رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، بە فەرمانی سەرۆکوەزیران کۆتایی بە گەندەڵی دەهێنن و بە پێوەرەکاندا دەچنەوە؛ جەختیشدەکاتەوە کە دەرگایان بە رووی کۆمپانیا گەورەکانی وەک شێڤرۆن و ئێکسۆن مۆبیلدا کراوەیە و وەک یەک مامەڵە لەگەڵ بیرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، بەسرە و هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراقدا دەکەن.
ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، باسم عەبادی، وەزیری نەوتی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا، لەبارەی پلانی وەزارەتەکەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا قسەیکرد و گوتی: "بە فەرمانی سەرۆکوەزیران کۆتایی بە گەندەڵی دەهێنین. گەندەڵی دوو جۆرە؛ جۆرێکی دزی و قاچاخچێتییە، بەشێکی دیکەی گرێبەستەکانە."
باسم عەبادی ئاماژەی بەوەشکرد کە پێداچوونەوە بە پێوەر و کارەکانی وەزارەتەکەیدا دەکەن و گوتی: "لێرەین بۆئەوەی بە پێوەرەکاندا بچینەوە و دەبێت کەسی شیاو لە شوێنی شیاودا بێت. جارێکی دیکە سوێنددەخۆینەوە، ئەمە ئەمانەتە و دەبێت بیپارێزین."
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گرێبەستە نوێیەکانی عێراقیش، وەزیری نەوتی عێراق روونیکردەوە: "ئێمە بە ژمارە قسەدەکەین نەک بە داڕشتن؛ ئەمڕۆ سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنین و گفتوگۆمان لەگەڵ ئۆپێکدا هەیە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان، هەروەها زیاتر لە پێنج گرێبەستی تازەمان دەبێت."
نوێدەکرێتەوە..



