رووداو دیجیتاڵ
عەلى فالح زەیدى، سەرۆکوەزیرانى عێراق رایگەیاند، هەرێمى کوردستان بە خەبات و قوربانیدانى گەلى کورد دروست بووە و سوپا لە سنوورەکان دەبێت و ناچێتە ناو شارەکانەوە.
ئەو قسانەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ پەرلەمانتارانى هەرسێ فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان، رەوتى هەڵوێست و کۆمەڵى دادگەرى کوردستان لە بەغدا .
عەلى فالح زەیدى گوتى:" تایبەتمەندیى هەرێمى کوردستان لەبەرچاو دەگرین، ئەم هەرێمە بە خەباتى گەلى کورد و قوربانییەکانى دروست بووە و عێراقیەکانیش پاڵشتى بوون، بەڵام پێویستە ئیدارەى هەرێم لەگەڵ عێراقى نوێ بگونجێت کە بە قوربانى گەلى عێراق دروست بووە."
کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێى ئەو رێکارانە بووە کە حکومەتى فیدڕاڵى بەم دواییە بە پاساوى رێگرى لە بەقاچاخبردنى نەوت بەرامبەر بەهەرێمى کوردستان گرتوونیەتیەبەر و هاوڕۆژ بوو لەگەڵ داخستنى هەندێک لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان (ئەوانەی بەغدا بە فەرمی دانی پێدا نەناون) لەلایەن هێزەکانى پاسەوانى سنووریی عێراقەوە.
سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نێو کۆبوونەوەکەدا گوتى: "سوپا بۆ هەموو نیشتمانە، کورد و عەرەب و هەموو پێکهاتەکانى تێدایە، بوونى لە سنوورى نێودەوڵەتیى عێراق دەبێت نەک لە ناو شارەکان وەک ئەوەى هەندێک بانگەشەى بۆ دەکەن، ئامانج لەوە رێگرییە لە فێڵکردن و بەقاچاخبردن".
بە گوتەى عەلى فالح زەیدى، هەندێک دەیانەوێ گەلى کورد بخەنە ناو قەیرانى بەقاچاخبردنى نەوتەوە تاوەکو هەژموون و پارەو هەژمارەکانی خۆیان لە لێپێچینەوەى یاسایی بپارێزن.
24ی تشرینی دووەم، عەلی فالح زەیدی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق چەند بڕیارێکى بە پاساوى رێگرى لە بەقاچاخبردنى نەوت دەرکرد لەوانە گەڕاندنەوەى کێڵگەکانى نەوت لە ناوچەکانى سنوورى مادەى 140 بۆ سەر وەزارەتى نەوت و بوونى سوپا لە دەروازە سنوورییەکانى هەرێمى کوردستان و داخستنى ئەو دەروازانەی خۆی پێیوایە نافەرمین.



