رووداو دیجیتاڵ
لە نوێترین هەوڵی ساختەکاریی ئەلیکترۆنیدا، ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین کراونەتە ئامانج و لە رێگەی تەلەفۆنەوە هەوڵی دزینی پارەی نێو هەژمارە بانکییەکانیان دراوە، کە بەشدارن لە پڕۆژەی "هەژماری من". پسپۆڕان و بانکەکان هۆشداری دەدەن و رێنوێنیی هاوبەشەکانیان دەکەن بۆ پاراستنی زانیارییەکانیان.
چیرۆکەکە کاتێک دەستیپێکرد کە ژمارەیەک مامۆستای زانکۆی سەلاحەدین پەیوەندیی گوماناویان لە رێگەی واتسئاپەوە پێگەیشت. کەسانی پەیوەندیکەر، کە خۆیان وەک کارمەندی "بانکی فیدراڵیی عێراق" یان "بانکی ناوەندی" دەناساند، بە زمانی عەرەبی قسەیان دەکرد و زانیاریی زۆر وردیان لەسەر مامۆستاکان هەبوو، وەک ناوی چواری و شوێنی کارکردنیان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا پەیوەندی بە 12 مامۆستاوە کراوە و بە بیانووی ئەوەی پێویستە هەژمارەکانیان نوێ بکەنەوە، داوای زانیاریی هەستیاری وەک ژمارەی کارت و کۆدی نهێنییان لێکراوە. یەکێک لە مامۆستاکان دوای ناردنی زانیارییەکان، پارەی نێو هەژمارەکەی بە تەواوی دزراوە.
د. حەلاو حوسێن، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی سەڵاحەدین، یەکێکە لەو مامۆستایانەی پەیوەندیی پێوەکراوە، دەڵێت: "ئەو کەسەی پەیوەندی پێوەکردم، ناوی چواری منی گوت و پێیگوتم لە زانکۆی سەڵاحەدین مامۆستام و پێویستە هەژمارەکەم نوێ بکەمەوە. کاتێک داوای ژمارەی کارتەکەی کرد، هاوژینەکەم ئاگاداری کردمەوە و منیش لێم پرسی بۆچی پێویستە؟ ئەویش شڵەژا و گوتی 'تەواو، کێشە نییە، سەردانی بانک بکە'. ئەوە گومانی لا دروست کردم، چونکە مووچەکەم لەسەر ئارتی بانکە، نەک بانکی جیهان".
د. خانزاد سەباح، مامۆستایەکی دیکەی زانکۆکە، ئەزموونێکی هاوشێوەی هەیە، بە رووداوی گوت: "کەسێک بە ناوی بانکی ناوەندییەوە و بە زمانی عەرەبی پەیوەندی پێوەکردم. زانیاریی وردی لەسەر دوایین مووچە و بڕی پارەی ماوەی نێو هەژمارەکەم هەبوو. داوای وێنەی کارتەکەی کرد بۆ ئەوەی 'بۆم چاک بکات'. منیش راستەوخۆ پەیوەندیم بە بانکی جیهانەوە کرد و ئەوان دڵنیایان کردمەوە کە ئەمە فێڵە".
ئیلیان سەڵاحەدین، لێپرسراوی بەشی بازرگانی لە ئارتی بانک، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی رووداو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە ئەم باندە ساختەکارییانە لە هەموو جیهان هەن و گوتی: "مانگی رابردوو باندێکی 9 کەسی لەسەر هەمان بابەت دەستگیرکران. زۆر رێگە هەیە بۆ دەستکەوتنی زانیاری، بۆ نموونە لە کاتی قەرەباڵخیی سەر ئامێرەکانی ATM، یان ئەگەر کارتەکەت لە شوێنێکی سەلامەت نەبێت. بۆیە ئێمە هەمیشە جەخت دەکەینەوە کە بانک هەرگیز داوای زانیاریی هەستیار لە مووچەخۆران ناکات".
بانک و "هەژماری من" هۆشداری دەدەن
تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" و بانکە بەشداربووەکان، وەک ئارتی بانک و بانکی جیهان، هۆشداری دەدەنە هاوبەشەکانیان. بۆتان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی پاراستنی زانیاری لە بانکی جیهان، دەڵێت: "بانکی ناوەندیی عێراق هەرگیز پەیوەندیی راستەوخۆ بە هاووڵاتییانەوە ناکات، بەڵکو پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی بانکەکانە. هەر کەسێک بەو ناوەوە پەیوەندی کرد، ساختەیە".
ئیلیان سەڵاحەدین، ئامۆژگاریی هاوبەشانی کرد کە ئەگەر هەستیان بە مەترسی کرد، دەستبەجێ لە رێگەی ئەپلیکەیشنی بانکەوە کارتەکانیان رابگرن. هەروەها ئاشکرای کرد کە لە مانگی 7ـەوە، ماستەرکارت رێکارەکان بۆ پاراستنی کڕینەکان تووندتر دەکاتەوە و سیستمی OTP بۆ هەموو کڕینێک کارا دەکات.
بانکەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، بەهیچ شێوەیەک داوای زانیاریی وەک وشەی نهێنی (Password)، ژمارەی نهێنیی کارت (PIN)، کۆدی دڵنیایی (OTP) کە بە نامە بۆت دێت، یان وێنەی کارتەکان ناکەن.
چۆن زانیارییەکان دەدزرێن؟
هەمزە دزەیی، شارەزای دارایی و بانک، روونیکردەوە، کە چۆن ئەم فێڵانە دەکرێن و گوتی: "هەموو کارتێک دوو بەشی گرنگی هەیە: 16 ژمارەکەی پێشەوە و 3 ژمارەکەی پشتەوە کە پێیدەگوترێت CCV. ئەم سێ ژمارەیە وەک وشەی نهێنی وایە و هەرکەس دەستی بکەوێت، دەتوانێت هەموو پارەی نێو هەژمارەکە بۆ کڕینی ئۆنلاین بەکاربهێنێت".
چۆن خۆت دەپارێزیت؟
1. هاوبەشکردنی زانیاری قەدەخەیە: هەرگیز وێنەی کارتەکەت یان هیچ زانیارییەکی هەستیار بۆ کەس مەنێرە، تەنانەت ئەگەر خۆی وەک کارمەندی بانکیش ناساند.
2. کۆدی OTP: ئەم کۆدە کە بە نامە بۆت دێت، کلیلی کۆتایی مامەڵەکانە. هەرگیز بە کەسی مەدە. زۆربەی بانکەکان ئەم خزمەتگوزارییەیان هەیە و ئاستی پاراستن زۆر بەرز دەکاتەوە.
3. لە کارخستنی خێرای کارت: ئەگەر هەستت کرد زانیارییەکانت کەوتوونەتە دەست کەسی دیکە، دەستبەجێ لە رێگەی ئەپلیکەیشنی بانکەکەتەوە کارتەکەت رابگرە (Block) و سەردانی بانک بکە بۆ گۆڕینی و دروستکردنی کارتێكی نوێ.
4. وریابە لە شوێنی گشتی: لە کاتی بەکارهێنانی ئامێری ATM، ئاگاداری دەوروبەرت بە و رێگە مەدە کەس سەیری ژمارە نهێنییەکانت بکات.
ئاراس سەڵاح، سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من"، بە رووداوی گوت: "پەیامی ئێمە روونە، هەر کەسێک لە رێگەی تەلەفۆن یان نامەوە داوای زانیاریی لێکردیت، هاوبەشی پێ مەکە. بانک داوای سەردانکردنت دەکات، نەک ناردنی زانیاری".
لەگەڵ فراوانبوونی پڕۆژەی "هەژماری من" و بەدیجیتاڵبوونی مووچەی زیاتر لە 800 هەزار مووچەخۆر، پێویستیی هۆشیاریی دارایی و خۆپاراستن لە فێڵە ئەلیکترۆنییەکان زیاتر دەبێت.
.jpeg&w=3840&q=75)

