رووداو دیجیتاڵ
لیژنەکانی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێران لە تاران کۆبوونەوە و جەختیان لە هاوئاهەنگی لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە کردەوە و رایانگەیاند، نابێت خاک و ئاسمانی هەردوو وڵات ببنە سەرچاوەی هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق کە ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026 بڵاوکرایەوە، لیژنەکانی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی عێراق و ئێران بە ئامادەبوونی شاندی هەردوو وڵات لە شاری تاران کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قاسم عەبوودی سەرۆکایەتیی شاندی باڵای ئەمنیی عێراقی کردووە، تێیدا جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەش و دۆسیەی کۆنترۆڵکردن و پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کراوە.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوو شاند "بەردەوامیی هاوکاری و هاوئاهەنگییان لە بوارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ئاڵوگۆڕی زانیارییە ئەمنییەکان، بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان، تاوانی رێکخراو و قاچاخچێتییان باس کردووە".
تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە رێکخستنی کاری دەروازە سنوورییەکان، ئاسانکاری بۆ جووڵەی بازرگانی و گەشتیاران و بەهێزکردنی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان عێراق و ئێران.
لە راگەیێندراوەکەدا جەخت لە بەردەوامیی گفتوگۆ و کاری لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە کە پێویستە هاوئاهەنگی لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکەوە هەبێت و رێگە نەدرێ خاک و ئاسمانی عێراق و ئێران ببنە پێگە و سەرچاوە بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ.



