کوردیKURDÎENGLISHTÜRKÇEعربي
Rudaw Logo
راستەوخۆ
کوردستانهەواڵە ناوخۆییەکاندیاسپۆرا
رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
جیهانئابووریهەڤپەیڤینتەندروستیپۆدکاستبیروڕاکولتووروەرزشمەڵتیمیدیابەرنامەکاندۆکیۆمێنتاری
راستەوخۆ
Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزی•مەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

Rudaw

ئەپلیکەیشنی رووداو دابەزێنە

App StoreGoogle Play
نهێنیپارێزیمەرج و بەندەکان

© 2026 هەموو مافەکان پارێزراون.

هەڤپەیڤین

حەیدەر عەبوودی بۆ رووداو: هیچ کەس ناتوانێت پشکی بودجەی 2027ـی هەرێمی کوردستان ببڕێت

شکۆ عومەر

شکۆ عومەر

27-11-2026
گوێبگرە
0:00
0:00
قەبارەی دەق
شکۆ عومەر
شکۆ عومەر27-11-2026

بابەتی پەیوەندیدار

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت
هەڤپەیڤین26-11-2026

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن
هەڤپەیڤین26-11-2026

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین
هەڤپەیڤین25-11-2026

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین

رووداو دیجیتاڵ


گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، چاوەڕێدەکەن رۆژی 1ـی کانوونی یەکەم سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بچنە بەغدا بۆ بەشداریکردن لە دەستپێشخەریی دیالۆگی نیشتمانی. ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ لایەنێکیش دەسەڵاتی راگرتنی پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی 2027ـدا نییە.


حەیدەر عەبوودی، رۆژی هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، لە وەڵامی پرسیارەکانی شکۆ عومەر، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدادا، تیشکی خستە سەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، پرسی بەقاچاخبردنی نەوت و بودجەی ساڵی 2027 و جەختیکردەوە کە هیچ ئاماژەیەک بۆ بوونی قەیران لەنێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا نییە.


بە گوتەی حەیدەر عەبوودی، "پەیوەندیی نێوان هەردوولا دەستوورییە کە لە ساڵی 2005ـەوە بەگوێرەی دەستوور و یاسایەکی ئاشکرا و روون دیاریکراوە و ئەرک، شایستە و دەسەڵاتی تایبەتمەند و تەواوکاری لەنێوان بەغدا، پارێزگاکان و هەرێمی کوردستاندا لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا هەیە."


سەردانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان


لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی دەستپێشخەریی دیالۆگی نیشتمانی، حەیدەر عەبوودی گوتی: "ئەوەی لەم دواییەدا دەرکەوت و سەلمێندرا، بەقاچاخبردنی نەوت بوو لە هەندێک ناوچەی باکووری عێراقدا کە زیان بە سامانی سەروەریی دەوڵەت دەگەیێنێت. چاوەڕێی 1ـی کانوونی یەکەم دەکەین سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بێنە بەغدا بۆئەوەی بەشداربن لە دەستپێشخەریی دیالۆگی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند."


حەیدەر عەبوودی راشیگەیاند: "سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەشێکی سەرەکی و دیاریکراو دەبێت لەو دیالۆگەدا، چونکە پاراستنی سامانی گەلی عێراق بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی، وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە دەبێت سەروەری بۆ یاسا بێت."


گوتیشی: "پێویستمان بەو دیالۆگە و بەم لێکتێگەیشتنەیە تاوەکو رەشنووسی یاسای بودجە تێپەڕێت و کۆتایی بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت بهێنرێت، لەپێناو ئەوەی گەل لە کوردستان و سەرجەم گەلی عێراق سوود لەم سامانە نیشتمانییە ببینن."


داخستنی 23 دەروازەی نافەرمی


حەیدەر عەبوودی راگەیاند: "بڕیارەکان پشتیان بە دادگەی باڵای فیدراڵ بەستووە کە جێگەی پابەندبوونە بۆ هەموو لایەک، تەنانەت دەستووری عێراق دەڵێت: ئەگەر ناکۆکییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەبێت، پەنا بۆ دادگەی فیدراڵ دەبرێت بۆ شرۆڤەی دەقە دەستوورییەکان و دیاریکردنی دەسەڵاتەکان، هەر ئەوەش بوو کە روویدا."


گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "بەدواداچوونی حکومەت بۆ بەقاچاخبەرانی نەوت و رێگریکردن لە بەفیڕۆدانی سامان، پێشنۆرەیی کارەکانە و بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە."


سەبارەت بە رێکارە کردارییەکانی حکومەتی عێراق بۆ راگرتنی قاچاخچێتیی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، عەبوودی ئاشکرایکرد: "پلانێکی رێکاریی بەهێز دەستیپێکردووە بۆ راگرتن و داخستنی ئەو دەروازانە لە هەرێمی کوردستاندا کە نزیکەی 23 دەروازەی نافەرمین، لەگەڵ چارەسەرکردنی هەر دۆخێکی کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک کە لە ئەدا و ئەرکی وەزیفی و یاساییدا هەبێت."


ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆکوەزیران لەسەر بنەمای راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چەند بڕیارێکی ئەمنی و کارگێڕی دەرکردووە و هەندێک لە راسپاردەکانیش رەوانەی دەستەی دەستپاکی کراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەبارەیانەوە.


پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا


لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا لەبارەی ئەگەری بڕینی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا، حەیدەر عەبوودی گوتی: "هیچ لایەنێک دەسەڵاتی ئەوەی نییە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا رابگرێت، چونکە ئەم پشکە درێژکراوەی سامانی گەلی عێراقە لە نەوت و گازدا کە لە دەستووردا هاتووە موڵکی هەموو گەلی عێراقە."


بە گوتەی حەیدەر عەبوودی، حکومەتی عێراق ئاستی راشکاویی جیاوازە لە حکومەتەکانی پێشوو بەوەی لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگدا دەستی بۆ چەند دۆسیەیەکی هەستیار بردووە کە بێمەترسی نین، وەک بەقاچاخبردنی نەوت، بنبڕکردنی گەندەڵی و کردنەوەی زۆرێک لەو دۆسیانەی داخرابوون؛ گوتیشی: "بە گشتی هەموو ئەوانەی لە دۆسیەکانی بەفیڕۆدانی سامانی عێراق، دزینی پارەی گەلی عێراق و دەستبردن بۆ ماڵی گشتییەوە گلاون، حکومەتی عێراق لە بۆسەدایە بۆیان."


دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق:


رووداو: ئایا لە ئێستادا هیچ قەیرانێک لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا هەیە؟ دوایین پێشهاتەکان سەبارەت بە دەستپێشخەریی دیالۆگی نیشتمانی و سەردانی سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا گەیشتوونەتە کوێ؟


عەبوودی: ئاماژەیەک نییە بۆ قەیران لە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستاندا؛ پەیوەندیی نێوانیان پەیوەندییەکی دەستوورییە کە لە ساڵی 2005ـەوە بەگوێرەی دەستوور و یاسایەکی ئاشکرا و روون دیاریکراوە، ئەرک و شایستە و دەسەڵاتی تایبەتمەندی و تەواوکاری هەیە لەنێوان بەغدا، پارێزگاکان و هەرێمی کوردستاندا لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا. ئەوەی لەم دواییەدا دەرکەوت و سەلمێنرا بەقاچاخبردنی نەوت بوو لە هەندێک ناوچەی باکووری دەوڵەتی عێراقدا؛ ئەم بەقاچاخبردنە زیان بە سامانی سەروەریی دەوڵەت دەگەیێنێت. چاوەڕێی 1ـی کانوونی یەکەم دەکەین سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان بێنە بەغدا بۆئەوەی بەشداربن لە دەستپێشخەریی دیالۆگی نیشتمانی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاند؛ سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بەشێکی سەرەکی و دیاریکراو دەبێت لەو دیالۆگەدا کە پاراستنی سامانی گەلی عێراق بەرپرسیارێتییەکە لەسەر شانی وەک ئەوەی لە دەستووری عێراقدا هاتووە کە دەبێت سەروەری بۆ یاسا بێت. پێویستمان بەو دیالۆگە و بەم لێکتێگەیشتنەیە تاوەکو رەشنووسی یاسای بودجە تێپەڕێت و کۆتایی بە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوت بهێنرێت، لەپێناو ئەوەی گەل لە کوردستان و سەرجەم گەلانی عێراق سوود لەم سامانە نیشتمانییە ببینن.


رووداو: ئەو بڕیارانەی دەرچوون پشتیان بە چ بنەمایەکی یاسایی بەستووە؟


عەبوودی: یەکەم ئەو بڕیارانەی دەرچوون، پشتی بە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵ بەستووە کە جێگەی پابەندبوونە بۆ هەموو لایەک، تەنانەت دەستووری عێراق دەڵێت: ئەگەر ناکۆکییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵدا هەبێت، پەنا بۆ دادگەی فیدراڵ دەبرێت بۆ شرۆڤەی دەقە دەستوورییەکان و دیاریکردنی دەسەڵاتەکان و ئەوە بوو کە روویدا. ئەگەر هاوئاهەنگی مەبەست لێی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی گەلی عێراق بێت و پاراستنی سامانەکەی بێت، ئەمە هەیە؛ بڕواناکەم ناکۆکی هەبێت لەسەر ئەوەی کاتێک حکومەت بەدوای بەقاچاخبەرانی نەوتەوە دەبێت و رێگری لە بەفیڕۆدانی سامان دەکات، ئەمە پێشنۆرە و بەرپرسیارێتیی نیشتمانییە.


رووداو: حکومەتی عێراق چ رێکارێکی کرداریی گرتووەتەبەر بۆ راگرتنی قاچاخچێتیی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا؟


عەبوودی: پلانێکی رێکاریی بەهێز دەستیپێکردووە بۆ راگرتن و داخستنی ئەو دەروازانە لە هەرێمی کوردستاندا کە نزیکەی 23 دەروازەی نافەرمین و چارەسەرکردنی هەر دۆخێکی کەمتەرخەمی و پاشەکشەیەک کە هەبێت لە ئەدا و ئەرکی وەزیفی و یاساییدا کە رێگری لەو بەهەدەردانە دەگرێت. سەرۆکوەزیران لەسەر بنەمای راسپاردەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد کە بڕیاری ئەمنی و کارگێڕی بوون، هەروەها هەندێک لەو راسپاردانە رەوانەی دەستەی دەستپاکی کران بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان لەبارەیانەوە.


رووداو: ئایا هیچ مەترسییەک هەیە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا ببڕدرێت؟


عەبوودی: هیچ لایەنێک دەسەڵاتی ئەوەی نییە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2027ـدا رابگرێت، چونکە ئەم پشکە درێژکراوەی سامانی گەلی عێراقە لە نەوت و گازدا کە لە دەستووردا هاتووە کە موڵکی هەموو گەلی عێراقە. بەڵێ، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق پێدەچێت ئاستی راشکاویی جیاوازبێت لە حکومەتەکانی پێشوو بەوەی کە دەستی بردووە بۆ چەند دۆسیەیەک کە بێمەترسی نین، ئەویش دۆسیەکانی بەقاچاخبردنی نەوت و بنبڕکردنی گەندەڵی، هەروەها کردنەوەی زۆر لەو دۆسیانەی کە داخراوبوون، لە ماوەی کەمدا کە شەش مانگی تێپەڕنەکردووە؛ لێرەدا ئاماژەی نوێ و جیاواز هەیە کە تیشکێکی ئاشکراکەری خستە سەر ئەم جومگانە. بە گشتی هەموو ئەوەی پەیوەندیدارە بە بەفیڕۆدانی سامانی عێراق، دزینی پارەی گەلی عێراق و دەستبردن بۆ ماڵی گشتی، ئەوانەی کە لەم دۆسیانەوە گلاون حکومەتی عێراق لە بۆسەدایە بۆیان.


داڕشتنەوە:

گەشاو خالید


بابەتی پەیوەندیدار

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت
هەڤپەیڤین26-11-2026

حاکم رزگار: نەدەبوو دادگەی فیدراڵ بەو پەلەییە بڕیاردەربکات و کاری ئەویش نەبوو داواکەی سەرۆکوەزیران ببینێت

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن
هەڤپەیڤین26-11-2026

زەهرا کازم سەدر: کێشەکانی بەغدا و هەولێر بە سازش و گفتوگۆ چارەسەردەکرێن

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین
هەڤپەیڤین25-11-2026

شارەزایەکی دەستووری: بەشێکی بڕیارەکانی بەغدا دژی هەرێمی کوردستان نادەستوورین

پێشنیازەکان

ئەمەنەش ببینە