رووداو دیجیتاڵ
لە چیرۆکی گلگامێشەوە تاوەکو چارەسەری پێوەدانی مار، کتێبخانەیەک کە 200 تاتەی قوڕین لەخۆدەگرێت، لەنێو باڵەخانەیەکی نزیکەی 3,800 ساڵەدا لە شاری شوێنەواریی گرسووی سۆمەری لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق دۆزرایەوە.
سێباستیان رەی، بەڕێوەبەری تیمی هەڵکۆڵینی شوێنەواریی گرسوو لەبارەی گرنگیی دۆزینەوەکەوە گوتی: "ئەمە زۆر ناوازەیە، نەک تەنیا بۆ شوێنەواری گرسوو، بەڵکو بۆ تەواوی دیمەن و نەخشەی شوێنەواریی باشووری عێراق. بە راستی ئەمە دۆزینەوەیەکە کە لە هەر نەوەیەکدا تەنیا یەک جار روودەدات."
شاری گرسوو کە بە ئێستا تێلۆ دەناسرێت، یەکێک لە گرنگترین شارەکانی سۆمەری بوو.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو باڵەخانەیەی وەک خانووی قەشەکان ناونرابوو، بۆ فێرگەی ئایینی، تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان و پزیشکی بەکارهێنرابوو.
بەڕێوەبەری تیمی هەڵکۆڵینی شوێنەواریی گرسوو گوتیشی: "ئەوەی گرنگە و ئەم شوێنە بۆ ئێمەی شوێنەوارناسان بەتایبەتی سەرنجڕاکێش و بەرچاو دەکات ئەوەیە کە وەک کەپسوولێکی کات وایە؛ واتە کاتێک دوایین دانیشتووانی گرسوو، کە قەشەکان بوون، ئەم باڵەخانەیەیان جێهێشت، هەموو شتێک و کەلوپەلەکانیان لەدوای خۆیان جێهێشت."
تیمەکە یەکەمجار چەند ساڵێک پێش ئێستا ئەم شوێنەوارە کۆنەیان لە باشووری ناوچەی پەرستگا دێرینەکەی شارەکە دۆزییەوە؛ دوای چوار ساڵ لە هەڵکۆڵین، دیوارە خشتە قوڕینەکانی باڵەخانەکە هێشتا بە بەرزیی نزیکەی 2.5 مەتر بەپێوە ماونەتەوە.
عامر عەبدولڕەزاق، راوێژکاری گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق رایگەیاند، ئەو باڵەخانەیەی کە بە "خانووی قەشەکان" ناونراوە، بۆ فێرگە و فێرکردنی ئایینی، تۆمارکردنی بەڵگەنامەکان و پزیشکی بەکارهێنرابوو.
سەجاد فەوزی، هەڵکۆڵەری شوێنەوار، باسی بایەخی دۆزینەوەکەی کرد و گوتی: "گرنگیی راستەقینەی خانووە بابلییەکە لەم وەرزەی هەڵکۆڵیندا لە نووسینە بزمارییەکان و تاتە قوڕینەکاندایە کە لە ناویدا دۆزراونەتەوە. ئەم تاتە قوڕینانە چەندین بوار لەخۆدەگرن، لە نێویاندا پزیشکی، کاروباری رووحانی، کارگێڕی، تەلارسازی و نووسین."
شاری گرسوو یەکێک بوو لە شارە گەورە و گرنگەکانی سۆمەریی کۆن و زێدی چەندین فەرمانڕەوا بووە، لەنێویاندا گودیا.
دەستەی گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری عێراق و مۆزەخانەی بەریتانی پێکەوە کار دەکەن بۆ هەڵکۆڵین و پاراستنی ئەم پێگە شوێنەوارییە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و کەلەپوور لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 6,500 ناوچە و جێی شوێنەواریی تۆمار کردووە. بەگوێرەی گەشتیاریی عێراقیش 150 شوێنی شوێنەواری لە عێراق تۆمار کراون.


