رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، لیژنەیەکی ئەمنی و تەکنیکیی حکومەتى فیدراڵى لە بارەی بەقاچاخبردنی نەوت سەردانی ئەو پارێزگایە دەکات.
محەممەد کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لیژنەکەی بەغدا لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی نەینەوا بکات و لەگەڵ ئەو لایەنانە کۆببێتەوە کە پەیوەندیدارن بە پرسی بەقاچاخبردنی نەوت."
بەگوێرەی راپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی حکومەتی فیدراڵی، بەشێک لە بەقاچاخبردنی نەوت لە سنووری ئەو پارێزگایەوە دەکرێت.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند: "ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نەینەوا هەندێک رێکاری بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت گرتووەتەبەر و یەکێک دەبێت لەو لایەنانەش دەبێت کە لیژنەکەی بەغدا لەگەڵیان کۆدەبێتەوە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەبارەی ئەو شوێنانەی کە نەوتی لێوە بە قاچاخ دەبرێت."
لە 13ی تشرینی دووەمەوە رێکارەکانی لیژنەیەکی حکومەتی فیدراڵ بۆ لێکۆڵینەوە لە بەقاچاخبردنی نەوت دەستی پێکردووە کە سەرەداوەکەی لە ناحیەی جورف سەخر لە بابل دەرکەوت.
سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، کە داوای کردووە ئاگاداری لێکۆڵینەوەی ئەو لیژنەیە بن کە لە بەغداوە سەردانی نەینەوا دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لە دروستیی ئەو زانیارییانەی پێی گەیشتوون.
گەیارە دیارترین کێڵگەی نەوتە لە نەینەوا کە ئێستا نەوتی لێوە هەناردە دەکرێت و بەشێک لە بەرهەمەکەشی بۆ بەکارهێنانی نێوخۆییە.



