رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان کێشە بۆ کارەبای 24 کاژێری دروستبووە، بەشێکی موەلیدەکان لە سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی راپەڕین ئامادەنین کار بکەن و داواکارییان هەیە و دەڵێن، دەبێت حکومەت لە کاتی نەبوونی کارەبا و کاتی چاککردنەوەی ئاگاداریان بکاتەوە.
لە سەرەتای ئەم مانگەوە کێشە بۆ کارەبای 24 کاژێری لە هەرێمی کوردستان دروستبووە. جگە لە هەولێر و دهۆک، لە زۆرینەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین موەلیدەکان کار ناکەن. سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی و قایمقامی هەڵەبجە دەڵێن: "هیچ ئاگادار نین کارەبا کەی دەبڕێت و کەی چاک دەبێت و هیچ خشتەیەکمان پێنەدراوە بۆ کارکردن".
چەند هاونیشتمانییەک لە سلێمانی، هەڵەبجە و قەڵادزێ بە رووداویان راگەیاند، وێڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو بەیانیی ئەمڕۆ زۆربەی کارەبایان نەبووە و موەلیدەکانیش کاریان نەکردووە.
فازڵ عومەر، قایمقامی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کارکردنی موەلیدەکان دەستیپێکردووەتەوە و هەموویان کار دەکەن، مەگەر خاوەن موەلیدەیەک کێشە لە موەلیدەکەی هەبێت".
بەڵام عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی دەڵێت: "شەوی رابردوو لە هەموو سلێمانی چوار بۆ پێنج موەلیدە کاریان کردووە لە گەڕەکەکان، ئێمە تاوەکو ئەمڕۆ نازانین بە چ خشتەیەک و شێوازێک کار بکەین".
عوسمان محەممەد گوتی: "مانگی ئادار 13 بۆ 17 هەزار دینارمان بۆ پارەی موەلیدە وەرگرتووە، تاوەکو ئەمڕۆ لایەنی پەیوەندیدار بە وردی بە ئێمەیان نەگوتووە چۆن ئەو کاژێرانەی لە مانگی سێ و چوار کارمان کردووە دیاریکراوە، بۆ ئەوەی بزانین ئایا پارەی خەڵکمان لاماوە یان نا".
موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی داواکارییان هەیە. عوسمان محەممەد گوتی: "دەبێت ئەو باج و رسوماتەی لەسەر موەلیدەکان هەیە لاببرێن، چونکە بەردەوام کارناکەین و باجەکەشمان هەر لەسەرە. هەروەها نرخی ئەمپێر دیاری بکەن، ئەگەر کاژێری موەلیدەی خەڵکمان لامابوو کار دەکەین و نەشمانبوو ئەوە دەبێت پێشەکی پارە وەربگرین".
هەرچەندە دوێنێ بەڕێوەبەری کارەبای سلێمانی بە رووداوی راگەیاندبوو، لە بەرنامەیاندا نییە، جارێکی دیکە کار بە موەلیدەکان بکەنەوە، بەڵام عوسمان محەممەد دەڵێت، بۆ کارپێکردنەوەی موەلیدەکان "بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەک بەڕێوەبچێت".
سمکۆ سالار، قایمقامی هەڵەبجە، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ناکرێ وەزارەتی کارەبا بەڕێوەبەرەکانی خۆیشی ئاگادار نەکاتەوە لە نەبوونی کارەبا و کاتی چارەسەربوونی کێشەکان، چونکە خاوەن موەلیدەش مافی هەیە بزانێ دەبێت چەند کاژێر کار بکات و کەی کارەبا چارەسەر دەبێت".
قایمقامی هەڵەبجە گوتی، لەبەر بەرژەوەندیی خەڵک و بە ناچاری خاوەن موەلیدەکانیان ئاگادار کردووەتەوە، ئەوەی کاری نەکردووە لە ئەمڕۆوە کار بکات. گوتیشی: "خاوەن موەلیدە مانگانە پارەی کرێی زەوی دەدەن، پارەی کارپێکەری موەلیدەکانیان دەدەن، خۆ دەبێ بزانن کەی کێشەی کارەبا هەیە و کەی چارەسەر دەکرێ، بەم بێ پلانی و بێسەروبەرییە نابێت و دەبێت حکومەت پلان بداتە خاوەن موەلیدەکان".
بەکر بایز، قایمقامی قەڵادزێ لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "موەلیدەکان کێشەیەکیان هەبوو، بەڵام کارکردن دەستپێدەکەنەوە؛ دەبێ رێککەوتنی حکومەت لەگەڵ موەلیدەکان هەبێت، لەم وەرزی گەرمایەدا کارەبا نەبێ خەڵک چی بکات؟".
بەگوێرەی دوایین ئاماری پڕۆژەی رووناکی، 85%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان کارەبای پڕۆژەکەیان پێگەیشتووە و کارەبایان بووەتە 24 کاژێری. ئەوانیش ئەو پڕۆژەیەیان پێ دەگات موەلیدەکانیان دەکوژێندرێنەوە.
لە هەولێر کارکردنی موەلیدەکان دەستپێکردووەتەوە، بەڵام ئەوانیش داواکارییان هەیە و تاوەکو ئەمڕۆش نرخی پارەی ئەمپێریان دیاری نەکردووە.
خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "خاوەن موەلیدەکان کێشەی زۆریان هەیە، کارپێکەری موەلیدەکان کاتێک کارەبا باشە، کەس پێویستی بە ئەوان نامێنێ و بێگومان ئەوان و خاوەن موەلیدەکانیش دەچن کارێکی دیکە دەکەن، لە پڕ پێویست بە موەلیدەکان دەبێتەوە و کاتیان دەوێ بۆ ئامادەبوونەوە بۆ کارکردن".
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای موەلیدە ئەهلییەکانی پارێزگای هەولێر گوتیشی: "دەبێ حکومەت خشتەیەک بداتە خاوەن موەلیدەکان کە رۆژانە چەند کاژێر کارەبا بدەن، ئێستا نازانین چەند کاژێر دەبێ کارەبا بدەین و کێشەی کارەباش ئێمە ئاگادار نین چی بەسەردێت".
لەبارەی نرخی ئەمپێرەوە خۆرانی گوتی: "رۆژی یەکشەممە نرخی ئەمپێر دیاری دەکەین".
لە دهۆکیش ناوبەناو کارەبای نیشتمانیی دەبڕدرێت. هەکار هرووری، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی سنوورەکە بە رووداوی گوت: "هەر کاتێک کارەبا نەبێت، بە بڕیاری قایمقام هەموو موەلیدەکان پابەندن بە پێکردنی موەلیدەکانیان".
بەگوێرەی پڕۆژەی رووناکی بۆ رووداو، سنووری ئیدارەی گەرمیان، قەزاکانی دەربەندیخان، سەیدسادق، پێنجوێن و بەشێکی قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی تاوەکو ئەمڕۆ کارەبایان نەکراوەتە 24 کاژێری؛ هەروەها سنووری قەزای شەقڵاوە وەک تاکە ناوچەی پارێزگای هەولێر.
ئەو ناوچانەی کارەبایان نەکراوەتە 24 کاژێر، موەلیدەیان ماوە و تاوەکو ئەمڕۆ لەگەڵ نەبوونی کارەبانی نیشتمانیدا کار دەکەن.
پڕۆژەی رووناکی مانگی 11ـی ساڵی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ تەواوی هەرێمی کوردستان کارەبایان بکرێتە 24 کاژێری.

.jpg&w=3840&q=75)

