رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، بژاردەی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان ئەستەمە و ئەو گرژییەی لە میدیادا دەبینرێت لە راستیدا نییە. دەشڵێت، بڕیاری ژمارە 218ـی دادگەی فیدراڵ بابەتی نوێی تێدا نییە و تەنیا دووبارەکردنەوەی بڕیار و راڤەکردنە دەستوورییەکانی پێشووە، کە پێشتر هەرێمی کوردستان خۆی زۆرینەی ئەو خاڵانەی نێو بڕیارەکەی جێبەجێکردووە.
بناس دۆسکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا باسی لە پێشهاتەکانی دوای بەیاننامەکەی گوتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵ و جووڵەکانی نێو پەرلەمانی عێراق کرد. ئاشکراشیکرد کە دوو رۆژە لەنێو پەرلەمانی عێراقدا هەوڵی کۆکردنەوەی واژۆ بۆ پاڵپشتیی بڕیارەکانی عەلی زەیدی دژی هەرێمی کوردستان دەدرێت؛ لە 180 پەرلەمانتاری شیعە کەمتر لە 60 پەرلەمانتاریان واژۆیان کردووە و دوو پەرلەمانتاری کوردیش واژۆی پاڵپشتییەکەیان کردووە کە پەرلەمانتارێکیان لە فراکسیۆنی هەڵوێستە و ئەوی دیکەشیان لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە.
بەیاننامە سەربازییەکە و کاردانەوەکانی
دۆسکی ئاماژەی بەوەکرد، بەیاننامەکەی گوتەبێژی سەربازی بە ناوی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە لە هەرێمی کوردستاندا بووە جێگەی سەرسووڕمان، چونکە بە گوتەی ئەو بێگەڕانەوە و گفتوگۆ دەرکراوە. گوتیشی، وەڵامدانەوەی سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەیاننامە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی و هەڵوێستی "سەرۆک بارزانی" بوونە هۆی دروستبوونی گوشار، بە جۆرێک دوای کاژێر 12ـی شەو سەرۆکوەزیرانی عێراق بەیاننامەیەکی دیکەی دەرکرد و رایگەیاند کە بڕیارەکان عێراقین و لەژێر گوشاری هیچ دەوڵەتێکدا نەبوون.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد، ئەنجوومەنی دادوەری و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش لە بەیاننامەکانیاندا پشتیوانییان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەت بەپێی دەستوور و لە رێگەی گفتوگۆوە کردووە.
پوختەی بڕیاری 218ـی دادگەی فیدراڵ
سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 218ـی دادگەی فیدراڵ کە لەسەر داوای راڤەکردنی چەند مادەیەکی یاسایی لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەرچووە، بناس دۆسکی دەڵێت، بڕیارەکە لەبارەی هەرێمی کوردستان شەش بۆ حەوت خاڵ لەخۆدەگرێت، لەوانە:
پرسی سەربازی: ماف دەداتە سەرۆکوەزیران وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە هەموو عێراقدا بە هەرێمی کوردستانیشەوە کۆنترۆڵی سوپا بکات؛ ئەم خاڵە کێشەی نییە، چونکە پاسەوانی سنوور سەر بە سەرۆکوەزیرانی عێراقە و ئەندامەکانی کوردن.
دەروازە سنوورییەکان: جەخت لە کۆنترۆڵی فیدراڵ دەکاتەوە، کە بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە زیاتر لە 10 ساڵە نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵ لە دەروازە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستاندان و بەپێی مادەی 114ـی دەستووریش بەڕێوەبردنی گومرگ و داهاتەکان هاوبەشە.
بەدیجیتاڵکردنی سنوورەکان: پەیوەستە بە جێبەجێکردنی سیستەمی ئەسیکۆدا، کە پێشتر هەردوو حکومەت لەسەری رێککەوتوون و هێشتا نەچووەتە واری جێبەجێکردنەوە.
نەوت: رێگە بە بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان دەدات لەژێر سەرپەرشتی و رێنماییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق؛ بۆ ئەمەش لە مانگی ئەیلوولی 2025ـەوە نەوتەکە رادەستی حکومەتی فیدراڵ کراوە و کۆمپانیای سۆمۆ دەیفرۆشێت، بۆیە کێشە لەسەر ئەم خاڵە نەماوە.
سنووری پێش 2003: داوادەکات هەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بۆ سنوورەکانی پێش رووخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003ـدا؛ لەوبارەیەوە دۆسکی پێیوایە ئەگەرچی ئەمە رەنگە مشتومڕ دروستبکات، بەڵام دادگەی فیدراڵ خۆی دەڵێت بەپێی مادەی 140ـی دەستوور پێویستە راپرسی لەو ناوچانەدا بکرێت.
کۆکردنەوەی واژۆ لە پەرلەمان
بناس دۆسکی بژاردەی سەربازی دژی هەرێمی کوردستان بە "ئەستەم" ناوبرد و رایگەیاند، حکومەتی عێراق پێشبینیی ئەو کاردانەوە بەرفراوانەی هەرێمی کوردستانی نەدەکرد کە لە هەموو ئاستەکاندا بەرامبەر بڕیارەکان دروستبوو. دڵنیاییدەدات کە هیچ هەڵکشانێکی سەربازی روونادات و کێشەکان بە دانوستاندن لەنێوان هەردوو حکومەت چارەسەردەکرێن، چونکە بە گوتەی ئەو، ئەو کێشانە هی ئێستا نین، ریشەیان هەیە و پێویستیان بە چارەسەری ریشەییە.
لەبارەی کۆکردنەوەی واژۆ لە پەرلەمانی عێراق بۆ پشتیوانیکردن لە بڕیارەکانی زەیدی، دۆسکی گوتی، لە دوو رۆژی رابردوودا هەڵمەتێک بۆ کۆکردنەوەی واژۆ لە پەرلەمانی عێراقدا بەڕێوەچوو، زۆرینەی ئەو کەسانەی واژۆیان کردووە لە فراکسیۆنە شیعەکان بوون؛ لە کۆی 180 پەرلەمانتاری سەر بە لایەنە شیعەکان تەنیا 60 پەرلەمانتاریان واژۆیان کردووە، لەگەڵ یەک دوو پەرلەمانتاری سوننە و دوو پەرلەمانتاری کوردیش واژۆی پاڵپشتیی بڕیارەکانیان کردووە کە پەرلەمانتارێکیان سەر بە فراکسیۆنی هەڵوێستە و ئەوی دیکەشیان سەر بە کۆمەڵی دادگەرییە.
بناس دۆسکی پێیوایە وێڕای ئەوەی کۆکردنەوەی زیاتر لە 50 واژۆ رێگە بە داواکردنی دانیشتنی پەرلەمان دەدات، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی پشووی یاسادانانی پەرلەمان لە 1ـی کانوونی یەکەمەوە، هیچ دانیشتنێک ناکرێت.
جورف سەخر و بەقاچاخبردنی نەوت
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی گۆڕینی ئاراستەی هەڵمەتە میدیاییەکانی عێراق لە دۆسیەی جورف سەخرەوە بۆ هەرێمی کوردستان، بناس دۆسکی کە ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز و ئەو لیژنە پەرلەمانییەش بووە کە بۆ ئەو مەبەستە پێکهێنرابوو، لە رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: "جورف سەخر ناوچەیەکی سەربازییە و بیری نەوتی تێدا نییە، بەڵکو بۆری پێدا تێدەپەڕێت؛ بۆرییەکە کونکراوە و دزییەکی ئاشکرای لێدەکرێت."
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، دۆسکی ئاماژەی بەوەکرد کە لە راپۆرتەکەدا تەنیا باس لەوە کراوە کە قاچاخچێتیی نەوت "لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە" بەرەو ئێران و ئەفغانستان دەکرێت، نەک لەنێو هەرێمی کوردستاندا. سەبارەت بە پێشابوور ئاماژەی بەوەدا کە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ (DNO)ـی نەرویجی بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە نەوت بە کڕیارە نێوخۆییەکان دەفرۆشێت، چونکە حکومەتی عێراق زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار قەرزداریەتی.
گوتیشی، کۆمپانیای "وود ماکێنزی" کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە راسپێردراوە، توێژینەوەی لەسەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پێشکێشکردووە و هەموو وردەکارییەکان لای بەغدا روونن، بەڵام "هاندانی شەقام و میدیای دژبەر" دۆخەکەیان دروستکردووە، هەربۆیە بەراوردکردنی هەرێمی کوردستان بە جورف سەخر بەراوردکارییەکی نادادپەروەرانەیە.



