رووداو دیجیتاڵ
دوو سکاڵای دیکە لە دادگەی فیدراڵیی عێراق لە دژی بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستان تۆمار دەکرێت کە رێگە نادات هیچ یاسا و بڕیارێکی حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ بکرێت تاوەکو رەزامەندیی خۆی لەسەر نەبێت. پێشتر سکاڵایەکی هاوشێوە تۆمار کرابوو و دادگە تاوتوێکردنی هەرسێکیانی خستووەتە یەک رۆژەوە.
هەردوو سکاڵانامە نوێیەکە دەست رووداو کەوتوون کە دوو کەس لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تۆماریان کردووە.
سکاڵاکان لە دژی بڕگەی 2 لە بڕیارێکی پەرلەمانی کوردستانە کە لە 31ی ئابی 1992 دەرکراوە و تێیدا ئاماژە بەوە دراوە کە هەر یاسا و بڕیار و پەیڕەو و رێنماییەک لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەربچن، لە هەرێمی کوردستان کارا نابن تاوەکو پەرلەمان بە بڕیار رەوایەتی بە جێبەجێکردنی نەدات.
پاساوی هەردوو سکاڵاکارەکە ئەوەیە کە یاسای لێبووردنی گشتیی عێراق نەیگرتوونەتەوە کە لە ساڵی 2025 لە پەرلەمانی عێراق دەرچووە و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو بڕیارەی پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی دەستوورە لەوەی پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتە تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان لەو دەستوورەدا.
پێشتر سکاڵایەکی هاوشێوە لە دادگەی باڵای فیدراڵی لەلایەن هاووڵاتییەکی کوردی رۆژئاوای کوردستانەوە تۆمار کرابوو، دادگەی باڵای فیدراڵی لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ یەکەم دانیشتنی لەسەر ئەو سکاڵایە کرد و دواخست.
بەگوێرەی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، هەر سێ سکاڵاکە لە 14ی کانوونی یەکەم دەکرێت.
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئاگاداری دانیشتنەکانن و وەڵامنامەی سکاڵاکانیان ناردووە و ئامادەی دانیشتنەکەش دەبن.




