رووداو دیجیتاڵ
بانکی ناوەندیی عێراق دەستبەسەرداگرتنی بڕێک دراوی ساختەی عێراقی و بیانی لەنێو مامەڵەکارانی دارایی رادەگەیێنێت و هۆشداری دەدات، هەر کەسێک مامەڵەیان پێوە بکات رووبەڕووی سزای قورسی یاسایی دەبێتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕێک دراوی ساختەی نیشتمانی و چەند دراوێکی بیانیان لەنێو مامەڵەکارانی کەرتی داراییدا ئاشکرا کردووە، کە هەندێک لایەن هەوڵدەدەن بە بیانووی ئەوەی "یاریی منداڵانن" لە بازاڕەکاندا ساخیان بکەنەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە یەکێک لە گۆشەکانی ئەو دراوە ساختانەدا بە پیتی بچووک و رەنگی کاڵ دەستەواژەکانی وەک (باطل)، (Copy) یان (Fake) چاپکراون. بانکی ناوەندی جەختدەکاتەوە: "نیشاندانی ئەم دراوانە وەک یاریی منداڵان، تەنیا فێڵ و ساختەکارییە و هەندێک کەس لە رێگەی قۆستنەوەی هاوشێوەیی قەبارە و شێوەی گشتییان لەگەڵ دراوی راستەقینەدا، بۆ بەدەستهێنانی قازانجی نایاسایی بەکاریان دەهێنن."
بانکی ناوەندیی عێراق روونیکردووەتەوە، مامەڵەکردن یان بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە دراوانە بە هەر شێوەیەک بێت، بە تاوان دادەنرێت و بەپێی ماددەکانی (49/ أ)، (55) و (56/ بڕگەی 4) لە یاسای بانکی ناوەندیی عێراقی ژمارە (56)ـی ساڵی 2004 دەچێتە خانەی ساختەکاری و فێڵکردنەوە و سزای یاسایی لەسەرە.
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا بانکەکە داوا لە هەمووان دەکات وریا بن و بە تەواوی خۆیان لە مامەڵەکردن بەو دراوە ساختانەوە بپارێزن، تاوەکو رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی نەبنەوە و سەقامگیریی بازاڕ و مامەڵە داراییەکانیش پارێزراو بن.



