رووداو دیجیتاڵ
شەقامەکانی بەغدا لە رۆژانی جەژن کراونەتە سەربڕخانە و ئەو هاووڵاتییە موسڵمانانەی قوربانی دەکەن، بەشێکیان لەسەر شەقامەکان ئاژەڵەکانیان سەردەبڕن، ئەوە لە کاتێکدا تائێستا 6 کەس بەهۆی تای خوێنبەربوون لە عێراق گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لەسەر مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون، بەڵام لەگەڵ هاتنی جەژنی قوربان ئەم دیاردە لە بەغدا دووبارە دەبێتەوە.
مەڕوان حوسێن، لە بەغدا قەسابی دەکات، سەرەڕای هۆشدارییە تەندروستییەکان، ئەو بڕوای بە (تای خوێنبەربوون) نییە و بە رووداوی گوت: "من قەسابم و سەربڕین بۆ خەڵک دەکەم. زیاتر لە 10 ساڵە کڕیاری خۆم هەیە. کەس پێی نەگوتووم گۆشتەکەت خراپە، یان تای خوێنبەربوونی هەیە، ئەم قسانە درۆن."
ئەم ساڵ لە عێراق 48 کەس تووشی (تای خوێنبەربوون) بوونە
شەقامی موتەبەنی لە بەغدا، لە کەناری شەقامەکاندا چەندین قەساب و پاشماوەی بەرچاو کەوت و گوتی: "بۆنێکی هێندە ناخۆش بڵاوبووەتەوە، مرۆڤ ناتوانێت چەند خولەکێک لەو شوێنە بمێنێتەوە."
باوکی کەڕار، جامباز و قەسابیشە، دڵنیایی دەدات کە سەربڕینەکانیان لە سەربڕخانەیە، بەڵام دەڵێ: "رۆژانی جەژن خەڵک دێنە سەر شەقام، هەرکەسە و 10 بۆ 15 مەڕ دێنێت، سبەی و دوو سبەی کەسی لێ نامێنێت و شەقامەکە چۆڵ دەبێت."
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار، 48 تووشبوون و شەش گیانلەدەستدان بە تای خوێنبەربوون لە وەزارەتی تەندوستیی عێراق تۆمارکراون، زۆرینەیان لە پارێزگای زیقاڕ بووە.