رووداو دیجیتاڵ
شرۆڤەکارێکی ئەمنیی ئەمریکی لەبارەی گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هۆشداریدەدات لەوەی هەر تێکچوونێکی دۆخی ئەمنیی هەرێمی کوردستان تەنیا لە بەرژەوەندیی ئێراندا دەبێت و ئەمریکا بێدەنگ نابێت.
عەلی زەیدی رۆژی سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرمانیدا بە گرتنەدەستی دەروازە سنوورییەکان و ژمارەیەک کێڵگەی نەوتی کە ماوەیەکی زۆرە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن. کێن شۆکلی، پسپۆڕی سیاسی و ئەمنی و شارەزا لە کاروباری عێراق کە پێشتر راوێژکار و راهێنەری ئەمنی بووە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە عێراق و کوردستاندا، رۆژی پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لە بووڵتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا کە نالین حەسەن پێشکێشی دەکات، رایگەیاند ئەمریکا دەیەوێت هەرێمی کوردستان و بەغدا بە سەقامگیری بمێننەوە، چونکە نائارامی تەنیا خزمەتی ئامانجەکانی ئێران دەکات.
شۆکلی گوتی: "من لەو باوەڕەدام کە ئەمریکا لە رووی دیپلۆماسییەوە دەستوەرداندەکات و ئەگەر دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەرچوو، وەک هەنگاوی کۆتایی لە رووی سەربازییەوە دەستوەرداندەکات. نائارامبوونی هەرێمی کوردستان تەنیا خزمەتی ئێران دەکات و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تێکدەدات."
سەبارەت بە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، کێن شۆکلی پێیوایە سوپای عێراق ئەو توانایەی نییە کە بتوانێت بە سەرکەوتوویی شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە بکات؛ گوتیشی: "ئەگەر سوپای عێراق ئەو کارە بکات، دۆخەکە تێکدەچێت و سەقامگیریی بەغداش دەکەوێتە مەترسییەوە؛ ئەمەش تەنیا لە بەرژەوەندیی ئێراندا دەبێت."
سەبارەت بە هۆکاری پەیڕەوکردنی ئەم سیاسەتەی بەغدا، شۆکلی پێیوایە "تاکە شتێک کە دەبێتە هۆی تێکدانی کوردستان، ناکۆکییەکانی نێوخۆی هەرێمی کوردستان خۆیەتی کە دەرفەت بۆ بەغدا و ئێران دەڕەخسێنێت."
لە کاردانەوەی فەرمانەکەی عەلی زەیدیدا، هەردوو حیزبە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ناکۆکییەکانی نێوانیان وەلانا و لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا جەختیانکردەوە: "هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێن و خەباتی درێژخایەنی گەلی کوردستانە و هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ماف و دەستکەوتەکانی هێڵی سوورە."
ئەم هەنگاوەی زەیدی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستاندا تەنیا چەند رۆژێک دوای رووداوەکانی جورف سەخر دێت کە بەتەواوی لەژێر دەستی کەتائیب حیزبوڵڵادا بوو، کە بە بەهێزترین گرووپی نزیک لە ئێران لە عێراقدا دەناسرێت و بە رێککەوتن هێزی فەرمیی عێراقیش چوو بۆ ئەوێ. شۆکلی جەختدەکاتەوە کە واشنتن لە رێگەی گوشارە دیپلۆماسییەکانەوە کاردەکات بۆئەوەی رێگری لە هەر گرژییەکی سەربازی بکات کە دۆخی عێراق بەرەو نائارامیی زیاتر ببات.


