رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە رۆژی سێشەممە 1-12-2026 هەولێر و بەغدا بە ئامادەبوونی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق گفتوگۆ بکەن لەسەر کێشەکانیان، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەڵێ:" شاندی کوردستان بە یەک پاکێج و یەک ئامانج بەشداری دەکەن .''
د.شاخەوان عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رۆژی یەکشەممە 29-11-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند:'' لە ئاستی هەرێمی کوردستان هەردوو حیزب بەشداری دەکەن، ئەوەی لەلای ئێمە گرنگە، کورد بە یەک پاکێج دێنە بەغدا و یەک ئامانجیان هەیە، ئەویش پاراستنی مافی دەستووری هەرێمی کوردستانە .''
عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سێشەممەی رابردوو 24-11-2026 کۆمەڵێک بڕیاری بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەرکرد، بەغدا و هەولێر روانینیان بۆ ئەو بڕیارانە جیاوازە، بەغدا بە ''هەوڵی عێراقێکی نوێ'' ناوی دێنێت و هەرێمی کوردستانیش بە ''پێشێلکردنی دەستوور'' ناویان دەبات، بۆ ئەوەی چارەسەرێکی ئەو دۆخە بکرێ، فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری رۆژی چوارشەممە 25-11-2026 دەستپێشخەرییەکی راگەیاند بۆ چارەسەر کە کۆبوونەوەیەکی فراوانە لەنێوان هەولێر و بەغدا .
د.شاخەوان عەبدوڵڵا دەڵێت:" دەرفەتی هاوئاهەنگی و هاوکاری لە هەموو پرسەکان هەیە لەگەڵ بەغدا، تەنیا ئەوە نەبێ بڕیارێک نادەستووری بێ، هەرێمی کوردستان رەتی دەکاتەوە .''
بەغدا و هەولێر لەماوەی هەفتەی رابردوو کێشەکانیان زیاتر بوون، حکومەتی عێراق دەڵێ:" رێگە لە قاچاخچییەتی دەگرین لە دەروازە سنوورییەکان''، بڕیاری داخستنی ئەو دەروازانەش داوە کە خۆی دانی پێدانانێ، ئامانجییەتی سوپای عێراق بچێتە سەر سنوور و سنوورەکان بپارێزێت نەک پاسەوانی سنوور .
رووداو پرسیاری لە شاخەوان عەبدوڵڵا کرد، لە دەستووردا پێشمەرگە وەکو هێزێکی دەستووری وەکو پاسەوانی سنوور ناوی هاتووە، بۆچی ئەو شوێنانەی بەغدا پێی وایە قاچاخچێتی تێدا دەکرێ بە پێشمەرگە نەسپێردرا، ئامانجەکە ئەوە بدرێتە سوپای عێراق ؟
شاخەوان عەبدوڵلا دەڵێت:" نیەتی حکومەتی عێراق لێرە دەردەکەوێ، ئەگەر حکومەتی عێراق مەبەستییەتی دەروازەکان رێکبخاتەوە و کۆنتڕۆڵی بکات، فەرماندەیی ناوچەی یەکی پاسەوانی سنوور هەیە ، ئەو فەرماندەییە لەو ناوچانە بڵاوکرانەوە کە لەدوای پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا لە سنوورەکان پێیان سپێردرا، ئەگەر ئەو فەرماندەییە توانایان نییە، دەکرێ پشتیوانی بکرێن، سەر بە وەزارەتی ناوخۆن، ئەگەر کارمەندیان کەمە، با زیاد بکرێن، بۆیە ئەگەر نیەتەکە ئەوەیە سنوور کۆنتڕۆڵ بکرێ، رێکاری دیکە هەیە، بەڵام تۆ بێی هەمەر و سوپا بەنێو شارەکاندا بنێری بۆ سەر سنوور، ئەوە پێچەوانەی دەستوورە .''
چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەیە، بەغدا و هەولێر چەندین ساڵە کێشەکانیان چارەسەر نەکردوون، شەقامی کوردستان و عێراق چاوەڕوانی ئەوەن هەردوو حکومەت بتوانن کۆمەڵێک کێشە چارەسەر بکەن و بڕیاری باش لەبەرژەوەندی خەڵک بدەن .
شاخەوان عەبدوڵڵا لەوبارەوە دەڵێت:" تێکچوونی دۆخی عێراق لەبەرژەوەندی کەس نییە، ئەگەر نیەتەکان پاک و راست بن، ئەو بابەتانەی هەن دەتوانرێ بە ئاسانی چارەسەر بکرێن، دەستپێشخەرییەکە فایەق زێدان سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری کردوویەتی، دەتوانێ رۆڵێکی دیار بگێڕێت، راڤەی دەقە دەستوورییەکان بەشێوەیەک بێ چارەسەری کێشەکان بکات .''
پارتی و یەکێتی رۆژی شەممە 28-11-2026 لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەوە، بەپێی راگەیێنراوی هاوبەشیان :" بەیەک هەڵوێست'' بەشداری کۆبوونەوەکەی رۆژی 1-12-2026 دەکەن، بە هاوبەشی بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانیش دەکەن .
حکومەتی عێراقیش، هەم لەرێگەی سەرۆکوەزیران، هەم گوتەبێژەکەی سووربوونی لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی هەفتەی رابردوو دووپات کردووەتەوە.



