رووداو دیجیتاڵ
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێ، لە 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا دەست بەسەر 1.2 ملیۆن لیتر لە بەرهەمە نەوتییەکاندا گیراوە کە هەوڵ دراوە بەقاچاخ ببردرێ و 138 تەنکەریش کە بۆ ئەو مەبەستە ئامادەکرابوون، دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە 10 مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا پێنج هەزار و 398 ئۆپەراسیۆنمان لە 10 پارێزگا ئەنجامداوە و توانیومانە دەستبگرین بەسەر یەک ملیۆن و 200 هەزار لیتر بەرهەمی نەوتی کە هەوڵ دراوە بەقاچاخ ببردرێ، کە لە نەوتی ماڵان، بەنزینی فڕۆکە، نەوتی خاو و گازی شل پێکهاتبوو".
ئەرشەد حاکم رایگەیاند، هەر لەو ماوەیەدا دەستیان گرتووە بەسەر 138 تەنکەر و کۆگەی نەوت؛ ئاماژەی بەوەشکرد، دیارترین ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجامیانداون دەستگرتن بووە بەسەر چوار شوێنی تایبەت بە شاردنەوە و بەقاچاخبردنی نەوتی خاو لە بەسرە، زیقار و هەروەها سێ شوێن لە بەسرە کە بۆریی نەوتیان تێدا کون کراوە.
لە سەرەتای تشرینی دووەمەوە، حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ رێگری لە بەقاچاخبردنی نەوت چڕ کردووەتەوە، بەتایبەت دوای دەرکەوتنى سەرەداوى بەقاچاخبردنەکە لە ناحیەی جورف سەخر لە بابل.
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، تۆڕێکی بەقاچاخبردنی نەوتی خاویان لە پارێزگای موسەننا دەستگیرکردووە کە مانگانە 50 ملیۆن دیناری لەو رێگەیەوە دەستکەوتووە.




