رووداو دیجیتاڵ
دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی عێراق سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر گرووپێکی 11 کەسیدا سەپاند، بە تاوانی بەقاچاخبردنی نەوت بۆ وڵاتانی دراوسێ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دادگەی ناوەندیی تاوانەکانی عێراق سەر بە سەرۆکایەتیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا / رەسافە، بڕیاری سزادانی بۆ 11 کەس دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری قاچاخچێتیی نەوت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، دادگاکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەحمەد محەممەد خەلەف و ئەندامێتیی هەردوو دادوەر خالید حەکیم لەتیف و مەیسوون محەممەد عیسا، سزای 15 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر هەریەک لەو 11 کەسەدا سەپاندووە.
دادگە بڕیارەکەی بە پشتبەستن بە ماددەی چوارەم/1 و بە ئاماژەدان بە ماددەی دووەم/2ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە 13ـی ساڵی 2005 و ماددەی 132/1ـی یاسای سزادان دەرکردووە، ئەوەش لەسەر تاوانی "بەقاچاخبردنی نەوت بۆ وڵاتانی دراوسێ".
هەروەها لە بڕیارەکەدا هاتووە، ماوەی راگیرانی سزادراوەکان لە رێککەوتی 19ـی ئەیلوولی 2026 تاوەکو 25ـی تشرینی دووەمی 2026 بۆیان هەژمار دەکرێت، هاوکات مافی داواکردنی قەرەبوو لە بەردەم دادگە مەدەنییەکان بۆ لایەنە زیانلێکەوتووەکان پارێزراو دەبێت دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت.
ناوی سزادراوەکان بەپێی نووسراوەکەی دادگە بریتین لە:
1. بەهجەت کەریم وادی مووسا روبەیعی
2. ئەمجەد کەریم وادی مووسا روبەیعی
3. حەیدەر نەجم عەبدوڵڵا عەکار عەتابی
4. ئەحمەد عەبدولزەهرە مەجۆ کازم ساعدی
5. ئەحمەد حەسەن عەبدولحوسێن عەواد غزی
6. حەمید عەبدولڕەزا حەمید عەبدوڵڵا تەمیمی
7. ماجد کەریم سەلمان خەلەف تەمیمی
8. ئەحمەد فازڵ کەریم بەراک مەکتووفی
9. محەممەد مستەفا محەممەد خزەیر روبەیعی
10. حوسێن ئەمجەد کەریم وادی روبەیعی
11. قاسم سالم حەمید عەباس روبەیعی



