رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەزامەندیی لەسەر گۆڕینی سێ وەزیر داوە و سەرۆکوەزیرانی عێراقی سەرپشک کردووە لە دوورخستنەوەیان، بەڵام گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر (یەکێک لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەزامەندیی لەسەر گۆڕینی سێ وەزیری حکومەتەکەی عەلی زەیدی داوە، کە بریتین لە وەزیرانی نەوت، گواستنەوە و گەیاندن."
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی بەدر، چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەرۆکوەزیرانی عێراقی سەرپشک کردووە بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست تاوەکو کەسانی دیکە لە شوێنی ئەو سێ وەزیرە دابنرێن.
ئەو سێ وەزیرەی باس لە گۆڕینیان دەکرێت بریتین لە:
باسم محەممەد خزەیر عەبادی، وەزیری نەوت (لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان).
مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن (لە هاوپەیمانیی ئەبشیر یا عێراق).
وەهب حەسەنی، وەزیری گواستنەوە (لە رێکخراوی بەدر).
هاوپەیمانیی "ئەبشیر یا عێراق" بە سەرۆکایەتیی هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا کردبوو، لەبەرامبەردا ئەنجوومەنەکە هەواڵی گۆڕینی وەزیرەکەیان رەتدەکاتەوە.
عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی: " بابەتێکی لەم شێوەیە لەئارادا نییە."
ئەم مشتومڕە لەکاتێکدایە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا دووجار دەنگۆی دوورخستنەوە یان دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری نەوتی عێراق لەلایەن وەزارەتەکە و خودی وەزیرەوە رەتکراوەتەوە. هەروەها رۆژی سێشەممەی رابردووش مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن هەواڵی دوورخستنەوەی رەتکردەوە و رایگەیاند، کەس لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ نەکردووە و لە پۆستەکەی بەردەوامە.



