رووداو ديجيتاڵ
فەرماندەی هێزی پاسەوانیی سنووری عێراق رایگەیاند، کە دەستیان کردووە بە داخستنی دەروازە نافەرمییەکان و هەوڵ هەیە بۆ یەکخستنی ناوەندێتیی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەروازەکانی دیکەی عێراق.
محەممەد عەبدولوەهاب سەعیدی، فەرماندەی پاسەوانیی سنووری عێراق رایگەیاند، کە دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ داخستنی سەرجەم دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان.
24ی تشرینی دووەم، عەلی فالح زەیدی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دا بەوەی پاسەوانیی سنوور سەرجەم دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابخات.
محەممەد عەبدولوەهاب سەعیدی، بە میدیای فەرمیی عێراقی راگەیاندووە، کە هێزی پاسەوانیی سنوور تایبەتمەندە بە هێڵی سنوور نەک دەروازەکان، ئەو دەروازانە لە تایبەتمەندیی دەستەی دەروازە سنوورییەکانە و هەوڵ هەیە بۆ یەکخستنی ناوەندێتیی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەروازەکانی دیکەی عێراقدا".
لە هەرێمی کوردستان سێ دەروازەی فەرمی لەگەڵ تورکیا و ئێران و زیاتر لە 20 دەروازە و رێڕەوی نافەرمیی دیکە هەن، کە حکومەتی فیدراڵی بە فەرمی نەیناساندوون.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: فەرمانی داخستنی دەروازە نافەرمییەکانیان پێگەیشتووە و وەک قۆناخی یەکەم ئەو رێگە لاوەکییانە دادەخەن، کە لەسەر سنوورن و دواتر رێکارەکان بۆ داخستنی دەروازە نافەرمییەکان دەگرنەبەر.




