، 34 کێڵگە (47%) دەکەونە ناوچەکانی ماددەی 140، و 9 کێڵگە (13%) دەکەونە پارێزگا فیدراڵییەکان لە دەرەوەی ئەو ناوچانە. بەڵام دابەشبوونی بەرهەمی نەوت و گاز زۆر لەوە نایەکسانترە: ناوچەکانی ماددەی 140 نزیکەی 77%ی بەرهەمی نەوتی راپۆرتکراوی هەر 7 پارێزگاکەیان هەیە. واتە ئەو ناوچانەی بڕیارەکە راستەوخۆ دەیانگرێتەوە، قورسایی سەرەکیی بەرهەمهێنانی نەوتی پارێزگاکانی فیدراڵی عێراق (لە باکوور).


بنەمای دەستووری بۆ بەڕێوەبردنی نەوت و گاز لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، و بڕیارەکەی زەیدی


دەستووری هەمیشەیی عێراق دابەشکردنی دەسەڵات لەسەر نەوت و گاز لە سێ ئاستدا رێکدەخات: خاوەندارێتی، بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی پاشماوە (الصلاحيات المتبقية). لە ئاستی خاوەندارێتیدا، ماددەی 111 دەڵێت: «نەوت و غازی موڵکی سەرجەم خەڵکی عێراقن لە هەموو هەرێم و پارێزگاکاندا». ئەم ماددەیە خاوەندارێتی دەداتە گەلی عێراق، نەک بە حکومەتی فیدراڵ یان حکومەتی هەرێمی کوردستان.


لە ئاستی بەڕێوەبردندا، بڕگەی یەکەمی ماددەی 112 دەڵێت: «حکومەتی فیدرالی لەگەڵ هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان نەوت و غازی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی ئێستا بەڕێوەدەبات بەمەرجێک داهاتەکانیان بەشێوەیەکی دادپەروەری و بەگوێرەی دابەشبوونی دانیشتوان لەسەرجەم پارچەکانی وڵاتدا دابەش بکرێت». بڕگەی دووەمیش دەڵێت حکومەتی فیدرالی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان «بەیەکەوە هەڵدەستن بە رەنگڕێژکردنی سیاسەتی ستراتیجی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی سامانی نەوت و غاز». بەم پێیە، بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی ئێستا کارێکی هاوبەشە، نەک دەسەڵاتێکی تاکلایەنە.


لە ئاستی دەسەڵاتی پاشماوەدا، ماددەی 110 کە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵ لە نۆ بڕگەدا دەستنیشان دەکات، ناوی نەوت و گاز ناهێنێت. ماددەی 115یش دەڵێت: «هەرشتێک لە سنوری دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدرالیدا ئاماژەی پێنەکرابێت، ئەوە دەبێتە دەسەڵاتی هەرێمەکان و ئەو پارێزگایانەی ناکەونە سنووری هیچ هەرێمێکەوە»، و لە کاتی ناکۆکیدا «پێشینە بۆ یاسای هەرێمەکەیە». حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای نەوت و گازی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە دانا، بەو لێکدانەوەیەی کێڵگە نوێکان، واتە ئەوانەی دوای 2005 دۆزرانەوە، دەکەونە دەرەوەی چوارچێوەی «کێڵگەکانی ئێستا» لە ماددەی 112دا.


ماددەی 140یش رەهەندێکی دیکەی بۆ ئەم پرسە زیاد دەکات. بڕگەی دووەمی دەڵێت دەسەڵاتی راپەڕاندن دەبێت "ئاساییکردنەوە، سەرژمێری، لە کۆتاییدا ئەنجامدانی راپرسی لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە کە ناکۆکیان لەسەرە بۆ دیاریکردنی ویستی هاوڵاتیان» جێبەجێ بکات"، لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە لە مانگی 12/2007 تێپەڕ نەکات». ئەم وادەیە 19 ساڵ لەمەوبەر تێپەڕیوە و پرۆسەکە تەواو نەکراوە، بۆیە چارەنووسی کارگێڕیی ئەو ناوچانە، و ئەو کێڵگانەی تێیاندان، هێشتا یەکلانەکراوەتەوە.


بەڵام لە بڕیارەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەم بۆشاییە دەستوورییەی لەبەرچاو نەگرتووە. بۆیەش لە بڕگەی دووەم/2/ج دوو پێوەر بەکاردەهێنێت: سنووری کارگێڕی، کە سنووری پارێزگاکانی دیالە و کەرکووک و سەڵاحەدین و نەینەوایە، و دەسەڵاتی ئەمنی، کە هی هەرێمی کوردستانە. ئەم دوو پێوەرە پێکەوە بە شێوەیەکی کرداری ناوچەکانی ماددەی 140 دەگرنەوە. دەستەواژەی «سەر بە وەزارەت»یش دوو لێکدانەوە هەڵدەگرێت. بە لێکدانەوەی تەسک، تەنیا ئەو کێڵگانە دەگرێتەوە کە پێش 2005 وەزارەتی نەوت دۆزیبوونییەوە یان بەڕێوەی دەبردن، وەک دۆمی خورمەڵە کە بەشێکە لە پێکهاتەی کەرکووک. بە لێکدانەوەی فراوان، هەموو ئەو کێڵگانەش دەگرێتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای 2005 بە گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەم PSC پێیداون. جیاوازیی نێوان ئەم دوو لێکدانەوەیە، وەک لە بەشی چوارەمدا دەردەکەوێت، جیاوازییەکی گەورەیە لە بڕی ئەو نەوتەی دەکەوێتە بەر بڕیارەکە.


هەروەها، بڕگەکانی دیکەی بڕیارەکە هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی ناوچەکانی ماددەی 140یش دەگرنەوە. بڕگەی دووەم/2/ئەلف دەسەڵاتی مۆڵەتدانی هەناردە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێتەوە. بڕگەی دووەم/2/ب کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکان دەداتە دەستەی فیدراڵ. بڕگەی دووەم/4/د خاڵی پشکنین و تاقیگە لەسەر رێگاکانی چوونە ناو سلێمانی، هەولێر و دهۆک دادەنێت، بۆ پشکنینی ئەو بەرهەمانەی دەنێردرێن بۆ ئەو پارێزگایانە. بڕگەی دووەم/1/ب پێداچوونەوە بە بڕی ئەو نەوتە خاوە دەکات کە وەزارەتی نەوت دەینێرێت بۆ پاڵاوگەکانی بازیان و کار. بەمشێوەیە، بڕیارەکە هەم کێڵگەکان، هەم رێگای هەناردە و هەم بازاڕی ناوخۆی بەرهەمە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.


وێنەیەکی گشتیی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لەم ناوچانەدا


لە 7 پارێزگای فیدراڵی عێراق و هەرێمی کوردستان، کە دهۆک، هەولێر، سلێمانی، نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەدین و دیالەن، 72 کێڵگە و بلۆکی نەوت و گاز هەن. 54 کێڵگەیان نەوتین، 12 کێڵگە گاز و کۆندێنسەیتن و 6 کێڵگە تێکەڵن. تەنیا 22 کێڵگە، واتە 31%، بەرهەمهێنەرن. 9 کێڵگە لە قۆناخی پەرەپێداندان، 13 کێڵگە دۆزینەوە یان هەڵسەنگاندنن، 13 کێڵگە پەرەپێنەدراون، 5 کێڵگە بەرهەمهێنانیان راگیراوە، 8 کێڵگە کۆمپانیاکان دەستبەرداریان بوون یان یەدەگی بازرگانییان نییە، و گرێبەستی پێشووی 2 کێڵگە، بینە باوی و میران، هەڵوەشێنرایەوە و دادگای نێودەوڵەتی لەبارەیانەوە لە 2026 کۆتایی هات.


کۆی بەرهەمی نەوتی خاو و بەرهەمەکانی دیکەی راپۆرتکراوی ئەم کێڵگانە لە تشرینی دووەمی 2024دا نزیکەی 692,700 بەرمیلە لە رۆژێکدا، و بەرهەمی گاز نزیکەی 640 ملیۆن پێ سێجا. خشتەی 1 دابەشبوونی کێڵگەکان و بەرهەم بەسەر سێ ناوچەکەدا نیشان دەدات.


وێنەی 1: نەخشەی 72 کێڵگە و بلۆکی نەوت و گاز لە 7 پارێزگای عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی ماددەی 140

تێبینی 1: داتای کێڵگەکان، بەرهەم و یەدەگەکان لە نەخشەی «Northern Iraq Operator Activity»ی تشرینی دووەمی 2024 وەرگیراون. شوێنی کێڵگەکان نزیکەییە.


2: لە 27ی ئەیلوولی 2025ەوە هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە دەفرۆشرێت، بەڵام کۆمپانیای DNO لە راپۆرتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا بەشێک لە بەرهەمەکەی بە ناوخۆ دەفرۆشێت.


3: گۆڕانکاری زۆر گەورە لەرووی بەرهەمهێنانەوە لەدوای هێرشی درۆنی بۆ سەر کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا هاتووە


دوو وێنەی جیاواز لەم خشتەیەدا دەردەکەوێت. لە نەوتدا، ناوچەکانی ماددەی 140 بە 530 هەزار بەرمیل 77%ی بەرهەمی نەوتی خاو و بەرهەمی دیکەی شلیان هەیە، هەرێمی کوردستان بە 132,700 بەرمیل 19%، و پارێزگا فیدراڵییەکان بە 30 هەزار بەرمیل تەنیا 4%. لە گازدا وێنەکە پێچەوانەیە: هەرێمی کوردستان بە 490 ملیۆن پێ سێجا 77%ی بەرهەمی گازی هەیە، بەتایبەتی لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە. واتە بڕیارەکە ناوەندی نەوتی پارێزگاکانی لە (باکووری) عێراق دەگرێتەوە، بەڵام ناوەندی گاز ناگرێتەوە، کە کۆرمۆرە، لە دەرەوەی بڕگەی دووەم/2/جـە.


ئەم ژمارانە دۆخی تشرینی دووەمی 2024 نیشان دەدەن. دوای هێرشە درۆنییەکان بۆ سەر کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، دوایین ئەپدەیتی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان نیشان دەدات کە بەرهەمی نەوتی خاو و کۆندێنسەیتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خورمەڵە، نزیکەی 258 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، بەراورد بە نزیکەی 302,700 بەرمیل لە هەمان کێڵگەکاندا لە ساڵی 2024. گەورەترین دابەزین لە خورمەڵەدایە، کە لە 95 هەزار بەرمیلەوە بۆ تێکڕای 50 هەزار بەرمیل لەم مانگە و مانگی پێشوودا دابەزیوە. کۆرمۆریش لە 8ی تشرینی دووەمی 2026ەوە بەهۆی هێرشی درۆنی راگیراوە. پێش ئەوە، 700 ملیۆن پێ سێجا گاز، 22 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت و 1,500 تۆن غازی شل (LPG) لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنا. خشتەی 2 هەردوو ئاستەکە لە تەنیشت یەکەوە نیشان دەدات.


لە رووی مۆڵەتیشەوە، 29 کێڵگە بە گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبرێن، 17 کێڵگە بە گرێبەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ یان کۆمپانیاکانی دەوڵەت، و 26 کێڵگە ئێستا مۆڵەتی چالاکیان بۆ نەنووسراوە.




کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێمی کوردستان


لە ناو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و لە دەرەوەی ناوچەکانی ماددەی 140، 29 کێڵگە هەن: 15 لە هەولێر، 8 لە سلێمانی و 6 لە دهۆک، بەسەر 12 قەزادا. 15 کێڵگەیان بە گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبرێن. هیچ کێڵگەیەک لەم ناوچەیەدا گرێبەستی فیدراڵی نییە، و 14 کێڵگەی دیکە مۆڵەتی چالاکیان بۆ نەنووسراوە.


لەم 29 کێڵگەیە، 8 کێڵگە بەرهەمهێنەرن. بەپێی دوایین ئەپدەیت، تاوکێ و پێشخابوور لە زاخۆ نزیکەی 73,000 بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنن. سوارە تیکە و سوارە تیکەی رۆژهەڵات لە بلۆکی سەرسنگ، لەگەڵ ئەترووش، 53,200 بەرمیل بەرهەم دەهێنن. دەمیر داغ و بانان و زێی گەورە لە بلۆکی هەولێر بەشێکن لەو 17,500 بەرمیلەی کێڵگە بچووکەکان. کۆرمۆریش، کە گەورەترین کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستانە، لە 8ی تشرینی دووەمی 2026ەوە بەهۆی هێرشی درۆنی راگیراوە. پێش ئەوە 700 ملیۆن پێ سێجا گاز، 22 هەزار بەرمیل کۆندێنسەیت و 1,500 تۆن غازی شل لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنا.


گرنگیی ستراتیژیی ئەم ناوچەیە لە گازدایە. یەدەگە راگەیەنراوەکانی بنەباوی (8,200 ملیار پێ سێجا)، کۆرمۆر (6,900)، میران (6,600)، چەمچەماڵ (5,700)، کوردەمیر (1,800)، تۆپخانە (1,300) و بازیان (1,200) پێکەوە نزیکەی 31.7 تریلیۆن پێ سێجان. دۆخی دوو گەورەترینیان گۆڕاوە. گرێبەستی میران لە 18ی ئایاری 2025 لە واشنتن تەنیا لەگەڵ کۆمپانیای میران ئێنێرجی واژۆکرا، کە هاوبەشییەکی نێوان HKN و ONEX Groupە. یەدەگی دەرهێنراوی کێڵگەکە نزیکەی 8 تریلیۆن پێ سێجا گازە، و ئامانجی یەکەم بەرهەم 100 ملیۆن پێ سێجا گازە لە نیوەی دووەمی 2027. بنەباوی، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کانوونی یەکەمی 2021 گرێبەستی جێنێڵ ئێنێرجی هەڵوەشاندەوە و دادگای نێودەوڵەتی لە 2026 کۆتایی هات، ئێستا بێ گرێبەستە و چاوەڕێی تەندەرێکی نوێیە.


کێڵگەکانی ئەم ناوچانەی هەرێمی کوردستان ناکەونە بەر بڕگەی دووەم/2/ج، چونکە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندان، نەک لە چوار پارێزگا فیدراڵییەکە. بەڵام بڕگەکانی هەناردە و دەروازە سنوورییەکان و خاڵەکانی پشکنین راستەوخۆ کاریان تێدەکەن. ئەمە بەتایبەتی بۆ ئەو کێڵگانە گرنگە کە بەرهەمەکەیان بە تانکەر بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان دەفرۆشن، وەک DNO، کە لە راپۆرتەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات تا ئێستا بەردەوامە لە فرۆشتنی بەناوخۆ.




تێبینی: ئەم بەشە کێڵگەکانی پارێزگاکانی دهۆک، هەولێر و سلێمانی دەگرێتەوە، بێجگە لە قەزاکانی شێخان، ئاکرێ، بەردەرەش و مەخموور کە لە ناوچەکانی ماددەی 140دان. بازنەی دەوری کێڵگەکان لایەنی مۆڵەتدەر نیشان دەدات.


کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچەکانی ماددەی 140


لەم ناوچانەدا، 34 کێڵگە دەکەونە ناوچەکانی ماددەی 140، بەسەر 15 قەزادا: 8 لە دیالە، 7 لە نەینەوا، 7 لە قەزاکانی شێخان و ئاکرێ و بەردەرەش، 6 لە کەرکووک، 4 لە مەخموور و 2 لە سەڵاحەدین. 11 کێڵگە بەرهەمهێنەرن، بە 530 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. 14 کێڵگە (41%) بە گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستانن، 11 کێڵگە (32%) بە گرێبەستی فیدراڵین، و 9 کێڵگە (26%) مۆڵەتی چالاکیان بۆ نەنووسراوە.


کێڵگەکانی کەرکووک، بای حەسەن، خەباز و جەمبور، کە کۆمپانیای نەوتی باکوور بەڕێوەیان دەبات، 360 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرهەم دەهێنن، کە دەکاتە 68%ی بەرهەمی ئەم ناوچانە. ئەم کێڵگانە پێشتر لەژێر کۆنترۆڵی فیدراڵدان، بۆیە بڕگەی دووەم/2/ج نایانگرێتەوە. ئەو کێڵگانەی بڕیارەکە دەیانگرێتەوە ئەوانەن کە لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان: کێڵگەکانی مەخموور (خورمەڵە، ئیسماعیل، قەرەچووغ و گوێر)، کێڵگەکانی شێخان و ئاکرێ (شێخان، ئەترووش، عەین سفنی، شێخ عادی، بیجیل و بەکرمان)، و کێڵگەکانی گەرمیان (سەرقەڵا و چیای سورخ). ئەمانە 12 کێڵگەن.


لێرەدا جیاوازیی نێوان دوو لێکدانەوەکەی بڕیارەکە دەردەکەوێت. بە لێکدانەوەی تەسک، بڕیارەکە تەنیا کێڵگەکانی خورمەڵە، ئیسماعیل و قەرەچووغ دەگرێتەوە، کە دۆزینەوەی پێش 2005ی وەزارەتی نەوتن. لە 2024دا خورمەڵە 95 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، کە 14%ی کۆی بەرهەمی پارێزگاکانی پاریزگاکانی عێراقی فیدراڵ (لەباکوور) بوو. ئێستا بەرهەمەکەی بە تێکڕا 50 هەزار بەرمیلە، کە دەکاتە 19%ی بەرهەمی ئێستای هەرێمی کوردستان. بەرهەمی گازی خورمەڵە لە هەردوو ماوەکەدا 50 ملیۆن پێ سێجا بووە.


بە لێکدانەوەی فراوانیش، بڕیارەکە شێخان و ئەترووش و کێڵگەکانی دیکەی گرێبەستی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. لە 2024دا خورمەڵە (95 هەزار)، شێخان (48,200) و ئەترووش (26,800) پێکەوە 170 هەزار بەرمیل بوون، کە 25%ی بەرهەمی پاریزگاکانی عێراقی فیدراڵ (لەباکوور) و 32%ی بەرهەمی ناوچەکانی ماددەی 140 بوو. ئێستا خورمەڵە (50 هەزار) و شێخان (42 هەزار) پێکەوە 92 هەزار بەرمیلن، کە 36%ی بەرهەمی ئێستای هەرێمی کوردستانە. بەرهەمی ئێستای ئەترووش لەگەڵ سەرسنگدا 53,200 بەرمیل راپۆرت دەکرێت و جیا نەکراوەتەوە. بۆیە ئەگەر ئەترووشیش زیاد بکرێت، رێژەکە لە 36% زیاتر دەبێت، بەڵام لە 56% کەمترە. جگە لەمانە، سەرقەڵا توانای 30 هەزار و عەین سفنی توانای 12,500 بەرمیلیان هەیە.


هەروەها، ئەم ناوچانە 4 کێڵگەی راگیراویان تێدایە، کە بیجیل، بەعشیقە و زەرتکن لە نیسانی 2023ەوە، و چیای سورخە لە ئابی 2023ەوە. 4 کێڵگەش لە قۆناخی پەرەپێداندان. خەشم ئەحمەر بە یەدەگی 2,200 ملیار پێ سێجا گاز پلانی بەرهەمێکی سەرەتایی 250 ملیۆن پێ سێجای هەیە بۆ دابینکردنی وێستگەی کارەبای مەنسووریە. ئالان و ساسانیش لە تەلەعفەر گرێبەستەکانیان لە تشرینی یەکەمی 2024 پەسەندکران.



تێبینی: سنووری ناوچەکانی ماددەی 140 لەسەر ئاستی قەزا و ناحیە دیاریکراوە: تەلەعفەر، شێخان، ئاکرێ، بەردەرەش، تلکێف، حەمدانیە، بەعشیقە، مەخموور، کەرکووک، دووزخورماتوو، خانەقین و کفری. لایەنی مۆڵەتدەر نیشان دەدات گرێبەستی کێڵگەکە لەگەڵ کام حکومەتە، نەک کێ کۆنترۆڵی ئەمنیی هەیە.




لە دەرەوەی ناوچەکانی ماددەی 140، 9 کێڵگە لە چوار پارێزگا فیدراڵییەکەدا هەن: 5 لە نەینەوا، 3 لە سەڵاحەدین و 1 لە دیالە، بەڵام هەموو کێڵگەکانی کەرکووک دەکەونە ناو ناوچەکانی ماددەی 140، بۆیە هیچ کێڵگەیەکی کەرکووک لەم بەشەدا نییە. ئەم 9 کێڵگەیە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنی و کارگێڕیی حکومەتی فیدراڵدان، بۆیە بڕگەی دووەم/2/ج گۆڕانکارییەکی راستەوخۆیان بەسەردا ناهێنێت.


تەنیا 3 کێڵگە بەرهەمهێنەرن. عجیل و حەمرین لە تکریت نزیکەی 30 هەزار بەرمیل نەوت و 100 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەم دەهێنن، و لە نیسانی 2024 وەزارەتی نەوت رەزامەندیی راستەوخۆی بە گرووپی کار دا بۆ نۆژەنکردنەوەی عجیل. بەتمە لە مووسڵ سێیەم کێڵگەی بەرهەمهێنەرە. هەروەها، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ گرێبەستی لەگەڵ HKN کردووە بۆ پەرەپێدان و زیادکردنی بەرهەمهێنان لە حەمرین.


گرنگیی ئەم ناوچەیە لە یەدەگی پەرەپێنەدراودایە. کۆی یەدەگی راگەیەنراوی ئەم 9 کێڵگەیە نزیکەی 6.5 ملیار بەرمیل نەوتە. گەورەترینیان حەمرین (1,890 ملیۆن بەرمیل)، قەییارە (1,520)، نەجمە (1,120) و جەوانن (1,010). قەییارە و نەجمە کێڵگەی نەوتی قورسن و لەژێر گرێبەستی سۆنانگۆلدان. مەنسووریە لە دیالە بە یەدەگی 4,500 ملیار پێ سێجا گاز، لە تشرینی یەکەمی 2024 گرێبەستی پەرەپێدانی پەسەندکرا بە ئامانجی 300 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا لە ماوەی 4 بۆ 5 ساڵدا.


کاریگەریی بڕیارەکە لەسەر ئەم ناوچەیە ناڕاستەوخۆیە. بڕگەی سێیەم/ب رێگا نافەرمییەکانی نێوان ئەم پارێزگایانە و هەرێمی کوردستان دادەخات، و بڕگەی چوارەم/هـ کارگەکانی قیری ئۆکسێدکراو و نەفتا لە ماوەی شەش مانگدا دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی فیدراڵ. ئەمانە لە ناو ئەم ناوچەیەدا جێگیر دەکرێن.


وێنەی 4: کێڵگە نەوتی و گازییەکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و دیالە لە دەرەوەی ناوچەکانی ماددەی 140

تێبینی: یەدەگەکانی ئەم بەشە بەپێی ژمارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ساڵی 2010ن و لەگەڵ یەدەگی 2P و 2C ی کۆمپانیاکان بەراورد ناکرێن. هەموو کێڵگەکانی کەرکووک دەکەونە ناوچەکانی ماددەی 140.


کۆتایی


بەپێی ماددەکانی دەستوور، بڕیارەکەی زەیدی و داتاکان دەتوانین سێ دەرئەنجام بخەینەڕوو. یەکەم، بڕیارەکەی زەیدی ئەو ناوچەیە دەگرێتەوە کە 77%ی بەرهەمی نەوتی عێراقی فیدراڵی (لە باکوور) تێدایە. بەڵام بەشی هەرە زۆری ئەو بەرهەمە، کە 360 هەزار بەرمیلی کێڵگەکانی کەرکووکە، پێشتر لەژێر بەڕێوەبردنی فیدراڵدایە. ئەوەی بڕیارەکە دەیگۆڕێت، بەڕێوەبردنی 12 کێڵگەیە کە لە رووی ئەمنییەوە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان. بەرهەمی ئەم کێڵگانە بەپێی داتای 2024 لە نێوان 95 هەزار و 170 هەزار بەرمیل بوو، و بەپێی دوایین ئەپدەیت لە نێوان 50 هەزار و 92 هەزار بەرمیلە بێ ئەترووش، بەپێی ئەوەی کام لێکدانەوەی "سەر بە وەزارەت" پەیڕەو بکرێت. ئەمەش لە نێوان 19% و 36%ی بەرهەمی ئێستای هەرێمی کوردستانە، و ئەگەر ئەترووشیش زیاد بکرێت زیاتر دەبێت.


دووەم، بڕیارەکە لە رووی دەستوورییەوە لەسەر بنەمایەکی ناجێگیر وەستاوە. ماددەی 112 بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی ئێستا دەکاتە کارێکی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان، ماددەی 110 نەوت و گاز ناخاتە ناو دەسەڵاتە تایبەتەکانی فیدراڵەوە، و ماددەی 140 چارەنووسی ناوچەکان یەکلانەکردووەتەوە. بۆیە بڕیارێکی کارگێڕی کە بەڕێوەبردنی تاکلایەنە دەسەپێنێت، لەگەڵ ماددەی 112 یەکناگرێتەوە، مەگەر لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی هاوبەشدا جێبەجێ بکرێت.


سێیەم، داهاتووی ئەم کێڵگانە بە سێ رێگادا دەڕوات. یەک، جێبەجێکردنی بە رێککەوتن، کە بەغدا و هەولێر لیستێکی هاوبەش بۆ کێڵگەکان و میکانیزمێکی بەڕێوەبردنی هاوبەش دابنێن. ئەمە نزیکترین رێگایە لە ماددەی 112. دوو، جێبەجێکردنی تاکلایەنە، کە ئەگەری راگرتنی بەرهەم لە کێڵگەکانی وەک شێخان و ئەترووش زیاد دەکات و کار لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان دەکات. سێیەم، مانەوەی بڕیارەکە لە ئاستی دەقدا بەبێ جێبەجێکردنی کرداری، وەک زۆرێک لە بڕیارەکانی پێشووتر. لە هەر سێ رێگاکەدا، نەبوونی یاسایەکی فیدراڵی بۆ نەوت و گاز و یەکلانەبوونەوەی ماددەی 140 هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکە دەمێننەوە.

سەرچاوەکان


1. دەستووری کۆماری عێراق 2005، ماددەکانی 110، 111، 112، 115 و 140 — وەشانی کوردیی فەرمی، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، www.parliament.iq.


2. بەیاننامەی فەرمیی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەربارەی راپۆرتی لیژنەی تایبەتی لێکۆڵینەوە لە قاچاخچێتیی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، 24ی تشرینی دووەمی 2026.


3. راپۆرت و ئاشکراکردنە فەرمییەکانی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بۆ دوایین ئەپدەیتی بەرهەمهێنان (DNO، Gulf Keystone، HKN Energy و Dana Gas)، 2026.


4. نەخشەی «Northern Iraq Operator Activity»، تشرینی دووەمی 2024، پێوەر 1:400,000.



بابەتی پەیوەندیدار

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بۆ رووداو: ساڵی 2027 نەوەی پێنجەم(5G) کارا دەکرێ
عێراق25-11-2026

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق بۆ رووداو: ساڵی 2027 نەوەی پێنجەم(5G) کارا دەکرێ

نووسینگەی زەیدی: سەرەتای 2027 دەست بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکرێت
عێراق25-11-2026

نووسینگەی زەیدی: سەرەتای 2027 دەست بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان دەکرێت

خەمیس خەنجەر: پشتیوانی لە بانگەوازی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ دەکەین
عێراق25-11-2026

خەمیس خەنجەر: پشتیوانی لە بانگەوازی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ دەکەین

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە